دواین هەواڵ

پارادۆکسی ئابووری ئەمریکا؛ چۆن نەوت دەبێتە فریادڕەس و تەکنەلۆژیا دەبێتە خاڵی لاواز؟

‌ئومێد قەرەداخی

24 کاتژمێر پێش ئێستا

نوێترین ڕاپۆرتەکانی لیژنەی بازرگانی نێودەوڵەتی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکەن کە کورتهێنانی بازرگانی ئەو وڵاتە گەیشتووەتە ئاستێکی پێوانەیی و نزیبووەتەوە لە ٩١٢ ملیار دۆلار. بەڵام ئەوەی سەرنجڕاکێشە، تەنیا ژمارە گشتییەکە نییە، بەڵکو ئەو گۆڕانکارییە گەورەیەیە کە لە ناو جومگەکانی ئابووری ئەو وڵاتەدا ڕوویداوە.

تەکنەلۆژیا و پیشەسازی: پشتبەستنی مەترسیدار بە ئاسیا
گەورەترین "خاڵی لاواز"ی بازرگانی ئەمریکا لە کەرتی ئەلیکترۆنیات و تەکنەلۆژیادایە. کورتهێنان لەم کەرتەدا گەیشتووەتە ٣٣٤ ملیار دۆلار. ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە ئەمریکا سەرەڕای پێشەنگییەکەی، بەڵام بۆ دابینکردنی ئامێرەکان و پێکهاتە وردەکان بە شێوەیەکی قورس کەوتووەتە ژێر ڕەحمەتی بازاڕەکانی ئاسیا. هەروەها لە کەرتەکانی ئامێری گواستنەوە و پیشەسازی کیمیاییشدا کورتهێنان بە ڕێژەیەکی خێرا زیادی کردووە.

 وزە: خاڵە گەشاوەکەی ئەمریکا
بە پێچەوانەی سێکتەرەکانی تر، کەرتی وزە بووەتە فریادڕەسی ئابووری ئەمریکا. لە ساڵی ٢٠١٩دا قازانجی بازرگانی وزە تەنیا ١.٢ ملیار دۆلار بوو، بەڵام لە ٢٠٢٤دا باز داوە بۆ ٨٠ ملیار دۆلار. ئەمریکا ئێستا وەک "زلهێزێکی هەناردەکاری نەوت و غازی سروشتی (LNG)" دەردەکەوێت، بەتایبەت بۆ بازاڕەکانی ئەوروپا. ئەمەش ڕوونی دەکاتەوە بۆچی ئیدارەی ترەمپ هێندە جەخت لەسەر کۆنترۆڵکردنی بازاڕی نەوت و گەرووە جیهانییەکان دەکاتەوە.
 شۆکە گەورەکە لە کەرتی کشتوکاڵدایە!
یەکێک لە ناخۆشترین وەرچەرخانە مێژووییەکان بۆ واشنتۆن، گۆڕانی کەرتی کشتوکاڵە لە "قازانج"ەوە بۆ "کورتهێنان". ئەمریکا کە ڕۆژانێک سەبەتەی خۆراکی جیهان بوو، ئێستا کورتهێنانی کشتوکاڵییەکەی لە ٩ ملیار دۆلارەوە بۆ ٤٦ ملیار دۆلار بەرزبووەتەوە. ئەمەش بەهۆی گۆڕانی شێوازی بەکاربردنی ناوخۆیی و زیادبوونی هاوردەکردنی کاڵا خۆراکییەکانە.
 ئەنجام:
ئەم ئامارانە پێمان دەڵێن کە ئەمریکا لە کاتێکدا لە بواری وزەدا دەبێتە هێزی یەکەمی جیهان، لە بەرامبەردا لە بواری پیشەسازی و تەکنەلۆژیا و تەنانەت خۆراکیشدا زیاتر پشت بە دەرەوە دەبەستێت. ئەم هاوکێشە نوێیە وادەکات "شەڕی بازرگانی" و "گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست" بۆ ئەمریکا تەنیا بابەتێکی سیاسی نەبن، بەڵکو ململانێی مان و نەمان بن بۆ پاراستنی هاوسەنگی ئابوورییەکەی.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP