دواین هەواڵ

ژیان وەکو کاڵایەکی هەرزان

‌لوقمان حەوێز

05/10/2022

زۆر لەلاتان سەیر نەبێت ئەوەی دەیبینن و ڕوودەدات لەم ووڵاتە، عێراق ووڵاتێکە لە ساڵی 2003 وە لە دوای ڕووخانی ڕژێمی سەدام لەلایەن ئەمەریکاوە سەروەری لەدەست داوە، دڵنیابن لەو کاتەوە لەسەر ئاستی نێو دەوڵەتی بە گشتی هیچ حیسابێک بۆ ئەو ووڵاتە و خەڵکەکەشی ناکرێت، تەنیا وەک نمونەیەک دەیهێنمەوە ئەمساڵ لە ڕیزبەندی پاسەپۆرتەکانی ووڵاتان پاسەپۆرتی عێراقی لە دوای ئەوەی سۆماڵیشەوەیە، لە هەر هەموو ووڵاتانی جیهان تەنیا ئەفغانستان نەبێت کە تاڵیبان حوکمی دەکات پاسەپۆرتەکەی لە دوای هی ئەوەی عێراقە...

لە کاتێکدا منیش وەکو ئێوە هێرشەکانی ئێران و میلیشیا بەکرێ گیراوەکانی و پێشتریش ئەوانەی تورکیا بۆ سەر کوردستان ڕیسوا دەکەم، بەڵام دەبێت بزانین ئێستا عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە بۆتە گۆڕەپانی تۆڵەکردنەوە و تەسفیەکردنی حیساباتی هەموو ووڵات و هێزە ناوچەییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەگەڵ یەکتر، بۆیە بە نەبوونی ووڵاتێکی سەقامگیر و سەروەر و بەهێز، هەروەها بەهۆی نەبوون یان لاوازی دامەزراوەکانی بەداخەوە پێ ناچێت ئەو تاوانانە وا زوو کۆتاییان پێ بێت...

لەگەڵ ئەوەی بۆ ئێمە کێشە و خەمی سیاسی و مرۆیی پەنجا ملیۆن مرۆڤی کورد کە گەورەترین نەتەوەی سەر ڕووی زەویە تەواوی خاکەکەی داگیر کرابێت و دابەش کرابێت بەسەر چوار ووڵات و بێ بەش کرابێت لە بوونی ووڵاتی خۆی لە پێشەوەی هەموو خەمەکانمانە، بەڵام دڵنیاش بن ئێستا ئێمە لە کاتێکدا هەین و دەژین کە مرۆڤایەتی گەیشتووە بە لوتکەی قەیرانەکان و هەموو قەیرانەکانیش لەسەر تەقینەوەن، کێشەکانی جیهان هێندە گەورە و زۆرن ئەگەر لەم دوو سێ دە ساڵەی داهاتوو چارەسەر و یەکلایی نەکرێنەوە ئەوا خودی مرۆڤ پێش کۆتایی ئەم سەدەیە یان دەبێت یان نابێت...

شەڕەکان وقەیرانە گەورەکانی جیهان کە دەیەهان، کێبڕکێیە نا بەرابەر و نا دروستەکان لە نێوان زلهێزەکان بەبوونی ئەو هەموو چەکە وێرانکەرانە لە موشەکی بالیستی سوپەر سۆنیک و هایپەر سۆنیک و کڵاوە ناوکیەکان و بۆمبە کارۆ موگناتیسیەکان تەنیا هەندێکن لە کێشە گەورەکانی مرۆڤ لە سەدەی بیست و یەک، لەلایەکی تریشەوە گۆڕانی کەش و هەوا دەستی بە تەشەنکردن کردوە لە زۆر شوێنی جیهان، پێدەچێت ئەویش لەبەر کێشە سیاسیەکان و ڕێک نەکەوتنی زلهێزەکان لەگەڵ یەکتر لەسەر دانانی سنورێک بۆ ئەو دیاردە ترسناکە لە دوای دە بۆ پانزە ساڵی تر بەتەواوی لەدەست دەربچێت و تەواو تەنگ بە ژیانی ملیارەها مرۆڤ هەڵبچنێت و ببێتە هۆی بەرپابوونی کۆچی بەکۆمەڵ و سەرهەڵدانی شەڕ و قەیرانی نوێ و گەورەتریش...

بە داخەوە لە جیهانێکی زۆر خەمناک و سامناک دەژین، لە ئەمڕۆدا کە سەدەها ملیۆن مرۆڤ برسی و بێ لانەن بەڵام ساڵانە ووڵاتە گەورەکان پتر لە دوو ترلیۆن دۆلار لە دروستکردنی چەک سەرف دەکەن بۆ بەکارهێنانیان لە شەڕەکان و کوشتنی مرۆڤەکان، لە جیهانێکدا دەژین بە داخەوە لەسەر ئاستی هەموو جیهان ژیانی مرۆڤ بۆتە کاڵایەکی هەرزان بە بەراورد بە کاڵاکانی تری وەک نەوت و زێڕ و دۆلار، سەران و بەڕێوەبەرانی ووڵاتان خەمی ئەو دیوی سنورەکەی خۆیان نیە ئەگەر ملیۆنەها کەسیش ئاوارە بن یان برسی بن،

من زۆر لەوە دەترسم ئەوە هۆکاری بێ دەنگی گەردوونیش بێت، لەوە دەترسم ئەوە خەسڵەتێکی هەموو ژیانێکی زیرەک بێت کە سەرهەڵدەدەن لە نێو گەردوون، دەترسم هەموو بونەوەرە زیرەکەکانی تریش لەسەر هەسارەکانی تر وەکو مرۆڤ خۆویست و بەرژەوەند خواز بووبن، بەهۆی خۆویستیان و دوای داهێنانی تەکنەلۆژیا و زانست هەموو داهێنانەکانیان بەکارهێنا بێت بۆ لەناوبردنی یەکتر و وێرانکردنی ژینگەی سەر هەسارەکەیان، بە نیمچە دڵنیاییەوە ئێستا ئێمە بەرەو ئەوە هەنگاو دەنێین، مرۆڤ لە سەدەی بیست و یەک خەریکە بە دەستی خۆی گۆڕ بۆ خۆی هەڵدەکەنێت...

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP