دواین هەواڵ

لەسەر قسەکانی سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان

‌ ئاری محەمەد هەرسین

14/10/2022

سیاسەتمەداری عاقڵ هەرگیز بە ڕۆمانسیەت و ڕق و کینەوە  هەڵس و کەوت ناکات. چونکە سیاسەت ئیشی عەقڵە، نەک میزاج. 

هەڵبژاردن بۆ سەرۆک کۆمار لە پارلەمانی عێراق بەڕێوەچوو. ئەنجامەکەی بە قازانجی سەرۆک کۆماری پێشوو کۆتایی نەهات. لەبری سەرۆک کۆماری پێشوو، ئەنجامی هەڵبژاردنەکە بە قازانجی هەرێمی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کۆتایی هات. لەلایەکەوە هەرێمی کوردستان سەلماندی کە باج و سەرانە بە هیچ کەس نادات و، هیچ لایەنێک ناتوانێت بڕیاڕی خۆی بەسەرماندا فەرز بکات. لە لایەکیترە وە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان تەبایی و یەکڕیزی ناوخۆیی بۆ ساڵانی داهاتوو مسۆگەر کرد.

بۆ ئێمەی پارتی ئەولەویاتی سیاسیمان یەکێتی ڕیزەکانی خەڵکی کوردستانە. ئیتر لە پێناو ئەو یەکڕیزیەدا (وەک پارتی) زەرەرمەندیش بین لامان گران نیە. چونکە مەقسەد و ئامانج لای ئێمە بەرژەوەندی گەل و سەروەری خاکی پیرۆزی کوردستانە.

لەم هەل و مەرجە ناسکەی جیهان، خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و، هەرێمی کوردستان، ئەرکی سەرەکی هەمومان، دۆزینەوەی خاڵە هاوبەشەکانی نێوانمان و بەکارهێنان و هەڵبژاردنی  ووشەی دروستە لە قسەکردن و گوتارەکانماندا. مەخابن سەرۆکی یەکێتی هەر لە سەرە تای کۆتایهاتنی پڕۆسەی هەڵبژاردن بۆ سەرۆک کۆمارەوە، دەستیکرد بە هێرشێکی توند بۆ سەر ئێمە، لەبری ئەوەی خۆشحاڵی خۆی دەربڕێت کە پاش ساڵێک لە گفتوگۆ و تێکهەڵقژانی نێوان ئێمەو یەکێتی، دواجار ئەم بارگرژیە کۆتایی هات و کازیوەی پێکەوە کارکردن بۆ بەڕێوەبردنی کوردستانێکی بەهێز و خۆشگوزەران لە هەڵهاتندایە.

سەرۆکی یەکێتی کۆمەڵێک ووشە و دەستەواژەی بەکار هێنان، کە لەدەرەوەی ئەتەکێتی سیاسی یە و نابێت قسەی سەرۆکی حیزبێک بێت. ئەگەر (دوژمن) لای سەرۆکی یەکێتی ئێمەین، دەبێت بە ڕونی قسە بکات و هەنگاوی سیاسی بهاوێژێت، چونکە سەرۆکی یەکێتی و یەکێتی نشتیمانیش نوێنەریان لەناو حکومەتی هەرێم هەیە. ئەگەر کێشە لەناو حکومەت هەیە، بۆچی نوێنەرەکانیان لەناو حکومەتی هەرێم هەڵوێست وەرناگرن؟… ئەگینا ئیش دەگاتە حاڵەتێک کە ئینسان تەنیا دەتوانێت بڵێت:
انجا کە عشق است جای عقل نیست
غوغا بود دو پادشاه اندر ولایتی

ئێمە پێمان وایە سەرکەوتن لە یەکڕیزی و هاوکاری سیاسیدایە لە پێناو سەرفرازی خاکی پیرۆزی کوردستان، بەڵام خۆشمان بۆ هیچ کەس و لایەنێک ناچەمێنین و، ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراقیش ئەو ڕاستەی سەلماند.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP