دواین هەواڵ

ڕوبەڕوبونەوە لەگەڵ بەڕێز کاک قوباد تاڵەبانی

‌ ئاری محەمەد هەرسین

16/01/2023

دونیای سیاسەت زۆر شتی تێدایە، ئیتر هەر لەخیانەت‌و دۆستایەتیەوە بگرە هەتا موئامەرات‌و دەستبادان. ئەم مەوقیف‌و کردارانە ئوسلوبی سیاسین، ئەویش نەک لەکوردستان، بەڵکو لەهەموو دونیا، دونیای سیاسەت دونیای ڕۆشنبیران‌و ڕۆژنامەنوسان نییە، ئێمەش، کە سیاسەت ئەکەین، ئەبێت بایی ئەوەندە ئازایەتیمان تێدابێت دان بەو ڕاستیەیەدا بنێین، ئەم ئوسلوبانەی سیاسەت، بەمەبدەئی بابای سیاسەتمەدارەوە بەستراونەتەوە، ئینسانی مەبدەئی شێوازی ئەدەب‌و ڕێز لەبیر ناکات.

لەئێستادا حاڵی ئێمەو یەکێتی زۆر خراپەو خەریکە خەڵکی کوردستانیشمان لێ نا نا ئومێد ئەبن، ئایا دەریچەی دەربازبون لەکەئابەی سیاسی، چەقبەستویی سیاسی‌و نائومێدی لەکوێیە؟… لەو کۆبونە دوو قۆڵیانەی نێوان ئێمەو یەکێتی، کە لەم هەفتەیەوە بۆ هەفتەی داهاتوو، ئینجا بۆ هەفتەی دوای ئەو ئەگوێزرێتەوە؟… لەشەڕە جنێوی سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانە؟… یان لەجواب‌و جوابدانەوەی ئەم ئەندام‌و ئەو ئەندامی سەرکردایەتی هەردولامانە؟…

لەڕێگه‌ی ئەم گوتارەوە، دەعوەتێکی دۆستانە ئاڕاستەی برای بەڕێز کاک قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەکەم بەهەموو ستافی وەزاری یەکێتیەوەو هەموو ئەو بەڕێزانەی کە خاوەن بڕیارو ڕەئین لەناو یەکێتی، لەدیبەیتێکی ڕاستەوخۆ لەشاری سلێمانی، بۆ ئەوەی پێکەوە قسە لەسەر ڕوئیای حوکمڕانی لەهەرێمی کوردستان بکەین، ئەمەش، خوانەخواستە بۆ ناشرینکردن‌و دەستبادانی یەکتری‌و نمایشی عەزەڵات نا، بەڵکو بەمەبەستی بەرچاوڕونی بۆ خەڵکی سلێمانی، لەشێوازی حوکمڕانی لەهەرێمی کوردستان‌و بەتایبەتی لەم دەڤەرەمان کە دەڤەری حوکمڕانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە.

ئەزانم کاک قوباد زۆرجار باس لەچالێنج ئەکات‌و حەزی لێیەتی، بەڵام سیاسەت بەچاڵێنج‌و چاڵێنجکردن ناکرێت، ئەم دەرفەتە بەمەبەستی ڕەخساندنی بەرچاوڕونییە بۆ خەڵکی دەڤەرەکەمان (پارێزگای سلێمانی‌و هەڵەبجەو ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین‌و گەرمیان)، نەک شەڕە دەنوک‌و کێبڕکێی بردنەوەو دۆڕان لەموناقەشەی سیاسیدا، خەڵکی سلێمانی حەقی خۆیەتی ڕاستیەکان بزانێت، ئێمەو یەکێتیش بەرپرسیارین لەکرداری بەچاکەو لەنەفرەتکردن لەخراپەو لەگوتنی ڕاستیەکان.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP