دواین هەواڵ

هێرشی تورکيا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان؟

‌رەنج نەوزاد

9 کاتژمێر پێش ئێستا

بە پێی هەواڵ و دەنگۆ و هەندێک ڤيديۆ، تورکيا جموجۆڵێکی سەربازی لەسەر سنوور و لە رۆژئاوای کوردستان دەستپێکردووە و، دەوترێت ئەگەری هێرشکردنە سەر ڕۆژئاوای کوردستان هەیە. هەرچەند تورکيا لەسەر ئاستی فەرمی ئەو دەنگۆیەیی ڕەت کردەوە. هۆکاری ئەو جموجۆڵانە لەوانەیە ئەوە بێت تورکيا پێیوایە کات دەڕوات و هەسەدە نە چەکی داناوە، نە تێکەڵبووە بە سوپای سوريا، نە لاواز بووە، هاوکات ئەمريکاش نەک نەکشاوەتەوە، بەڵکو هێزەکەی زیاتر کردووە لە ڕۆژئاوا و سووريا. 

ئەو جموجۆڵە، بە گشتی دوو ئەگەری هەیە، یاخود بۆ فشارە، بۆ ئەوەی کۆمەڵێک سازش بە هەسەدە بکات، یاخود وا لە ئەمريکا بکات هەسەدە ناچاری سازش بکات بۆ ئەوە جەنگێکی نوێ لەناوچەکە ڕوونەدات، بە تايبەت تڕەمپ خوازياری ئاشتی و سەقامگيرييە لەناوچەکە. 

ئەگەری دووەم ئەوەیە تورکيا هێرشێکی سەربازی دژ بە رۆژئاوای کوردستان ئەنجامدەدات. بە پێی پێدراوەکان، ئەو هێرشە بچوک و سنووردار و کورت دەبێت، تەنيا بۆ فشار و ترساندنە. چونکە شەڕێکی فراوان دژ بە رۆژئاوای کوردستان پێويستی بە سەروو ١٠٠ هەزار سەرباز و ئامادەکارييەکی گەورە هەیە، جارێ ئەمە ديار نييە. هاوکات ئەو جۆرە هێرشە پێويستی بە گفتوگۆ دەبێت لەگەڵ ئەمريکا. سەبارەت بە ئەگەری هێرشێکی فراوان بۆ ڕووخانی رۆژئاوای کوردستان و داگيرکردنی، ئەوەیان ڕوونادات، ئەگەر ڕووبدات دەکرێت زیانەکانی بۆ تورکيا زیاتر بێت. هيچ ئاماژەیەکيش بۆ ئەوە نييە. هێرشێکی لەو جۆرە، پێويستی بە لایەنی کەم ٥٠٠ هەزار سەرباز دەبێت، فاکتەری ئابووری و سەربازی و دبلۆماسی ڕێگری دەکەن لەوە، ئەمريکاش تەواو دژیەتی. 

ئەوەی دەمێنێتەوە مەترسی هێرشێکی سنووردارە، هەسەدە پێويستە بە تەواوی خۆی بۆ ئامادە بکات. ئامانج لەو شەڕە چاوەڕوانکراوە دەبێت هەوڵدان بێت بۆ ئەوەی کورد خاک لە دەست نەدات، تەنانەت ئەگەر گوندێکيش بێت. ئەردۆگان پشت بە گروپە تيروريستييەکانی سەر بە تورکيا دەبەستێت لە سوريا، هاوکات تيرۆريستەکانی سەر بە جۆلانی، دەکرێت جۆلانی بە فەرمی بەشداری نەکات، بەڵام هاوکاری تورکيا دەکات. 

بۆ شەڕێکی سنووردار وەرگرتنی ڕەزامەندی ئەمريکا ئاسانترە، یاخود، دەکرێت بێ ڕەزامەندی ئەمريکا ئەوە ڕووبدات. کورد پێويستە ئەوە بزانێت، بڕياری هەڵە یەکێکە لە سيماکانی بەشێکی زۆری جەنگ و شەڕەکان. هاوکات، دەوڵەت بۆ بابەتی ئاسايشی نيشتيمانی و بەرژەوەندی باڵا پەيوەست نابێت بە ڕەزامەندی ئەوانی ترەوە، تەنانەت ئەگەر بزانێت زیانی گەورەش دەکات. 

خاڵێکی گرنگ پێويستە سەرکردایەتی کورد لەبەرچاوی بگرن، ئەمريکا لەناوچەکە، بۆ نموونە لەسوريا، پێويستی بە هەمووانە و دەيەوێت هەمووان ڕازی بکات، دواجار هەمووان ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ خزمەت بە هەژموونی ئەمريکا دەکەن. 

ئەمريکا دەستبەرداری هەسەدە نابێت، هاوکات لەگەڵ جۆلانی پەيوەندی باشە و دەستبەرداری ئەويش نابێت، تورکيا هاوپەيمانێکی گرنگی ئەمريکایە بێ گومان لەدەستی خۆی نادات لەبەر کورد. لەم هاوکێشە ئاڵۆزەدا، بۆ ئەوەی جۆلانی لەژێر دەستی ئەمريکا بمێنێتەوە، پێويستە هەسەدە لای ئەمريکا بێت. هەر کات جۆلانی سەرپێچی بکات، ئەمريکا بە هەسەدە دەيترسێنێت. هاوکات، بۆ ئەمريکا هەسەدە زۆر گرنگە و بەديلی نييە لەناوچەکە، بۆ ئەوەی هەسەدە بەردەوام لە بەرەی ئەمريکا بێت، پێويستە جۆلانی و تورکيا هەبن، هەر سەرپێچييەک بکات، بە تورکيا و جۆلانی دەيترسێنێت. تەنانەت خودی تورکيا، ئەگەر سەرپێچی بکات، ئەمريکا بە هەسەدە فشاری لێدەکات. بە گشتی زلهێزێکی وەک ئەمريکا، سروشتييە بەو شێوەیە مامەڵە دەکات. لەوانەیە خودی تڕەمپ بەو جۆرە نەبێت، بەڵام دەزگا سەربازی و هەواڵگری و سياسييەکانی ئەمريکا بەو شێوەیە سياسەت دەکەن. 

هەر بۆیە زۆر کات تورکەکان دەڵێن ئەمريکا لە دژی تورکيا هاوکاری کورد دەکات. کورد دەڵێت ئەمريکا لەبەر تورکيا دەمانفڕۆشێت، سوورييەکان دەڵێن هەسەدە جاشی ئەمريکایە... ئەمريکا دەيەوێت، تا ئەندازەیەک دڵی هەمووان ڕازی بکات، هاوکات کارتی فشاری بۆ هەمووانيش هەبێت. ڕازيکردنی هەمووان بە ئەندازەیەک، واتە هەمووان تا ئەندازەیەک ناڕازيشن. هەمووان دەبێت شتێک سازش بکەن، تورکيا دەبێت سازش لەوە بکات کە قەوارەی رۆژئاوای کوردستان بسڕێتەوە، جۆلانی دەبێت سازش لە سوريایەکی بەهێز و ناوەندی بکات، هەسەدە دەبێت سازش لە بەشێک لە سەربەخۆیی سياسی و ئيداری و سەربازی بکات. 

لەوانەیە ڕێگەدانی ئەمريکا بە ئۆپراسيۆنێکی سنوورداری تورکيا لە رۆژئاوای کوردستان، لەو چوارچێوەیە خوێندنەوەی بۆ بکرێت. ئەگەر ئەمجارەش هێرش ڕوونەدات، کورد پێويستە هەموو کات ئامادە بێت، چونکە هێرشی تورکيا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان هەميشە ئەگەرێکی کراوەیە. 

هەوڵدان بۆ گفتوگۆ لەگەڵ تورکيا و گەيشتن بە جۆرێک لە ڕێککەوتن، تەنانەت ئەگەر هەندێک سازش بکرێت، بە بێ سازشی قوورس، ئەوا کارێکی باشە بۆ ڕێگرتن لە شەڕ. ئەگەر کۆمەڵێک سازشی سنوودار بکرێت، لە کاتی ئاشتی بە ڕێککەوتن بێت باشترە، نەک لە کاتی جەنگ، ئەو کات سازشەکان زۆر زیاتر دەبن بە تايبەت بۆ لایەنی لاواز. سازشەکانی حەماس و غەززە و حيزبوڵا و لوبنان بۆ ئيسرائيل نموونەیەکی زەقە بۆ سازشی لایەنی لاواز لە کاتی جەنگ.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP