یەکەمجار کە تەوقەم لەگەڵ بارزانی کرد
ساڵی ١٩٨٦-١٩٨٧، بارزانی سەردانی لقی یەکی کرد لە دەڤەری بادینان. ئەو کاتە شەڕی نێوان پێشمەرگە و ڕژێمی بەعس بەردەوام بوو و هەموو ناوچەکەش لە ژیر ئابلوقەی رژێمدا بوو.
سەرۆک بارزانی لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە پێشمەرگەکان بڕیاریان دابوو سەردانی لقی یەک بکەن. پێش ئەوەی بچن بۆ لقی یەک، سەردانی گوندەکەمان کرد. ئەو کات زۆربەی خەڵکی هێتوت لە شیڤی و هەندێک ناوچەی تری نیشتەجێ بوون و پێشمەرگە بوون. ئەو کاتە تەمەنم زۆر کەم بوو و ئەو ڕووداوە وەک خەونێک لە بیرم دێتەوە. مام سەعدولڵا، کە کەسێکی دیاری گوندی هێتوت بوو، ئێمەی کۆکردەوە و باسی ئەوەی کرد کە کەسێکی گرنگ میوانی ئێمەیە و ئەویش بارزانییە. مام سەعدولڵا ئێمەی بە سەف رێز کرد.
ماوەیەکی کەم تێپەڕی و ژمارەیەکی زۆر لە پێشمەرگەکان هاتن. لە نێوانیاندا دیار بوو کە بارزانیش لەگەڵیاندا بوو. کاتێک بارزانی ئێمەی بینی، هاتە لای ئێمە و یەک بە یەک تەوقەی لەگەڵمان کرد. هەروەها، یەک بە یەک لە ئێمەی دەپرسی ناوت چییە هەندێک بە تەعلیقەوە دەڵێن تۆ ئەو کات تەنانەت ناوی خۆشت بە دروستی بە بارزانی نەگوتووە!
دوای ئەوەی تەوقەکردنەکە تەواو بوو، وەک هەندێک لە خەڵکی گوندەکەمان دەگێڕنەوە، بارزانی بە بینینی دیمەنەکانی ئێمە و هەژاریی خەڵکەکە نارەحەت و غەمگین بوو؛ چونکە ئەو شوێنەی ئێمەی لێ نیشتەجێ بووین، هیچ شتێکی تێدا نەبوو؛ واتە تەنانەت سەرەتاییترین پێداویستییەکانی ژیانیش لەوێ نەبوون. خەڵک بە زۆر سەختی ژیانیان بەڕێوە دەبرد. خەڵک زۆر هەژار و نەدار بوون. زۆربەی ئێمە کە بو پێشوازیی سەرۆک بارزانی هاتبووین، پێلاومان لە پێ نەبوو یانیش بە پێلاوی دراو هاتبووینە پێشوازی . ئەمە بەدەر لەوەی جلوبەرگی دراو و بێ سەروبەر وهەزار پارچەمان لەبەر بوو. هەروەها لەو ناوچەیەی ئێمە لێی دەژیاین، نە قوتابخانەیەک هەبوو و نە نەخۆشخانەیەک؛ واتە هیچ شتێکی نەبوو. تەنها شتێک کە ئەو خەڵکەی لەوێ هێشتبوویەوە، کوردایەتی و کوردستان بوو.
ئەوانەی لەوێ بوون و قسەیان بۆ ئێمە کرد، باسی ئەوەیان کرد کە بارزانی دڵی بە حاڵی ئێمە سووتا. بارزانی لەوێ بۆ دلنەوایی هەندێک قسەی بۆ پێشمەرگەکان کرد و گوتی:ڕاستە، ژیانی ئەو منداڵانە وەک پێویست نییە، بەڵام دڵنیابن ڕۆژێک دێت هەموویان دەخوێنن و دەبنە کەسایەتییەکی گرنگ و گەورە لە ناو گەلەکەی خۆیاندا و خزمەتی کوردستان دەکەن. بارزانی نانی نیوەڕۆی لە گوندەکەمان، لە ماڵی خال ئەنوەر کەریم، خوارد و دواتر بەڕێکەوت بۆ لقی یەک.
دوای چەند ڕۆژێک لە سەرەدانی بارزانی ، دیار بوو جاشەکان هەواڵەکەیان دابوو بە ڕژێم. لە بەرەبەیانییەکی زووەوە تا ئێوارە، فڕۆکەکانی بەعس بردوومانی شیڤی یان کرد و چەند بریندار و شەهیدێکیش هەبوو، لەوانە شەهید نەبی هێتوتی. بەداخەوە، ئەوانەی هەواڵی هاتنی بارزانییان بە ڕژێم دابوو و ئیش و کاریان ئەوە بوو، ئەمڕۆ بوونەتە هەمەکارە لە ناوپارتیدا سوودمەندی یەکەمن و تەنانەت بەبێ ئەوان کارەکانمان بەڕێوە ناچن.