جۆهان قەزوینیان لە کتێبی ئێران و ئەمریکا بە دێڕێک سەرنجمان دەبات کاتێک دەڵێت: “هەموو حیکایەتەکان لە سەرەتاوە دەستپێدەکەن. بەڵام بۆ تێگەیشتن لە حیکایەتی ئێران هەمیشە دەبێت لە کۆتاوە دەستپێبکەین”. دوا دێڕەکانی حیکایەتی مێژوویی ئێران هەمیشە سیاسەتمەداران و دەوڵەتدارانی جیهان ناچار بە گوێگرتن لە کۆتا حیکایەتی خۆی دەکات.
ژن، ژیان، ئازادی ئەو حیکایەتەیە کە کاریگەرییەکانی تا ئێستاش بەردەوامن. ئەگەر لێکۆڵینەوەی وردی بابەتیانە بۆ ئەو ڕووداوە دەگمەنەی ئێران بکەین ئەوا پەلکێشمان دەکات بۆ زۆر ڕەهەندی شاراوەی میژووی هاوچەرخی ئێران. وەک لایەنی کۆمەڵایەتی و ئابووری و یاسایی و دەستووری و بابەتی ئایین و ئایینزاکان، هەروەها بابەتی سیاسی نەتەوەیی و حوکمڕانی لە ئێران.
ئێران هەم لە ژێر فشاری قوورسی ناوخۆیی و هەم فشاری نێودەوڵەتی کەوتە ژێرباری کاریگەرییەکانی ئەو بزووتنەوە مەدەنییەی گەلانی ئێران. بە تایبەت دەزگای دیبلۆماسی ئێران کە زۆرترین پاڵەپەستۆی نێودەوڵەتی لەسەر شان بوو. چاو خشاندنەوە بە سیاسەتە ناوچەییەکانی و بە تایبەت ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ شانشینی سعودیە خاڵێکی وەرچەرخان بوو لە سیاسەتی ئێران.
پەیوەندییەکانی شانشینی سعودیە و ئێران، لە سەردەمی هاشمی ڕەفسەنجانی بونیادی داڕێژرا و سەید محەمەدی خاتەمی جێبەجێی کرد. بەڵام کاتێک لە ساڵی (٢٠١٦) شانشینی سعودیە، شێخ نەمر لە سەرکردەکانی شیعەی سعودیە و چل و شەش کەس لە هاوڕێکانی لە سێدارە دا، ئێران وەک کاردانەوەیەک سەفارەتی سعودیەی لە تاران سوتاند. ئەمە دەسپێکی تێکچوونی پەیوەندییەکانی سعودیە و ئێران بوو. سەردەمی سەرۆکایەتی ئەحمەدی نەژاد ئەم پەیوەندییانە بەرەو ئاڵۆزتربوون ڕۆیشت، کە دۆخی نێودەوڵەتی ئێران لە گەڵ وڵاتانی جیهان و دۆسیە ئەتۆمیەکەی کەوتە ژێرباری گەمارۆی قوورسی نێودەوڵەتی. ئەم دۆخە تازەیە پەیوەندی ئێران و شانشینی سعودیەی ئاڵۆزتر کرد، بە دەستخستنە ناو کێشەی یەمەن و یارمەتیدانی حوسیەکان. هێرش کردنە سەر دامەزراوە نەوتییەکانی سعودیە، لە لایەن حوسیەکان و پشتیوانی کردن لە حکومەتی سووریا و پشتیوانی لە حزبوڵلای لوبنان و دەستخستنە ناو کاروباری عێراق، ئاسایشی ناوچەکەی ئاڵۆزتر کرد.
لە هەمانکاتدا بە کشانەوەی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران، فشارەکانی سعودیە و ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران پەرەی سەند. ئێران و ئیسرائیل لە دۆخی شەڕێکی نهێنی و شاراوە، ڕووبەڕووی یەکدی وەستاون. گەمارۆکانی سەر ئێران کاریگەریی زۆری لە سەر ئەو وڵاتە بەجێهێشت. دابەزینی بەهای تمەنی ئێرانی و سەرهەڵدانی ناڕەزاییەکان لە دژی حکومەتی ئێران، دۆخێکی تازەی بە سەر ئێراندا سەپاند، کە ئەم شەڕە سیاسییە لە تەک شانشینی سعودیە هیچ براوەیەکی نابێت. بۆیە ئێران بڕیاریدا کە وەرچەرخانێک لە سیاسەتی ناوچەیی خۆیدا بکات بە ئامانجی هێورکردنەوەی دۆخە نێودەوڵەتیەکەی.
پاش دوو ساڵ لە نێوەندگیری عێراق، لە ئەنجامدا بە هەوڵی حکومەتی چین ڕێککەوتننامەیەک لە نێوان هەر دوو وڵات بە ئەنجام گەیشت کە پێک هاتووە لە هەشت بڕگە:
1-ئاسایشی هەر لایەک ئاسایشی ئەوی ترە.
2-وەهمی هەژموونی بەلاوە بنێن.
3-بۆ بەدیهێنانی هەیکەلی نوێی ئاسایشی کەنداو، هاوکار بن بۆ کاری پێکەوەیی.
4-ڕکابەری ناتەندروست لە سووریا و عێراق و یەمەن و لوبنان وەلاوە بنێنن و هاوکاری بونیاتنەر بکەن بە ئاڕاستەی چارەسەری گرفتەکان.
5-لەگەڵ کەمینە مەزهەبییەکانی یەکدی وەک هاونیشتمانی پلە یەک هەڵسوکەوت بکەن.
6-بۆ هێورکردنەوەی ئاڵۆزییەکان لەگەڵ ئەمریکا هاوکاری یەکدی بن.
7-بۆ بە گژاچوونەوی چەکی کۆکوژ، تیرۆریزم و تائیفیەت هاوکاری هاوبەشیان هەبیت.
8-ئێران و ئیسرائیل بە کرداری لە دۆخی نیوەشەڕدان، چین لەگەڵ هەردوو وڵات پەیوەندی باشی هەیە. چین هەوڵدەدات کە ئاگر بەست لە نێوان هەردوو وڵاتدا بکات.
کۆی ئەم دۆخە تازەیەی ئێران، لاپەڕەیەکی نوێیە و سەردەمێکی نوێیە لە گۆڕانکاری بونیادی لە سیاسەتی ناوچەیی ئێران. پێدەچێت داهاتووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسایشی کەنداو سەردەمێکی نوێ لە سەقامگیری بە خۆیەوە ببینێت.
لەسەر ئاستی ناوخۆ و لە پاش بەیاننامەکەی میر حسەینی موسەوی کە ئاڕاستەی گەلی ئێرانی کرد، بە ئاشکرا داوای گۆڕینی دەستووری ئێران و پێکهێنانی ئەنجومەنێکی هەڵبژێردراوی خەڵکی کرد بۆ داڕشتنەوەی دەستوورێکی نوێ کە لەگەڵ داخوازییەکانی خەڵکی ئێران بگونجێت. ئەم بۆ چوونانەی موسەوی کاردانەوی زۆری لێکەوتەوە. چ لە ئاستی دەرەوەو و چ لەسەر ئاستی ناوخۆ. دەستووری ئێران لە پاش شۆڕشی ئیسلامیی ئێران بە نزیکەی دە سال دوای شۆڕش، دەستووری ئێران هەموار کرایەوە. گرنگترین بابەتی هەموارەکەش، گۆڕینی سیستەمی سیاسی ئێران بوو، کە سەرۆک لە پۆستی وەزیران لابرا و سیستەمی سەرۆکایەتی جێگیر کرا. بەڵام ئەم هەموارە هیچ کاریگەریی لەسەر خودی کۆمارەکە نەبوو، بەوەی کە مەودای ئازادییەکان و خواستی جەماوەر تێیدا ڕەنگ بداتەوە. هەموارکردنی دەستوور لە ئێران و لە ژێر چەتری کۆماری ئیسلامیی ئێران مەودای کاری سیاسی و حیزبی لە ئێران نەگۆڕی.
خواستی نەیارانی حکومەت بۆ گۆڕینی بنچینەیی دەستوور لەگەڵ پەیامەکەی موسەوی یەکانگیر بوون، بەوەی کە ئۆپۆزسیۆنی ناوەوە و دەرەوەی وڵاتی خستە قۆناغێکی نوێ لە درێژەدان بە خۆپیشاندانەکان. ئێران سەرکەوتوو بوو لەوەی درز بخاتە ناو بەرەی ئۆپۆزسیۆنی دەرەوە، لە سەرقاڵ کردنیان بە جەدەل موناقەشەی تیۆری لە نێوان هەر شەش باڵەکەی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی. ئەو گومانانەی بەهێزتر کرد کە ئەوان ناتوانن وەک ئەڵتەرناتیڤێکی بەهێز و بە بێ هەبوونی یەکڕیزی بۆ دەستنیشانکردنی سەرکردایەتییەکی بەهێز بۆ ئەو جووڵانەوەیە ئاسۆیەکی ڕوون بخەنە پێش چاوی گەلی ئێران.
ئێرانناسی دوبارە خواستی ئەوەی هەیە کە بەشێک لەو گرفت و ئاڵنگاریانەی کە لە ئێرانی ئەمڕۆ بەدی دەکرێن، لە چوارچێوەی جەندین لێکۆڵینەوە و وەرگێرانی بەسوود، پێشکەش بە خوێنەرانی خۆی بکات. دەرگای خۆی بەڕووی ئێرانناسان و لیکۆڵیاران ئاوەڵا بکات بۆ کردنەوەی دەروازەی زیاتر بۆ ناسینی ئێران بە گشتی و خەسڵەتە سیاسی و کەلتووری و ئابووری و ستراتیجییەکانی ئێران بە تایبەتی.