دواین هەواڵ

کۆمەککردن بۆ لابردنی پەچەی زۆرەملێ

‌د. نیاز نه‌جمه‌دین

25/09/2022

هیچ رژێمێکی سیاسیی و هیچ دەوڵەتێکی دیکتاتۆریی نییە بە کۆمەکی دەوڵەتانی باڵادەست و دەوڵەمەندی تر نەبێت توانیبێتی بژی و بمێنێتەوە.
بەعس نەیدەتوانی بمێنێتەوە، ئەگەر بە قەرز و چەک کۆمەکیان نەکردایە.

ئەسەد ناتوانێت بمێنێتەوە کۆمەک نەکرێت.

رژێمی بۆگەنی سیاسیی ئێرانیش ناتوانێت خۆی لە بەردەم خەڵکی ئازادیخوازی ئێراندا راگرێت ئەگەر کۆمەک نەکرێت. ئەم رژێمە بۆگەنە هەرچی رێگایەک هەیە گرتویەتیەبەر تا مرۆڤ لە مرۆڤبوون بخات و خۆی بمێنێتەوە. خۆشبەختانە لەم پرۆسەیەدا شکستی هێناوە و ئەمڕۆ دەنگێکی بەرز بە روویدا دەقیژێنێت. ئەو دەنگە دەبێت کۆمەک بکرێت و ئەو هێزە نابێت درزی تێکەوێت.

کەچی دەبینین چوار لەچکی بەزۆرکراوەسەر سوتێنراوە، خەریکە ئەسڵی مەسەلەک وون دەکەن. ئەسڵەن سوتاندنی لەچک هیچ هەڵەیەکی تێدا نییە مادام سیمبولی رەتکردنەوەی خۆسەپاندنە.

بەعسیزم چییە جگە لەوەی بە زۆر دەتکەن بە بەعسیی؟ کە بە زۆر کردیتیان بە بەعسیی، یان یەکێتیی، یان پارتیی، یان هەر شتێک، دەبێت فڕێی بدەیت کاتێک دەرفەتت هەبوو.

لەچکیش کە بە زۆر درا بەسەری کچەکانماندا، دەبێت فڕێی بدەن کاتێک دەرفەتێکیان دەستدەکەوێت.

ئیشی ئێمەش (جا باوەڕداربیت بە ئیسلام یان مولحید بیت) بەرگرییە لەو هەڵوێستە.

خۆ هیچ سەرپۆش بەسەرێک نەدراوەتە بەر شەق تا لۆمەیان بکەین، تەنها لەچکە و پێمان دەڵێن بە زۆر دراوە بەسەریاندا. تۆ ئەمەت پێ قبوڵ نەکرێت، یانی لەگەڵ کەلتوری خۆسەپاندندایت، لەگەڵ ئەوەدایت کە بە شەق بۆچونەکانی جەنابت جێبکرێتەوە. ئەگەر وابێت، ئەوا تۆش لە ریزی ئەوانەی کۆمەکی رژێمە دیکتاتۆرییەکە دەکەیت، تەنها ئەوەیە ئاسانتر بۆت دەچێتە سەر چونکە بەناوی خودا و "موقەدەس"ەوە ئەم ئیشە دەکەیت.

ئەوەی خەڵک پێویستێتی کۆمەککردنی یەکترە، لە بری ئەوەی لە یەکتردا خاڵی لاواز بدۆزنەوە و بیکەن بە درز و شەبەق و هێزەکەیان پەرتەوازە ببێت.

مەبەستم لەمانە ئەوە نییە کە خۆپیشاندانەکانی ئێران تەنها بۆ لابردنی پەچەن، بەڵکو بەشێکی سیمبولە، سیمبولی لاوازبوونی رژێم، سیمبولی پیشاندانی ناڕەزایی بەرامبەر بەو رژێمە، کە دەبێت پشتگیریی بکەین و روخانی لە قازانجی مرۆڤایەتییە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP