آیت اللە خمینی ڕێبەری شۆڕشی ئيسلامی ئێران و دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی توانی لە شەڕ لەگەڵ عێڕاق تەواوی خاکی داگیرکراوی ئێران ڕزگاربکات، بەڵام بۆ پاراستنی کۆماری ئیسلامی و کۆتایی هێنان بە جەنگ جامی ژەهری نۆشی، هەرچەندە ئەو کات دروشمی ئێرانییەکان (ڕێگای قودس بە کەربەلا تێدەپەڕێت) بوو، بەڵام بە گرتنەبەری سیاسەتی پراگماتیانە پارێزگاری لە سیستەمی سیاسی ئێران کرد و کۆتای بەجەنگ هێنا.
ڕێبەری دووەم آیت اللە خامنەای تاکو لە ژیاندا مابوو لەسەر ڕێچکەی سەربەخۆیی لە بڕیاردانی ئێران (استقلال) و پاڵپشتی کردن لە بەرەی مقاومە و بە پێی ئەدەبیاتی خۆیان شەڕی استکبار (استکبار ستیزی) بەردەوام بوو.
بەلام لەسەردەمی سەید علی خامنەای لە ناوخۆی ئێران ناڕەزایەتی لەسەر سیاسەتی یەک ڕەهەندی ناوخۆیی، نەبوونی ئازادی و سزا ئابورییەکان و خراپی باری ئابوری هەبوو. ناڕەزایەتیيە دەرەکییەکانیش لە دەست تێوەردانی ئێران لە وڵاتانی ناوچەکە بە پالپشتی کردنی گروپە میلییشاییەکان لەو سەردەمە لە ئاستێکی بەرزبوو، لە ئاستی نێو دەوڵەتییش نیگەرانی لە پەرەپێدانی بەرنامەی ناوەکی ئێران هەبوو.
سەرەڕای گلەییەکانیش لە سەردەمی خامنەی ئێران لە بواری زانست و تەکنۆلۆژیا پێشکەوتنی بە خۆیەوە بینیووە، بەپێی ڕاپۆرتی ئاتبین موئەیدی لە گۆڤاری Spectator Australia، ئێران خاوەنی دووەم پلەیە لە (STEM)دەرچوانی زانکۆیە لە بواری زانست، تەکنۆلۆژیا، ئەندازیاری و ماتماتیک لە ئاستی جیهان بە پێی ڕێژەی دانیشتوانی، ئەو پێی وایە ئەو وڵاتە دەتوانێت ببێتە سیلکون ڤالی Silicon Vally ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
هەروەها لە سەردەمی ڕێبەرایەتی خامنەی ئێران توانیوویەتی پەرە بە زانستی ناوەکی خۆماڵی بدات و تاکو لە ژیاندا بوو ڕێگەی نەدا ئێران چەکی ناوەکی دروست بکات.
سەبارەت بە پاڵپشتی گروپە چەکدارەکانیش و تێکدانی بارودۆخی ناوخۆی وڵاتان، ئێران هۆکاری سەرەکی نەبووە لە تێکچونی بارودۆخی وڵاتان، بەڵکو بە تێکچونی بارودۆخی ناوخۆی وڵاتێک لە ناوچەکە هەولی داوە شوێن پێی خۆی بکاتەوە و بەداخەوە لە جیاتی ببێتە فاکتەری سەقامگیری وەکو فاکتەرێک بۆ زیاد کردنی ناسەقامگیری لەو وڵاتانە بینراوە. لە شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش ئێران ڕۆلی هەبوو، چونکە بە هەڕەشەیەکی ئایدیۆلۆژی و ئەمنی لەسەر خۆی و شیعەکان و دۆستانی خۆی دەبینی.
لە دوای نەمانی آیت اللە سید علی خامنەی بە دیارکەوت کە کۆماری ئیسلامی تەنیا سیستەمێک نیە کە بۆ کەسێک دامەزرابێت و بوونی بە کەسێکەوە پەیوەست بێت، بەڵکو دیار بوو کە دەوڵەتێکی دامەزراوەی ئاڵۆزە ،کە هێز لە ئایدیۆژیای ئایینی و هەستی بەهێزی نیشتمانپەروەری و ئێرانی بوونی هاووڵاتییان و فەرهەنگی بەرخودان وەردەگرێت. هەروەها دیار بوو کە سەید علی بە خۆی خاوەن هزری سەبری ستراتیژی بوو و بە تیرۆرکردنی لەو کاتەی کە ئێران لە گفتوگۆ بوو لەگەڵ ئەمریکا، جێگرەوەکانی ئەو سەبرەیان نەما و شەڕی مان و نەمانیان دەست پێکرد، تەنانەت سڵیان نەکردووە لە هێرشە کردنە سەر دراوسیێیەکانی خۆیان.
هەرچەندە لە ڕووی سەربازییەوە تاکو ئێستا ئێران بە لاوازی توانا سەربازییەکانی بەراورد بە دوژمنەکانی، توانیویەتی بەرامبەر بە ئەمریکا و ئیسڕائیل سەرەڕای ئەو زیانە زۆرەی کە پێی گەیشتووە خۆڕاگر بێت.
بەڵام ئایا ڕێبەری نوێ سەید مجتبی خامنەی دەتوانێت بەردەوام و سەرکەوتوو بێت لەم جەنگە بۆ ئەوەی مەرجەکانی وڵاتی خۆی بۆ کۆتایی هێنانی یەکجارەکی بە شەڕ بسەپێنێت.
یان وەکو پڕۆفیسۆر رۆبەرت پێیپ Robert pape پێی وایە ئێران لە ئێستادا بە کۆنتڕۆلکردنی گەروی هورمز وەکو یەکێک لە پێنج وڵاتە بەهێزەکانی دونیا دەرکەوتووە، ئایا آیت اللە مجتبی خامنەی دەتوانێت ئەو پێگە بەهێزەی کە ڕۆبەرت پەیپ باسی کردووە بچەسپێنێت، یاخود بە بەردەوامی دان بە جەنگ لەگەڵ ئەمریکا و ئیسڕائیل و بە هێرشە کردنە سەر دراوسێیەکانی، بەرەیەکی فراوان لە ناوچەکە دژ بە خۆی دەکاتەوە و وڵات بەرەو وێرانی زۆر دەبات، یان ئاخو ڕێبەی نوێ دەتوانێت وەکو آيت اللە خمینی جامی ژەهر بنۆشێت و سود لە دیپلۆماتکارە بە تواناکانی ئێرانی و ناوبژیوان و نێوەندگیرە بەهێزەکان وەربگرێت و کۆتایی بەو جەنگە وێرانکەرە بهێنێت کە شارستانییەتی ئێرانی خستووەتە بەر مەترسی.
گەلی ئێران بە شێوەیەکی گشتی لە ناوەخۆ تەنانەت زۆر لەوانەی لە نظامی ئێرانیش ناڕازین دژی هێرشی دەرەکی و تێکدانی ژێرخانی وڵاتی خۆیانن و پاڵپشتی لە کۆماری ئیسلامی دەکەن، هەندێ لەوان بە ئاشکرا دەڵێن دوای کۆتایی هاتنی جەنگ ئێمە شەڕی دیموکراسی دەکەین، کەسانی زۆریش لەدەرەوە دژی جەنگن، تەنانەت کەسایەتییەکی مەزنی هزری وەکو دکتۆر عبدالکریم سروش پشتیوانی خۆی بۆ ئێران ڕاگەیاندوە.
بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگ، نەبوونی متمانە و داخستنی دەرگای گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا گرفتی سەرەکیین ، چونکە کەسایەتی سەرۆک ترەمپ جیاوازە، دیپلۆماسییەتی ئەو کەسییە و اعلامیە. نەک نهێنی و دامەزراوەییە، حەز دەکات کڕێدیتی کۆتایی بۆ خۆی بێت، لایەنی ئێرانی هەر لە سەرەتاوە ئەم ڕاستییەیان پشت گوێ خستووە.
بۆ کۆتایی هاتنی جەنگ ڕۆلی سەرۆک وەزیران ئیسڕائیلیش گرنگە و وەکو پێدەچێت ئەو ئەم جەنگە بە بەشداری ئەمریکا وەکو دەرفەتێکی زێڕین بۆ کۆتایی هێنان بە ڕژێمی ئێران دەیبنێت، بەڵام پرسیار ئەوەیە ئایا تاکەی ئیسڕائیل دەتوانێت لە جەنگدا بێت، ئەی ئەگەر کۆماری ئیسلامی نەڕوخا ، بۆیە کێشەی بنەڕەتی ئیسڕائیل کە پرسی گەلی فەڵەستینە دەبێت چارەسەر بکرێت و دەوڵەتی خۆیان هەبێت . گەلی یەهودیش شایانی ئەوەن لە ئاشتیدا بژین و باشترین ڕێگا ڕێگای ئاشتیانەیە.
ڕۆلی سەرەکی بۆ گەیشتن بە ئاشتی لە ئێستادا بۆ سەرۆک ترەمپ دەگەڕێتەوە، هەڵبەت ئەگەر لە قوڵایی دڵییەوە خوازیاری کۆتایی هێنان بە جەنگ بێت، گرنگە لایەنی سایکۆلۆژی بەرپرسانی ئێرانی لەبەر چاو بگرێت، کە دوو جار لە کاتی دانوستانەکان هێرشیان کراوەتە سەر و باڵاترین کەسی وڵاتیان کە نەک تەنیا پێگەی سیاسی بەڵکو پێگەی بەرزی ئايینیشی هەبووە کوژراوە. وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا وەکو سوپەر پاوەر و پێشڕەوی جیهانی ئازاد ئەرکی جیهانی زۆری لەسەرشانە بۆ چەسپاندنی ئاشتی بەڕێگای دیپلۆماسی.
بۆ ئەوەی ئێران بتوانێت لە ئاشتییەکی سەقامگیر بێت پێویستە کێشەکانی لەگەڵ ئەمریکا چارەسەر بکات، سیاسەتێکی دەرەکی جیاواز لە جارانیش لە ناوچەکە پەیرەو بکات، پێداچونەوە بە ناردنی شۆڕش بکات، گەلانی ناوچەکە سالانێکی دوورو درێژە لە شەڕی بێ مانان و سەرمایەی زۆر و توانای زۆری ناوچەکە لە جیاتی ئاوەدانی بۆ تێکدان و دژ بە یەکتر بەکار دەبردرێت.
باوەری تەواوم هەیە هێزی ئاشتیخواز و خێر خواز لە کۆتاییدا بەسەر دەکەوێت.
زۆر ناڕەوایە گەلێک یا وڵاتێک ئاسایش و خوشگوزەرانی خۆی لە نائەمنی و خراپی بارودۆخی گەلێکیتر ببینێت . ناوچەکە پێویستی بە سیستمێکی ئەمنی نێوان وڵاتانی ناوچەکە هەیە کە لەسەر بنەمای ئاسایش و ئاشتی بۆ هەموان و ڕێز گرتن لە مافی گشت نەتەوە و پێکهاتەکان دانرابێت، نەک لەسەر حەز و ویستی نەتەوە باڵادەست و وڵاتە بەهێزەکان بونیاد نرابێت.