هەرچەندە تۆ تورکیت، هەرچەندە تۆ لە ڕەگەزی (گورگەکانی ئەنادۆڵ)یت، هەرچەندە لەهەناوی ژینگەیەکی متوربەکراو بەڕق و کینەیی ڕەگەزی هاتیتە دنیاوە، بەڵام بە بیستنی مەرگی تۆ، من کۆڵێک خەفەتم خوارد، بەو هەواڵە تاسام!
ئەزانم کە باپیرانت بەچ چاوێکەوە تەماشای ئێمەیان کردووە، ئەزانم تا سەر ئێسک دژی بوونی ئێمە بوون، دژی شوناس و دژی خاک و دژی مێژووی ئێمە بوون، ئەوەش ئەزانم باپیرانت لەبنەڕەتدا خاوەنی هیچ نەبوون و بوون بە خاوەنی هەموو شتێکیش، ئەزانم ئەوان هیچیان نەبوو، نە بستە خاکێکی ئازاد ، نە دڵۆپە ئاوێکی شیرین ، نە سێبەری دار زەیتونێک!!
بەڵام لەسەر پشتی خاکەکەی ئێمە ، دەواریان هەڵخست، بە نووکی تیرەکانیان دڵی نیشتمانی ئێمەیان کون کرد، بە شمشێرە خوێناوییەکانیان هەناوی نیشتمانی ئێمەیان هەڵدڕی، باپیرانت بەدرێژایی 600 ساڵ هەوڵی سڕینەوەی ئێمەیان دا ، شەش سەدەیە نکولی لە بوونی ئێمە دەکەن، شەش سەدەیە شەڕی بوونی ئێمە دەکەن .
ئەوان دەستیان پێکرد، وەک گورگی برسی پەلاماریان داین، تۆوی دووبەرەکی و ڕق و کینەیان ناشت، کانییەکانی ئێمەیان کوێر کردەوە، ڕەزو باخ و بێستانەکانی ئێمەیان سوتاند، دار زەیتونەکانی ئێمەتن لە ڕەگەوە هەڵکێشا، مەڕو بزن و هێلکەو مریشکی نێو کولانەکانیشیان دزین ، سەری پیاوەکانی ئێمەیان بەدارتێلەکانەوە هەڵواسی، ژن و کچەکانی ئێمەشیان کرد بە کەنیزەک و جارییە!!
ئەزانم و ئەزانم و ئەزانم!!!
بەڵام تۆ تورکێکی ناسک و پیاوێکی جوامێر بوویت، تۆ بە جۆرێکی تر لە کورد و لە کوردستانت دەڕوانی ، دلێرانە داکۆکیت لە بوونی ئێمەو زمانی ئێمەو شوناسی ئێمە دەکرد، بیست ساڵە تۆ لە تیڤی و ڕۆژنامەو گۆڤارەکاندا، لە ژێر قوبەی پەرلەمانی تورکیادا شەڕی ئێمەت دەکرد ، بەدەنگی دلێرو بە پێنووسەکەی دەستت بەرگریت لە ئێمە دەکرد، هەمیشە بە شکۆوە ناوی کورد و کوردستانت دەهێنا، تۆ بەردەوام داوای ئاشتی و ئۆقرەییت دەکرد ،داوای هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی تازەو داوای دنیایەکی نوێ و سەردەمێکی جیاوازت دەکرد، لێدوان و هەڵویستەکانت چاوی تورکە ڕەگەزپەرستەکانی کوێر کردبوو، چەندین جار پەلکێشی دادگاو سوچی زیندانیان کردیت!!!
تۆش وەک ( ئیسماعیل بێشکچی) و وەک ( ئەحمەد ئاڵتان) دەچیتە نێو گلێنەی مێژووی ئێمەوە،لەناو کولەکەی ڕۆحمانا هەڵتان دەگرین، بۆ هەمیشە شانازیتان پێوە دەکەین، وێنەکانتان دەخەینە سەر سینگمان، لە بەردەم جوانی و شکۆی ئێوەدا سەر دادەنەوێنین، لەنێو پڕۆگرامەکانی خوێندنی کوردیدا، بە گەوورەیی ناوی ئێوە دەنووسینەوە!
بۆ مەرگی تۆ زۆر نیگەرانم ، لەبەردەم مەرگی تۆدا دەست لەسەر سینگ دەوەستم ، بەڵێن ئەدەم ئەگەر ڕێم بکەوێتە ئەستەمبوڵ، بێمە سەر گۆڕەکەت و چەپێک گوڵە نێرگزی کوردستانت بۆ بهێنم و کێلی سەر گۆڕەکەشت ماچ بکەم!!
ماڵئاوا پیاوی گەوورە .. ماڵئاوا