دواین هەواڵ

کوردستانێکى بەهێز لە نێو عێراقێکى ئاڵۆز و پڕ قەیراندا

‌رێبوار حەمەلاو شوانی

12 کاتژمێر پێش ئێستا

لە دواى ڕووخاندنى ڕژێمى بەعس لە ساڵى 2003 ، وێراى ئەوەى هیواکان بۆ ئایندەیەکى باش و عێراقێکى دیموکراسى و هاوبەشى و پێکەوەژیان وسازان بوو ، بەڵام زۆرى نەخایاند ڕێک پێچەوانەکەى بینرا چوونکە زێهینیەتى تاکڕەوى و خۆپەرستى و فاشیزمى زاڵ بوو بەسەر عێراقى نوێ و دیموکراسى و دەستوورى و گەل و پێکهاتەکانى دیکە پاشگوێ خران ، ئەوەش وایکرد ، رۆژ بە رۆژ عێراق نقووم بێت لە نێو کۆمەڵێک قەیرانى سیاسى و ئابوورى و ئەمنى ، کە تێیدا لە دەرەوەى سنوورەکان فەرمان وەربگرێت لەجیاتى هێزەکانى سەربازى وپۆلیس و ئەمنى ، ئەو میلیشیا لە یاسا دەرچووەکان دەستبەسەر هەموو جومگەکانى دەسەڵاتدا بگرن ، لە نێو هەموو ئەو قەیران و  ململانێیە ئاڵۆزانەدا ئەوەى باوەرى تەواوى بە دیموکراسى و هاوبەشى و هاوسەنگى و سازان و چارەسەرى کێشەکان هەبووە تەنها هەرێمى کوردستان و سەرکردایەتییە سیاسییەکەى بووە و لە پێناوەشدا تا ئێستا باجى قورس دەداتەوە 
ئەوەى وایکردووە، عێراقى دیموکراسى و فیدڕاڵى گەشە نەکات و ئاڵۆزییە سیاسییەکان بەردەوامیان هەبێ ، پابەند نەبوونى دەسەڵاتددارانى بەغدا بووە بە سیستەمى فیدڕاڵى و دەستوور و هاوبەشى و نەبوونى سەروەرى یاسا و زاڵبوونى هەندێک کەس و لایەنى لە یاسادەرچوون بە سەر هەموو جومگەکانى دەسەڵاتە ، ئەوەش ڕەنگدانەوەیەکى خراپى لە رەوشى خزمەتگوزارى و گەندەڵى لە گشت دامودەزگەکان لێکەوتۆتەوە ، دواى 22 ساڵ عێراقێکى لاواز و بێ ئیدارەى لێ هاتۆتەبەرهەم ، تەنیا ناتوانێت سەروەرى خۆشى بپارێزێت و بەرگرى لە خۆى بکات ، لەوەش مەترسیدارتر و کارەساتبارتر ئەوەیە دەستى وڵاتانى دراوسێ و نێودەوڵەتى لە نێو کاروبارى سیاسى و ئەمنى عێراق و تێوگلان لەشەڕ و جەمسەربەندییەکان و ململانێیەکان ناوچەکە وانکردووە زیانى گەورەى سیاسى بەر خەڵکى عێراق بە شێوەیەکى گشت و لە بەرژوەندى هەندێک کەس  و وڵات تەواو ببێت
لەنێو ئەو ئاڵۆز و هاوکێشە قورسانەدا سەرکردایەتى سیاسیی کوردستان ، خاوەن سەنگ و پێگەیەکى تایبەتە ، چونکە وەک ئاماژەمان پێکرد ، کاتێک هاوبەشى و سازان و هاوسەنگى شکست بێنێت ، ئەوا عێراقیش ناتوانێت رۆڵى خۆى بگێرێت ، بۆیە هەڵەیان کرد کاتێک سیاسەتى پەراوێز خستنی گەلى کورد و کوردستانیان گڕتەبەڕ، ئەوەتا لە هەموو قۆناغەکاندا بەبێ پشتیوانى گەلى کورد ناتوانن یەک هەنگاو بۆ پێکهێنانى هەر سێ سەرۆکایەتییەکى عێراق بنێنن ، واتا هەتا نەگەڕێنەوە بۆ سیاسەتى هاوبەشى ، ئەستەمە سەقامگیرى و متمانە بێتەدى 
بەدڵنییاییەوە ، ئەرکى کورستان تەنها پێکهێنانى حکوومەتى عێراق نییە، بەڵکو گەلى کورد و بەتایبەتى سەرۆک بارزانى ، رۆڵى گرنگیان لە نووسینەوەى دەستووورى هەمیشەیی عێراق لە ساڵى 2005 بیننى ، بەڵام دەسەڵاتدارانى بەغدا خۆیان لە جێبەجێبکردن بنەماکانى فیدڕاڵى و دەستوور کشاندەوە و چەندین کێشە تا ئێستا بە جێبەجێ نەکراوى ماونەتەوە کە بریتین لە : 
یەکەم ،، پرسى چارەسەر کردنى بودجە و مووچەکى کوردستان وبەتایبەتى لەماوەى 12 ساڵى رابردوو ، وەک کارتێکى فشار لەلایەن دەسەلاتدارانى بەغداوە دژى هەرێمى کوردستان بەکارهێنراوە 
دووەم ،، تا ئێستا هیچ یاساییەک بۆ نەوت و غازى دەرنەکراوە ، هەروەک خۆى ماوەتەوە و بۆیە زۆرجاران دەسەڵاتدارانى بەغدا دادگاىفیدڕاڵیان وەک کارتێک بۆ ڕێگریکردن لە هەناردەکردن و فرۆشتنى نەوتى کوردستان بەکارهێناوە 
سێیەم ،، جێبەجێ نەکردنى کێشە ناوچە کوردستانییە داگیرکراوەکان کە بە ماددەى 140 ى دەستوور ناسراوە هەر لە کەرکووکەوە تا شەنگاڵ و تا ئێستاش سیاسەتى فاشیزمانەى بە عەرەبکردن و داگیرکردن و ڕاگواستنى کورد لەو ناوچانە بەردەوامى هەیە 
چوارەم ،، بوونى زیاتر لە 300 هەزار چەکدار ومیلشیایی کە خۆى لە دەیان گروپى تیرۆریستى لە یاسا دەرچوون دەبینێتەوە نەک تەنها ئاسایشى عێراق بەڵکو لەماوەى رابردوو دا چەندین جار هێرش وپەلامارى هەرێمى کوردستان و ناوچە ئابوورى و ستراتیژییەکانیان داوە ، بەغداش بێ توانایە لە چەککردن و کۆتایی هێنان بەو میلیشیایانە 


پێنجەم ،، کاتى ئەوە هاتووە دواى 22 ساڵ ئەزموونێکى لە رابردووى ناتەبایی و لێکترازانى نێوماڵى کوردى وەربگرین ، پێوەستە هەموو هێزولایەنە سیاسییەکان بە کوردستانێکى بەهێزەوە و یەکدەنگ بچنە بەغدا پێداگرى و رژد بن لە سەر بەدیهێنانى مافەرەواکانى خەڵکى کوردستان ، چونکە لاوازى کورد هۆکارى زیانگەیاندنە بە بەرژوەندییە باڵاکانى نەتەوە و نیشیمان 
لەوەش گرنگتر ئەوەیە، کاتێک دەسەڵاتدارانى عێراق ڕۆڵ و پێگەى گەلى کورد ، سەرکردایەتییەکەى بەرچاو ناگڕن ، ئەو کاتەیە هاوسەنگى و سازان و هاوبەشى لە عێراق تێکدەچێت ، مێژوو سەلماندوێتى بەبێ جێبەجێنەکردن و ڕێزگرتن لە مافەرەوا دەستوورییەکانى کوردوکوردستان ئەستەمە سەقامگیرى وئارامى لە عێراق بێتەدى ، کوردیش دەبێت بە یەکهێز ئامادە بێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى هەموو ئەگەر و ئاستەنگەکان و چونکە کاتێک عێراق کێشەکان چارەسەر ناکات ، ئەوا لە ناوقەیرانەکاندا نقووم دەبێت بەرەو ئاقارێکى مەترسیدار و نادیار 
.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP