دواین هەواڵ

بیرکردنەوەیەکیتر لە دوو هەرێمی لە ناعیلاجیدا

‌ ئاری محەمەد هەرسین

21/04/2023

(٢)

من ئەڵێم دوو هەرێمی بۆ سیحەتی گەلی کوردستانی عێراق باشە… ئەوان ئەڵێن ئاخر دوو ئیدارەیی خراپە. من دە مگوت دوو ئیدارەیی هەیە… ئەوان دەیانگوت بسکردن لە دوو ئیدارەیی خیانەتی نیشتیمانیە. باشە کێ خیانەتکارە؟… ئەو کەسەی کە باسی ئەکات؟… یان ئەوکەسەی کە بە فیعلی دوو ئیدارەیی جێبەجێی ئەکات؟

پارتی و یەکێتی پشوو بە شەڕە دەنوکی خۆیان ئەدەن، بەڵام هەتا هەتایە پێک نایەن، چونکە ئەم دوژمنایەتیە هی ئەمڕۆ نیە و ئەوەتا تەمەنی لە ٦٠ ساڵ نزیک ئەبێتەوە. کەواتە با بزانین وەزعی هەرێمی کوردستان لە ئێستادا چۆنە؟

ئاژانسی پاراستن و دەزگای زانیاری دوو دام و دەزگای هەواڵگرین سەر بە حیزبن. بۆچی وایە؟ چونکە ئەگەر سەرۆکی حکومەت لە پارتی بێت، ئەوا دەزگای زانیاری هیچ حسابێک بۆ ڕێنمایی و فرمانەکانی سەرۆک حکومەتەکەی پارتی ناکات. بە پێچەوانەشەوە، ئەگەر سەرۆکی حکومەت لە یەکێتی بێت، ئەوا ئاژانسی پاراستن هیچ حسابێک بۆ ڕێنمایی و فرمانەکانی سەرۆک حکومەتەکەی یەکێتی ناکات. کەواتە حکومەتی هەرێمی کوردستان تەنیا لە چوارچێوەی دەسەڵاتی حیزبیدا پێناسەکراوە و بەس، نەک نیشتیمان… نەک کوردستان. هەموو ئەمانە شمولی هێزەکانی دژە تیرۆریش ئەکات.

دەبوو ئەرکی ئاژانسی پاراستن و دەزگای زانیاری بریتی بێت لە پاراستنی کەرامەتی میللی و نیشتیمانی. دەبوو پاسەوانەکانی سەرۆک بارزانی، سەرۆکی هەرێم، سەرۆکی حکومەت، جێگری سەرۆکی حکومەت، ئەمینداری گشتی یەکگرتو، بەرپرسی یەکەمی گۆڕان، سکرتێری حیزبی سۆسیالدیموکراتی کوردستان، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری و هەموو وەزیرەکان لەلایەن دەزگای هەواڵگری کوردستان (پاراستن و زانیاری)ەوە دیاری بکرانایە. ئەردۆغان لە ڕابوردودا لە لایەن دەزگای میتی تورکیاوە دەستگیر کراوە، کەچی ئێستا پاسەوانەکانی ئەردۆغان کارمەدنی دەزگای میتن. ڕۆحانی و ئەحمەدی نەژاد لە دوو جەریانی دژ بەیەکی سیاسی بوون، کەچی پاسەوانەکانیان وەزارەتی ئیتلاعات بۆی دیاری ئەکردن. پاسەوانەکانی ترامپ و ئۆباما سی ئای ئەی دیاری ئەکرد، چونکە (میت) و(ئیتلاعات)و (سی ئای ئەی) دام و دەزگای نیشتیمانین، نەک سەر بە ئیدارەی ئەمدیو و ئەودیوی دێگەڵە.

دام و دەزگای ئاسایش قورسترین ئەرکیان لەسەر شانە. کارمەندەکانی بە شەونخونی خۆیان و دوریان لە ماڵ و مناڵیان ژیان بەسەر ئەبەن. بە سەرماو گەرما پارێزەری ئێمەن ئەوکاتەی لە شیرینی خەوداین. ئەم هێزە گرنگەی ئەم نیشتیمانە دوو بەشە. بەرپرسی دەزگای ئاسایشی گشتی هەرێمی کوردستان هیچ دەسەڵاتێکی یەکسانی بەسەر ئاسایشی هەڵەبجە، سلێمانی، هەولێر و دهۆکدا نیە.

ئەگەر سەرۆکی حکومەت لە یەکێتی بێت، ئەوا دەسەڵاتەکەی بەسەر هێزی ئاسایشدا هەتا سنوری خۆرهەڵاتی دێەگەڵەیە. خۆ ئەگەر سەرۆکی حکومەت لە پارتی بێت، ئەوا دیسان دەسەڵاتی بەسەر هێزی ئاسیشیدا هەتا سنوری خۆرئاوای دێگەڵەیە. کەواتە هێزی ئاسایش دام و دەزگایەکی نیشتیمانی یەکگرتوو نیە کە لەلایەن حکومەتەوە ئاڕاستەو سەرکردایەتی بکرێت، بەڵکو حیزبی و لۆکالیە.
وەزارەتێک هەیە بەناوی (وەزارەتی پێشمەرگە). ئەم وەزارەتە (جگە لە بارەگاو دیوانی وەزارەت) لە کۆمەڵێک لیوای هاوبەش و یەکەکانی (٧٠) و (٨٠) پێکهاتوە. لیوا هاوبەشەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، هەموو شتێکە بەس (موشتەرەک) نەبێت. هەر لە تەشکیلەکەیەوە بگرە کە ئامر لیوا، فەوج، سریە یەکێتیە و جێگرەکانیان پارتن (یانیش بە پێچەوانەوە یەکێتین)، ئەم لیوایانە بە هیچ جۆرێک ڕەنگ و ڕواڵەتی لەشکرێکی نیشتیمانیان پێوە دیار نیە، وابزانم ڕوداوەکانی ١٦ ئۆکتۆبەر ئەو ڕاستیەیان سەلماند. هەرچی یەکەکانی (٧٠) و (٨٠) یە، ئەمانە لە ژێر فرمانی حکومەتدا نین، بەڵکو حیزب ئاڕاستەیان ئەکات. پۆلیس و هێزەکانی زێرەڤانی و بەرگری فریاکەوتنیش هەمان چیرۆکە.

ئەمانەی باسمان کردن دوو ئیدارەییە لە دامو دەزگا هەواڵگری، سەربازی و ئەمنیەکانی هەەرمی کوردستانی عێراق. دیارە دوو ئیدارەیی بەم جۆرە شێرپەنجەی کۆمەڵگەکەمانە و چارەسەری کێشە سیاسی و ئابوریەکانمان ناکات. بەڵکو تەنیا دوو هەرێمی چارەسەرە. هەرکەسێک کە پێی وایە ئەم ڕاستیانەی باسمان کرد شوختی تێدایە و بوختانە، ئەوا با بفەرموێت و قسەی خۆی بکات.
تێبینی:

بەشەکانی تری ئەم ووتارە لە بەردەوامیدا ئەبن.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP