دواین هەواڵ

لە قەرەباڵغی شەقامەکانەوە بۆ چارەسەری دیجیتاڵی؛ چۆن ئەزموونی «سولی پاس» لە شارەکانی تریش دووبارە دەکرێتەوە؟

‌بەختیار حسێن نەبی

3 کاتژمێر پێش ئێستا

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پڕ بوون لە دەستخۆشی و هاوسۆزی بۆ گەنجێکی داهێنەر بە ناوی شکۆ ساڵح. قوتابییە لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی کە ماوەیەک لە پڕۆژەی رووناکیدا کاری کردووە و لە ئەنجامی تێکەڵبوونی بە کێشە و گرفتەکانی هاتوچۆی ڕۆژانە، توانیویەتی بیرۆکەیەک بخاتە گەڕ کە ئێستا سوودی بۆ هەزاران هاووڵاتی هەیە.
ئەپڵیکەیشنی “سولی پاس” کە بۆ ناساندنی هێڵ و شوێنی پاسەکانی شاری سلێمانی دروست کراوە، بەرهەمی نۆ مانگ کار و ماندووبوونی بەردەوامە. ئەم پڕۆژەیە تەنها داهێنانێکی تەکنەلۆژی وشک نییە، بەڵکو نموونەیەکی زیندووە بۆ ئەوەی کە گەنجێک چۆن دەتوانێت لە دڵی کێشەیەکی ڕۆژانەی وەک قەرەباڵغی شەقامەکانەوە، چارەسەرێکی بەسوود بدۆزێتەوە.
سادەیی لە بەکارهێنان و گرنگی لە خزمەتگوزاریدا
ئەم دوو تایبەتمەندییە، خاڵی سەرەکیی “سولی پاس”ن. ئەپڵیکەیشنەکە یارمەتی هاووڵاتیان دەدات کاتی زیاتریان بۆ بگەڕێتەوە و خەرجییان کەمتر بێت بۆ گەیشتن بە شوێنی مەبەست. لە کاتێکدا کە کێشەی هاتوچۆ و چاوەڕوانی درێژخایەنی سەر شۆستەکان بۆ زۆر کەس بەشێک بووە لە ناڕەحەتیی ڕۆژانە، ئەم جۆرە چارەسەرە دیجیتاڵییانە نرخێکی زۆریان هەیە و ژیانی گشتی ئاسان دەکەن.
گرنگی ئەم ئەزموونە لەوەدایە کە سەلماندی گەنجانی کوردستان بێبەش نین لە توانا و داهێنان. زۆرجار ئەوەی پێویستە، تەنها دەرفەت و بوارێکە بۆ ئەوەی بیرۆکەکان لە قۆناغی تیۆرییەوە بگەنە جێبەجێکردن. ئەگەر شکۆ ساڵح ئەو ئەزموونەی لەگەڵ کێشەی هاتوچۆ نەبوایە و بوارێکی بۆ کارکردن نەڕەخسابایە، ڕەنگە ئەم بیرۆکەش هەر لە سنووری بیرکردنەوەدا بمایە.
سەرکەوتنی “سولی پاس” پرسیارێکی گرنگ دەورووژێنێت: بۆچی تەنها سلێمانی؟
لە هەولێر، دهۆک، هەڵەبجە، ڕانیە و زۆر ناوچەی دیکەی کوردستان، هاووڵاتیان ڕۆژانە لەگەڵ هەمان کێشەی هاتوچۆ و چاوەڕوانیی درێژخایەندا دەژین. بۆچی ڕێگا نەکرێتەوە بۆ گەنجێکی لێهاتووی هەولێر یان دهۆک کە پڕۆژەیەکی هاوشێوە بۆ مۆدێرنکردنی سیستەمی گواستنەوەی شارەکەی خۆی دروست بکات؟ بۆچی ئەو توانایانەی لە ناوچەکانی دیکەدا هەن، زیاتر پشتگیری نەکرێن؟
کێشەی هاتوچۆ تەنها یەک نموونەیە. لە بواری تەکنەلۆژیا، خزمەتگوزاریی ئەلیکترۆنی، فێرکاری، تەندروستی و زۆر بواری دیکەشدا، گەنجانی کوردستان دەتوانن بە داهێنانەکانیان ژیانی خەڵک ئاسانتر بکەن. زۆربەی ئەم گەنجانە داوای کەرەستەی ئەستەم ناکەن؛ تەنها ئەوەیان دەوێت دەرفەتێک بۆ تاقیکردنەوە و جێبەجێکردنی بیرۆکەکانیان هەبێت.
ئەرکی لایەنە بەرپرسەکان و کەرتی تایبەت
لێرەدا، ئەرکی حکومەت، پارێزگاکان، شارەوانییەکان و بەتایبەت کەرتی تایبەتە کە پشتیوانی لەو بیرۆکانە بکەن و ڕێکارە ئیدارییە ئاڵۆزەکانیان بۆ ئاسانتر بکەن. کاتێک گەنجێک ئامادەیە کات و وزەی خۆی بۆ خزمەتی گشتی و چارەسەرکردنی کێشەی هاووڵاتیان تەرخان بکات، دەبێت هەست بکات کە کۆمەڵگە و دامەزراوەکانیش پاڵپشتێکی بەهێزی ئەون.
ئەزموونی “سولی پاس” تەنها سەرکەوتنی تاکەکەسێک نییە، بەڵکو پەیامێکە؛ کاتێک دەرفەت بۆ گەنجان بڕەخسێت، دەتوانن کێشە گەورەکان بە نەرمەکاڵا بچووکەکان چارەسەر بکەن. گرنگ نییە تەنها ئەم پڕۆژەیە بپەسەندرێت، بەڵکو گرنگتر ئەوەیە ئەم مۆدێلە بکرێتە سەرەتایەک بۆ کردنەوەی دەرگا لەبەردەم دەیان بیرۆکەی هاوشێوەی تردا لە سەرانسەری کوردستان.
بەختیار حسێن -رۆژنامەنوس

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP