دواین هەواڵ

لێدوانەکانی ترەمپ سەبارەت بە چەکدارکردنی خۆپیشاندەرانی ئێران

‌نەوزاد هێتوتی

5 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەمڕۆ ترەمپ لە دیدارێکدا لەگەڵ Fox News  باسی لەوە کرد کە گوایە چەکی زۆریان بۆ خۆپیشاندەرانی ئیران ناردووە، بەڵام پێی وایە ئەو چەکانە نەگەیشتوون و کوردەکان بۆ خۆیان بردوویانە. سەرنجەکانم لەسەر ئەم لێدوانە بەو شێوەیەی خوارەوەیە:

یەکەم، هەرچەندە بەدڵنیاییەوە قسەکانی ترەمپ ڕاست نییە، بەڵام ئەگەر گریمان کوردەکان ئەو کارەیان کردبێت و چەکەکان نەدرابێتە دەست خۆپیشاندەران، ئەوا کارێکی درووستیان کردووە. ئەمریکا هەزاران ڕێگا و میکانیزمی هەیە بۆ چەکدارکردنی خۆپیشاندەرانی ئیران، بۆچی دەبێت کورد ئەو کارە بکات؟ بە تایبەتی، بۆچی کورد لایەنگرانی رەزا پەهلەوی پرچەک بکات، لە کاتێکدا ئەو بە ئاشکرا لە راگەیاندنەکاندا هەڕەشەی لە کورد دەکرد؟ بۆیە ئەمە ئەرکی کورد نییە کە ئیرانییەکان چەکدار بکات؛ با خۆدی و ئۆپۆزسیۆنی ئیران ئەو کارە بکەن.

دووەم، داواکاری  هەرە سەرەکی کورد ئەوە بووە کە ئەگەر پشتگیری و یارمەتی هەبێت، بتوانن ناوچە کوردییەکان ئازاد بکەن. ئەمەش دەکرا ببێتە سەرەتای فراوانبوونی خۆپیشاندان لە سەرانسەری ئیران و لەو ڕێگەیەوە سیستمی سیاسی بروخێنرێت. واتە، ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکرا ببێتە ناوەندی ڕزگارکردنی تەواوی ئیران. کوردەکان داواکارییەکی ڕەوایان هەبووە، کە ئەویش ئەوەیە پشتیان  بەرنەدرێت    وەک تۆم باراک لە ڕۆژئاوا  کردی پشتیان لێ نەکرێت کە پێیان گوت ئێوە ئیسکپایەر بوون.  بەڵام دیار بوو ترەمپ لە ژێر کاریگەری لۆبی تورکیا، ئەم بژاردەیە بەکارنەهێنرا، هەرچەندە دەتوانرێت دواتر دووبارە بەکاربهێنرێت.

سێیەم، ئەم تویتەی ترەمپ لەوانەیە بە شێوەیەکی ناراستەوخۆ هەڕەشەیەک بێت بۆ ترساندنی ئیران. بە تایبەتی ئەمڕۆ هەڕەشەی زۆر توندی لە ئیران کردووە کە ئەگەر ڕێککەوتن نەکات، کارەساتێکی گەورە ڕوودەدات. ئەم جۆرە قسانە دەتوانێت وەک کارتی فشاری سیاسی بەکاربهێنرێت. بە باسکردنی کارتی کوردی و چەکدارکردنی خەڵکی ئیران، ترەمپ دەتەوێت پەیام بدات کە ئەم بژاردەیەش هیشتا لەسەر مێزە و ئەگەری بەکارھێنانی هەیە، بۆ ئەوەی ئیران ناچار بە سازش بکات.

چوارەم، دەکرێت ئەم قسانە وەک بیانوویەکیش بێت بۆ شکستی سیاسەتی ترەمپ، چونکە نەیتوانرا لە ڕێگەی خۆپیشاندانەکانەوە سیستمی ئیران بروخێنرێت. هەموو کەس دەزانێت خەڵکی مەدەنی و بێچەک ناتوانن بە ئاسانی دەسەڵاتی دیکتاتۆری بروخێنن. بۆیە ترەمپ بەو قسانە دەیەوێت بڵێت بەرنامەی چەکدارکردن هەبووە، بەڵام کوردەکان ڕێگرییان لێکردووە. ئەمە زیاتر پەیامێکە بۆ ناوخۆی ئەمریکا. لە هەمان کاتدا، دەتوانێت هاندانیەکیش بێت بۆ ئەوەی کورد هێرش بکەنە سەر ئیران. لەلایەکی ترەوە، ئەم قسانەی ترەمپ بۆ کوردیش مەترسییەکی جیدی دروست دەکات

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP