دواین هەواڵ

گاپ، مه‌ترسییه‌ گه‌وره‌كه‌

‌ئومێد قەرەداخی

23/05/2022

((وه‌ك چۆن نه‌وت سه‌رمایه‌ی سروشتی عێراقه‌ ، ئاویش سامانی سروشتی توركیایه‌))ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان

"یەک بةرميل نەوت بەرامبەر بە یەک مەتر سێجا ئاو"، ئەوە وتەی سلێمان دێمریلی (١٩٢٤_٢٠١٥) سەرۆکی تورکیا بوو لە کاتی کردنەوەی بەنداوی ئەتاتورک ساڵی ١٩٩٣
((جه‌نگی جیهانی سێیه‌م یان نابێت یان له‌سه‌ر ئاو ئه‌بێت ))"، پوتڕس پوتڕس غالی (١٩٢٢_٢٠١٦) سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان.

پڕۆژەی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ/گاپ بریتییە لە دروستکردنی ٢٢ بەنداو لەسەر هەر دوو ڕووباری دیجلە و فوڕات و بنیاتنانی ١٩ پڕۆژە و وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا و، یەکێکە لە گرنگترین پرۆژەکانی گەشەپێدانی باشووری ئەنادۆڵ و، سەرەتاکەی دەگەڕێتەوە بۆ دوای دامەزراندنی کۆماری هاوچەرخی تورکیا. ئامانجەکەیشی ئەوکات، ساڵی (١٩٣٠)، خۆی لە خستنەگەڕی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا و دروستکردنی چەندین بەنداو لەسەر ڕووباری فورات دەبینییەوە.

پڕۆژەی گاپ گەورەترین و پڕبایەخترین پرۆژەیە کە دەوڵەتی تورکیا لە مێژووی خۆیدا ستراتیژی بۆ دانابێت. پڕۆژەکە بە ڕێژەی (٨٠%) پشت بە ئاوی فوڕات دەبەستێت، (٢٠%)یشی لەسەر ئاوی دیجلە دەبێت. ئەم پڕۆژەیە چەندین پارێزگه‌ و ناوچە دەگرێتەوە وەکوو: باتمان، دیاربەکر، سرت، لکس، ماردین، غازی عەنتاب و شانلی ئەدەرنە؛ (٩,٧%)ی ڕووبەری تورکیا دەگرێتەوە، (٢٠%) زەویی کشتوکاڵی تورکیایش لەخۆ دەگرێت. پرۆژەکە تا ئێستا بڕی (٣٢) ملیار دۆلاری ئەمەریکیی تێ چووە.

دیزاینکردن و داڕشتنی پڕۆژەکە لەسەر دەستی پسپۆڕێکی ئاودێریی ئیسڕائیلی بە ناوی "شارۆن ئالوزوروف" دانراوە. ئەندازیارەکەیشی "یوشع کال" ئیسڕائیلییە. پرۆژەکە کاریگەرییەکی زۆر لەسەر کەمکردنی پشکی ئاوی عێراق/هەرێمی کوردستان و سووریا دادەنێت. ئاوی فوڕات (٤٠%) لە سووریا و (٧٥%) لە عێراق کەم دەکات و، مەترسییەکی گەورەیشە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەییی وڵاتانی عەرەبی و ناوچەکە.

له‌ ئێستادا به‌هۆی به‌كارهێنانی دوو به‌نداوی پرۆژه‌ی گاپ ، دووملیار م 3 ئاوو كه‌میكردوه‌ ، ئه‌مه‌ش بۆته‌ هۆی وشكبوونی 625000 هێكتار زه‌وی ، له‌ باشووری عێراقدا 3 ملیۆن دونم زه‌وی به‌ ته‌واوی وشكبوون و هیچ جۆره‌ به‌رهه‌مێكی كوشتوكاڵی تیا ناچێنرێت.

له‌ حاڵه‌تی خستنه‌كاری به‌نداوی ئه‌لیسۆ توانای سروشتی ئاوی دجله‌ له‌ 20.93 ملیار سێجا ئاو له‌ ساڵكدا، كه‌م ده‌كات بۆ 9.7 به‌مه‌ش 47% ئاوی دجله‌ كه‌م ئه‌كات، به‌مه‌ش روبه‌ری زیاتر له‌ 2 ملیۆن هێكتار زه‌وی رووبه‌رووی بێ ئاوی و مه‌ترسی به‌ بیابانبوون ئه‌بێته‌وه‌ ، ئه‌گه‌ر به‌نداوه‌كانی دیكه‌ به‌كار بێت ئه‌وا توانای ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ ئاوی هه‌ر یه‌ك له‌ دجله‌ و فورات به‌ رێژه‌ی 80% كه‌م بكاته‌وه

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP