دواین هەواڵ

کەڕامەت لە پێش نانە

‌ژێهات کاوە

18/08/2021

لە فڕۆکەخانەی سابیحا گۆکچەنی ئیستانبۆل دەگەڕامەوە بۆ شرناخ، لەوێ کاتێک تیکێتی فڕۆکەم وەرگرت ژمارەی گەیت(دەرگا) ی لەسەر نەبوو کە لەویا داخلی فڕۆکە دەبیت.منیش گەڕام پرسێ بکەم دواجار کەسێکم بینی ھەستی ئەوەم ھەبوو کە کورد بێت چوومە لای پێمگووت حاڵ و مەسەلەکە ئەویش دەرچوو کوردی زازای دێرسم بەڵام بەداخەوە ئەو دەمێکبوو لە دەرەوە دەژیا کوردیی نەدەزانی ناچار بە تورکی گفتووگۆمانکرد.   

لەو کاتەدا کەسکێ تریش ھەمان کێشەی ھەبوو ئەیش ھاتە لامان و دەرچوو ئەویشیان کوردی ھاتای.بەداخەوە ئەویش کوردیی نەدەزانی و لە ئەڵمانیا ھاتبوو. کوردە زازاکە بە ئەڵمانیی قسەی لەگەڵدا کرد و بەیەکەوە توانیمان کێشەی خۆمان و ئەویش چارەبکەین.

ئەوەی ھەستێکی ناخۆشی پێیدام ئەوەبوو نەمان توانی بە زمانی کوردی خۆمان لەگەڵ یەکتری بدوێین و بە ناچاری بە زمانی بیانی باسی ڕەوشی کوردستانمان دەکرد.ئینجا لەویا کەمێک وەستام و بیرمکردەوە مرۆڤ لەناو ئەم ھەموو قەربالخیە ئەگەر خاوەن زمان و خاکی خۆی نەبێت لەھەر کوێیەک بێت ھەر پەنابەرە و مشەختیە! سەیرکەن سێ کوردبووین نەمانتوانی بە کوردی قسە بکەین!

بە درێژایی  ڕێگاکە من بیرم لەوە دەکردەوە و ئەندێشەی ئەوەم دەکرد ئاخۆ چۆن دەبوو ئێمەش ھەر ھیچ نەبێت بە شێوە زارێکی زمانی خۆمان قسەمانکردبا ؟! بەڕاستی مرۆڤ تا وڵاتێکی بیانیدا نەژیێت نازانێتە قەدری زمان و کلتۆر و چەندە....مرۆڤ لەوانەیە فشەی بە ھەموو پیرۆزیەکی نەتەوەیی خۆی بھێت ئینجا لەبەر ھەر ھۆکار بێت، بەڵام تا لەگەڵ بیانیدا ژیان نەکەیت نازانیت کە حسابی تاکە قوندرەیەکت بۆ ناکەن! ئینجا ھەستێکت بۆ درۆست دەبێت لەوکاتدا ڕێک ئەڵێیت مردن خۆشترە لەم ژیانە!

ئەوەی لە وڵاتی بیانیدا فێردەبیت ئەوەیە کەڕامەت لە پێش نانە کە لە وڵاتی خۆتدا نان لەپێش کەڕامەتەوەیە! کێ دەزانێت لەوانەشە خەتای خۆمان نەبێت...

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP