دواین هەواڵ

سوپاس جەنابی سەرۆک

‌عەتا شەمێرانی

2 کاتژمێر پێش ئێستا

سوپاس کە لە ساتێکی مێژوویی زۆر ئاڵۆزدا ٫بە جیهانت گوت؛ گەلی کوردستان مافی ئەوەی هەیە خاوەنی دەوڵەتی خۆی بێت! 

سوپاس كه لەو ساتەدا لەبەردەم گەلەکەتدا وەستایت، لە کاتێکدا دەتزانی ڕێگاکە ئاسان نابێت. دەتزانی بەغدا دژی ڕاپرسییەکەیە، دەتزانی تاران و ئەنقەرەو دیمەشق، بە نیگەرانییەوە سەیری دەکەن، دەتزانی کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئامادە نییە بە شێوەیەکی فراوان پشتیوانی ئەو هەنگاوە بکات یان وەک ڕێگایەک بۆ سەربەخۆیی مامەڵەی لەگەڵدا بکات. بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، بەردەوام بوویت لە ئەنجامدانی ڕاپرسییەکە!! 

سوپاس، چونکە جیهانت لەبەردەم ئەو پرسیارە دانا کە کورد نزیکەی سەدەیەکە دەیپرسێت: بۆچی مافی دیاریکردنی چارەنووس بۆ هەندێک گەل مافە، بەڵام کاتێک باس لە کورد دەکرێت، دەبێتە پرسیارێکی دواخراو؟!! 

سوپاس، چونکە نیشانی جیهانت دا کە دۆزی کورد تەنها فایلێکی سیاسی نییە کە کاتێک پێویست بێ بکرێتەوە و کاتێکیش بەرژەوەندییەکان بگۆڕێن، دابخرێت!!

سوپاس کە بە جیهانت وت؛  ئەنجامدانی ڕاپرسیی سەربەخۆیی نە تاوانە و نە هێرشە بۆ سەر هیچ کەسێک؛ بەڵکو دەربڕینی سیاسی و ئاشتیخوازانەی ویستی گەلێکە کە بۆ دەیان ساڵ بەدوای ئاسایش و شکۆ و ناساندنی مافەکانی خۆیدا گەڕاوە!!

سوپاس کە سەرەڕای هەموو ناڕەزایی و فشارە نێوخۆیی و هەرێمایەتی و جیهانییەکان وتت؛ گەلی کوردستان ناتوانێت بۆ هەمیشە بەندەی ترسی وەڵامی ئەوانی تر بێت!!

سوپاس کە سەرەڕای هەموو ترس و نیگەرانییەکان، لەگەڵ گەلەکەتدا وەستایت. تۆ دەتزانی کە ڕێگاکە ئاسان نییە، دەتزانی کە هەموو هێزە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان بە یەک شێوە سەیری ڕاپرسییەکە ناکەن، و دەتزانی کە بەغدا دژی ئەو هەنگاوەیە و هەندێک وڵات لە ناوچەکەش نیگەرانیی کاریگەرییەکانی بوون. بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، لەبەردەم گەلەکەتا وەستایت و وتت لەو هەنگاوە دیموکراسیە پاشەکشە ناکەم!!

سوپاس کە ملکەچی فشارە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان نەبوویت. لەوانەیە خەڵک لە هەڵسەنگاندنی ئەنجامە سیاسییەکانی دوای ڕاپرسییەکە جیاواز بن، لەوانەیە خوێندنەوەکان لەبارەی بەڕێوەبردنی ئەو قۆناغە و ئەوەی چی دەکرا بکرێت یان چی دەکرا نەکرێت، جیاواز بن. بەڵام ئەمە ڕاستییەکی سەرەکی ناگۆڕێت: ڕاپرسییەکە ئەنجام درا و دەنگی گەلی کوردستان بە شێوەیەکی ڕوون گەیشتە جیهان!!

من دەزانم دەکرا ڕێبەرایەتی سیاسی بڕیاری بێدەنگی بدات، پرسیارە گەوورەکە دوا بخات و بڵێت کاتەکە گونجاو نییە. بەڵام تۆ  ڕێگا قورسەکەت هەڵبژارد،توانیت بابەتی مافی دیاریکردنی چارەنووسی کوردی لە گفتوگۆیەکی تەنها سیاسییەوە بگۆڕی بۆ دەنگێکی گشتیی گەل، کە ملیۆنان کەس لە ڕێگەی سندوقەکانی دەنگدانەوە دەریان بڕی!!

من لێرەدا نایەوێت بڵێم هەموو ئەوەی دوای ڕاپرسییەکە ڕوویدا تەواو بوو، یان سیاست تەنها بە نیەتەکان پێوانە دەکرێت. مێژوو لەوە ئاڵۆزترە. بەڵام دەڵێم گەلەکان هەندێک جار پێویستیان بەو کەسانە هەیە کە بوێرن و ئەو پرسیارانە دەخەنە ڕوو کە ئەوانی تر لە نزیکبوونەوەی دەترسن!!

سوپاس کە بە جیهانت گوت : کورد ویستی خۆیان هەیە و ئەو ویستە شایەنی ئەوەیە ببیسترێت!!

سوپاس کە لەو ساتەدا بە کردار لەگەڵ گەلەکەت وەستایت!!

سوپاس کە نیشانت دا کە کێشە و مافی گەلەکەت تەنها کارتی کاتیی وتووێژ نییە؛ بەڵکو بەشێکە لە مێژوو، شکۆ و مافی دیاریکردنی چارەنووس!!

لەوانەیە سیاسییەکان جیاواز بن، هاوسەنگییەکانی هێز بگۆڕێن و پەیوەندی و هاوپەیمانییەکانیش بگۆڕدرێن، بەڵام ٢٥ی ئەیلولی ٢٠١٧ لە یادەوەریی کوردا بە زیندوویی  دەمێنێتەوە، چونکە لەو ڕۆژەدا بە دەنگێکی ڕوون وبەرز بەدونیای وت؛  چی دەوێت!!

بۆیە ئەمڕۆ، دوور لە هەر جۆرە ستایش و ڕووپاماییەکی سیاسی پێت دەڵێم:

سوپاس بۆ ئەوەی لە پرسیارە گەوورەکە نەترسایت!!
سوپاس بۆ ئەوەی لەگەڵ گەلەکەت وەستایت!
سوپاس کە کارێکی وات کرد بۆ یەکەمجار جیهان دەنگی ڕاستەقینەی کورد ی ببیست!!

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP