من ناتوانم وەکو خەڵکی,بەشان و باڵتانا ھەڵبدەم و بەدرۆوە فرمێسکی تیمساحیتان بۆ ھەڵڕێژم, عادەتم وایە ھەرگیز دوای قەرەباڵغی ساختە ناکەوم و قسەی بێ مانا ناھۆنمەوە, ھیچ کات لۆمەی حکومەت و وەزارەتی ڕۆشنبیری ناکەم کە نایەن بەدەمتانەوەو فەرامۆشتان دەکات, ٸەگەر ڕاستیتان ٸەوێ ھیچ حکومەت و وەزارەتێك نیە لەدنیادا، ھونەرمەندو ڕۆشبیرو شانۆکار بژێنێت!!
پێویستە خۆتان ڕێڕەوی ژیانی ٸێستاو داھاتووتان بگۆڕن نەك حکومەت, خۆتان ٸایندەتان ڕەنگڕێژ بکەن نەك وەزارەتی ڕۆشنبیری, لەدڵەوە پێم خۆشە ھونەرمەندان و نوسەران و ڕۆشنبیرانی کوردیش, بەرھەمی ماندووبوون و شەونخونی خۆیان بچجننەوە ،پێم خۆشە ھیچ ڕۆژێك کڕووزانەوەو گریانیان نەبینم, پێم خۆشە ھونەرمەندان و ڕۆشنبیران و گۆرانیبێژانی کوردیش,وەك گۆرانیبێژان و ھونەرمەندان و نووسەرانی دنیا شاھانە بژین, پاسەوانی تایبەتیان ھەبێت, لەناو کۆشك وتەلاری ڕازاوەدا بژین و ھەر ساڵەی تڕۆمبێلێکی نایاب لێبخوڕن,
بەڵام کاتێك ٸەوە نابینین,کەواتە کێشەیەك ھەیە, پێویستە بەدوای گرفتەکەدا بگەڕێین و نەخۆشییەکە بدۆزنەوە!!
یانی چی 30 تا 40 ساڵە خەریکی ھونەریت کەچی ھێشتا گیرفانت خاڵییەو چاوت لەدەستی حیزب و حکومەتە تاکو ھاوکاریت بکا؟یانی چی تۆ 30 تا 40 ساڵە گۆرانیبێژ یان شانۆکاریت,کەچی ٸاتاجیت بۆ دوو دەرزی ڤۆڵتارین و دوو دەنک حەپی پاراسیتۆڵ, یانی چی لەدوای ٸەو ھەمووە ئیش و ماندووبوونە بێیتە سەر شاشەی تیڤیەکان و بڵێیت: توخوا فریام بکەون و یارمەتیم بدەن؟!
برای شانۆکار .. خوشکی ھونەرمەند
ئەگەر ھونەرەکەت, گۆرانییەکەت, شانۆگەرییەکەت, فیلم و دراماکەت, نەیکردیت بەخاوەنی پارەو بە جوانی نەژیایت,شەقێکی تێ ھەڵدە, بچۆ کرێکاری بکە،لەچێشتانەیەکدا قاپ بشۆرە,عەرەبانەیەك بکڕەو سەوزە بفرۆشە,لەلای فیتەرێك ببە بەشاگرد .
ئەو کۆمەڵگایەی قەدری نوسین و شانۆو ھونەرەکەی تۆ ناگرێت,کەواتە غەدر لەخۆت ٸەکەیت جوانی و تەمەنی ناسکی خۆتیان پێببەخشیت, بڕۆ خەریکی پیشەیەکی تربە چاوەکەم!!
نوقتە سەری دێڕ