نەوەی نوێ .. كش مات !
عەتا شەمێرانی
بەستەڵەکی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەرەو توانەوە دەچێت، بەرەوپێشچوونی بەرچاو بە ئاراستەی گەیشتن بە ڕێککەوتن لەسەر پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان هاتۆتە ئاراوە، ئەم پێشهاتەش بوارێکی کەم بۆ بەشداریکردنی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە دەسەڵاتی جێبەجێکردنی داهاتوودا بەجێدەهێڵێت!
بڕیارە سبەی گۆڕەپانی سیاسی شایەتحاڵی هەڵوێستێکی نوێی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بێت، کە ڕەنگە ئاماژە بێت بۆ کۆتایی هاتنی ئەو لێکنزیکبوونەوەی سیاسییەی کە لەم دواییانەدا لەگەڵ یەکێتیدا ئەزموونی کرد. دەتوانرێت ئەمە وەک گۆڕانکارییەک بەرەو قۆناغێکی جیاواز لێکبدرێتەوە!!
ئەوەی ئەمڕۆ ڕوودەدات ، ته نها ڕاستییەکی له مێژینه له جیهانی سیاسەتدا پشتڕاست دەکاتەوه: هاووپەیمانییەکان بنەمای جێگیر نین، به ڵکو ئامرازێکن بۆ گه یشتن به ئامانج و به ڕژه وه ندییەکان. ئەوانەی کە لە ڕووی سۆزدارییەوە سەیری سیاسەت دەکەن، ڕەنگە بە گۆڕینی هەڵوێستەکان تووشی سەرسوڕمان بن، لە کاتێکدا ئەوانەی بە شێوەیەکی واقیعی سەیری سیاسەت دەکەن، لەوە تێدەگەن کە هێزە سیاسییەکان بەپێی حیساباتی کاریگەری و هاوسەنگی هێز و دەرفەتە بەردەستەکان، کاردەکەن!!
ڕۆژانی داهاتوو گرنگ دەبن، نەک تەنها لە ڕاگەیاندنی پێکهاتەی حکومەتی نوێدا، بەڵکو لە نەخشەکێشانی ڕێکخستنە سیاسییەکان بۆ قۆناغی داهاتوو- قۆناغێک کە ڕەنگە سەرسوڕهێنەرێکی زیاتری تێدابێت لەوەی زۆرێک پێشبینی دەکەن!
ئەوانەی لە کێڵگەی سیاسەتدا کاردەکەن دەبێ لەوە تێبگەن کە سیاسەت کایەی ئاواتخوازانە نییە، بەڵکو گۆڕەپانی حیساباتی وردە. ئەوانەی کە شکست دەهێنن لە لێکدانەوەی وردی گۆڕانی بارودۆخەکاندا، لە کۆتاییدا خۆیان لە پەراوێزدا دەبیننەوە!!
سیاسەت وەک شەترەنج وایە؛ پاشا زۆر ناجوڵێت، بەڵام چارەنووسی یارییەکە هەندێک جار بە جوڵەی پیاوێک بڕیاری لێدەدرێت کە هەمووان پێیانوابوو بێ بەهایە!