دواین هەواڵ

سەرنجێک دەربارەی بازاڕی سێکس

‌د. نیاز نه‌جمه‌دین

25/12/2022

قەدەغەکردنی کڕین و فرۆشتنی سێکس داخوازییەکی ئیسلامیی نییە، شتێک نییە تەنها کۆمەڵگەیەکی ئیسلامیی بیەوێت جێبەجێی بکات و وەک دەستکەوتێکی خۆی باسی بکات. سوید لە ١٩٩٩ەوە قەدەغەی کڕینی سێکسی کردووە و بەدوایدا نەرویج و ئایسلاند و ئیرلەندە و هەڵەش نەبم کەنەدا شوێن ئەم مۆدێلە کەوتوون.زیاتر مەبەستم ئەوەیە با ئەمەش نەبێت بەهۆکارێک بۆ ناتەبایی و مەسەلەکە ببێت بەوەی کێ خاوەنێتی: رۆژئاوا یان ئیسلام ؟

ئایدیاکە ئەوەیە ئایا لەشفرۆش سزا بدرێت یان لەشکڕ؟ ئەمە پرسێکی ئابوورییە و زۆربەی بۆچونەکان ئەوەیە سزادانی لەشکڕەکە وادەکات خواست لەسەر کڕین و فرۆشتنی سێکس کەم ببێتەوە.

لە رووی سیاسی و فەلسەفیشەوە، بۆچونەکە ئەوەیە تۆ ناتوانیت رێ لە کەسێک بگریت چی بە جەستەی خۆی دەکات. جەستەی خۆی هی خۆیەتی. بۆیە هەردەبێت رێ لە کەستمەرەکە بگریت، توشی سترێسی بکەیت و بەکورتییەکەی بە سزای توند زیڕەی پێ بکەیت و نەهێڵیت بە دڵییەوە بنوسێت تا لەو دیاردەیە دوورکەوێتەوە.

بەهەرحاڵ، قەدەغەکردنی ئەم دیاردەیە مەتڵەبێکی رۆژئاواییشە و بە ملیۆنان کەس دژی بازرگانیی سێکسن، شتێک نییە دنیای ئیسلامیی پۆزی پێوە لێ بدات. لە هەرێمی کوردستانیشدا داخوازیی هەر ئەو کەسانە نییە کە نوێژکەر و رۆژوگرن. ئەمە خاڵێکە زۆرینە دەتوانن لەسەری کۆک بن.

بەڵام لە کوێدا سەرکەوتوو بووە؟ وەک چۆن لە ئێراندا سەرکەوتوو نەبووە و وڵاتێکی ئیسلامییشە،

لە کۆمەڵگەی کوردییشدا ئەگەری سەرکەوتنی کەمە، لەبەرئەوەی سێ پایەی سەرەکیی دەوێت و لێرە پتەو نین: پایەی یاسایی، پایەی کۆمەڵایەتیی، پایەی ئابووریی.
لە رووی یاساییەوە،

ئێمە دەبینین لە غیاب و لاوازیی پایەی یاساییدا، کاک بافڵ بڕیار دەدات. سوپاسی ئەو دەکەین، بەڵام ئەمە بۆ خۆی بەڵگەی نەبوونی هەیمەنەی یاسا و لایەنی یاساییە. هەروەها ململانێی سیاسیی نێوان دەستە و تاقمەکان و کەڵەکەکردنی سامان ناهێڵێت لەسەر هیچ خاالێک کۆک بن.
بۆیە شوێنی لەشفرۆشیی فڵان مەسول دادەخرێت وهی فڵان مەسولی تر هێز نییە بچێت بە لایدا.واتە خودی سیاسییەکەش بژاردەی زۆری لەبەردەست نییە و زۆر دژایەتیی دەکرێت.

لە رووی ئابوورییەوە.

هەم هەژاریی و بێکاریی و هەم نایەکسانیی زۆرە: ئەگەر هەژاریش نەبن، مرۆڤی هاوچەرخ تازە بە هیچ شتێک بە ئاسانیی تێر ناکرێت، شتەکانیش پارەیان دەوێت و بە پارە چارە دەبن نەک بە عەقڵ و قسەبۆکردن و ئەو شتانە. ئەمانەش رۆڵیان هەیە لەوەی بازاڕی کڕین و فرۆشتنی سێکس بەردەوام بێت هەم وەک ئامرازی راکێشانی کڕیار و هەم وەک کەرەستەی غەریزەتێرکردن. واتە کەلێنی چینایەتیی بەهێزتر بووە و سێکسیش سەرچاوەیەکی قازانکۆکردنەوەیە و ئاسان نییە دژایەتیی بکرێت.

لە رووی کۆمەڵایەتییەوە،

کۆمەڵگەیەکە ئازادیی تیدا نییە و تەنها لە زەواجدا رێت پێ دەدات سێکست دەستکەوێت. خەڵکەکەش (زیاتر جیلی نوێ) کە لە روویەکەوە بۆ سێکس زەواج دەکەن، بە رێژەی بەرچاو فەشەل دەهێنن و بەرگەی ئەم فەشەلە ناگرن و بەربەستی هاتنە دەرەوەش زۆر زۆرە. زۆر کەسم دوواندووە و گەشتوم بەو دەرئەنجامەی لە هەندێک ئاستدا، گەشەی خواست لەسەر سێکس خۆی ئیفرازی بازاڕی هاوسەرگیرییە کە سەر ئێشەت توش دەکات، لە رۆتینی خۆیدا بێزارت دەکات، تەنانەت فەنتاسییە سێکسییەکانیشت تێر ناکات(واتە ئەم دوو خزمەتگوزارییە بەدیلی یەکترن و کار لە بازاڕی یەکتر دەکەن).

لە نێوان بازاڕی هاوسەرگیریی و بازاڕی سێکسدا ئەوەیە پەیوەندیی کراوە هەبێت و سێکس وەک بەشێک لە حەز و ئارەزوو دەستکەوێت، نە ناچار بیت بیکڕیت و نە ناچار بیت هاوسەرگیریی بۆ بکەیت. بەڵام تێچووی ئەمەش بەرزە، بەتایبەت لەسەر کچان.

بەکورتیی، ئەگەر رۆژئاوا بە دەست زۆریی بژاردەکانەوە دەناڵێنێت، کۆمەڵگەی ئێمە بە دەست کەمی بژاردەوە.بژاردەکە هاوسەرگیرییە و هاوسەرگیرییش پڕە لە کێشە و پێمان خۆش بێت یان نا، دنیای نوێش بە هەموو ئیغرائاتەکانییەوە چۆتە ناو پەیوەندییەکانەوە و ئاسان راناگیرێن.

کەواتە هۆکار زۆرن خواست لەسەر سێکسکڕین زیاد بکات (یان دەبێت خۆت سەرکوت بکەیت).

لەم ژینگەیەدا، جیاوازیی نێوان دەستە و گروپەکان فکر و ئارگومێنتی زانستیی نییە بەلکو شەرعییەتپێدان و تۆمارکردنی یەکترە گوایە من بە ئەخلاقم و تۆ نا. مەبەستم چییە؟ لە وڵاتێکدا زانست رێزی هەبێت و ئازادیی هەبێت، گوێت لە کەسێک دەبێت دەڵێت (با بازاڕی کڕینی سێکس هەبێت چونکە راستە من وتۆ خۆمان دەگرین بەلام هەندێک هەن خۆیان ناگرن و تەحەروش بە کچ و ژن دەکەن. ئەمانە بە ترساندن چارە نابن. پێویستە لە پلانداناندا بیر لەوانیش بکرێتەوە نەک بانگەشەی گرتن و سەرپانکردنەوەیان بکرێت). یەکێکی تر ئەڵێ (نا با نەبێت، چۆن دەبێت دەرگای بازرگانیی بە جەستەوە بکەینەوە؟ ) کەسیش ناڵێت لەسەر ئەم بیرکردنەوەیە تۆ بێ ئەخلاقیت.

لە بری مشتومڕی زانستیی، شەرعییەتدان هەیە کە زۆر سادە و ساکار و بێ بیرکردنەوەیە. جیاوازیی نێوان ئەم بەرەیە(بەرەی شەرعیەتپێدان) ئەوەیە کێ شەرعیەتێک پەیدا دەکات کۆمەڵگە قبوڵی بکات؟ بەهێزترن شەرعییەت لە کۆمەڵگەی ئێمەدا ئەوەیە لە کونوکەلەبەرێکدا حەدیسێک یان ئایەتێک دەستخەیت. ئیتر سیغە دەکەیت، دوو ژن دەهێنیت، ژن تەڵاق دەدەیت بۆت ئاسان دەبێت کەسیش ناپرسێت کاکی فەتواچیی لە کوێ خوێندووتە؟ ئۆکسفۆرد یان هارڤارد و ئەمەت لە کوێ بوو؟ ئەشتوانیت لە شاخ و شۆڕشەوە شەرعییەتێک بهێنیت و بەسە بۆ ئەوەی دەوڵەمەند ببیت، رابوێریت، دوو ژن بێنی، هتد. من و تۆ دژی فڵانە کەسین تەنها لەبەرئەوەی شەرعیەتی لە شوێنێک نەهێناوە، سەر بە مەزهەب و دیدگاکەی من و تۆ نییە. جا بۆیە گرنگ ئەوەیە شەرعیەتێک بێنیت، لە شاخەوە بێت یان لە مێژووەوە یان لە رۆژئاواوە تا دەرفەتەکانی ئەم کۆمەڵگەیەت دەستکەوێت.

وەلحاڵ، زەمینەی کەمکردنەوەی بازرگانیی بە سێکسەوە لای ئێمە ئامادە نەکراوە. تەنانەت راگەیاندنیش رۆڵی باشی لەمەدا نییە، کۆمەڵگەش ئەیەوێت خۆی بسەپێنێت بێ ئەوەی سوچی دەرگایەکی تر بکاتەوە و مشتومڕی قوڵتر سەرپێ بخات، تا ئەو رادەیەی بڵێم دنیا خەریکە لەناو سادەییدا دەخنکێت: سادەیی لە بیکردنەوە و زۆر شت.
هەڵبەت خۆشحالییەکی گەورەیە بۆ هەر مرۆڤێک لە هەر شوێنێکی دنیا بێت ببینێت کەس پێویستی بە کڕین و فرۆشتنی سێکس نەماوە. قەدەغەکردنی بە یاساش هەنگاوێکی باشە وەلەو کەموکورتە.


Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP