دواین هەواڵ

پۆست و ناپۆست...دروست و نادروست

‌ئاراس وەلی

14/01/2022

چی لە بەغدا دەگوزەرێ دروستە و، چی لەهەرێم دەگوزەرێ نادروستە..!

لە ڕاستیدا دروست و نادروستی وەرگرتنی پۆستێکی سیادی یان وەرنەگرتنی ئەو  پۆستە، دروست لەحەکایەتی مێش دەچێت..!

حەکایەتی مێش بە کورتی بریتە لەم ڤەرشونە سادەیە.." حەکایەتی مێشت بۆ بکەم...!

بەڵێ..!
مەڵێ بەڵێ..!
ئەی بڵێم چی...!
مەڵێ ئەی بڵێم چی..!
حەکایەتی زۆر وتن و هیچ نەکردن.

بەمانایەکی تر ئەوەی لە بەغدا دەگوزەرێ  ململانێیەکە لە نێوان دوو تەرەفدا یان زیاتر، کە ئامادەن بە دەیان سەعات قسە لەسەر یەک بکەن لە میدیاکاندا، بەڵام ئامادە نین چەند خولەکێک قسە لەگەڵ یەکدا بکەن..!

ئەوەی لە بەغدا دەگوزەرێ  بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت چ نییە، بێجگە لە سینایۆ ئیقلیمی و بەرژەوەندیە ئاڵۆزە هەمە چەشنە ئیقلیمیەکانی موتربە بە گەندەڵی و زۆر شتگەلی ناشرینتر لە گەندەڵی..!

پۆستی سەرۆک کۆمار.. ئەگەر پۆستێکی تەشریفاتی و کەم دەسەڵات و بێ ئەرزشە و ...هتد خێرە ئەم هەموو شەڕ و ململانێ و  ملشکاندن و مل چەماندنەەی بۆ دەکرێت..!

عێراق وەک پڕۆژەیەکی فاشیل نەک فازیل، دەبوایە کوردی باشور بە هەزار تەکلیف و پاڕانەوە چ پۆستێکی لە هەیکەلی ئەو دەوڵەتەدا وەرنەگرتایە...

کوردی باشور لە دوای ساڵی 2003-2005  ودروستبونی کابینە یەک لەدوای یەکەکان  دەبوایە تەنها بەیەک تاکە نوێنەر وەک نوێنەری بەرژەوەندیەکانی کورد و هەرێمی کوردستان بەشداری لەحکومەت و دەسەڵاتی عێراقی فیدڕاڵدا بکردایە.

کلیلی سەرکەوتنی  کورد لە عێراقی کۆن و تازە و داهاتودا یەک شتە، نەک زۆر شت.!.

نێو ماڵی خۆمان تەبا و یەک دەنگ و یەک ڕیز بێت، هیچ گرنگ نییە لە بەغدا یا لە ئانکاراو تاران و دیمەشق، نوێنەرمان زۆر بێت یان کەم..!

چونکە سیحری بەهێزی ئێمە بە زۆری و کەمی نییە، چەند زۆریش بین هەر کەمینەین لە بەغدا، بەڵام پێچەوانەی زۆرینەو کەمینە مەسەلەیەکی ترە..

ئیستیحقاقی کورد لە عێراقی تازەدا بریتییە لە قەرەبوکردنەوەی زوڵمێک  بەرانبەر بە کورد و کوردستان ، بەدرێژایی مێژوی دروسبوونی عێراق.

چارەسەری بنەڕەتی کێشەی کورد لە عێراقدا نە پۆستی سەرۆک کۆمارە، نە ئەوەیە کێ ببێتە سەرۆک کۆمار..!

چارەی بنەڕەتی ئەوەیە ئێمەی کوردی باشور بەتایبەتی و کوردانی دیکە لەبری ئەوەی قسە لەسەر یەک بکەین، باشترە قسە لەگەڵ یەک بکەین.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP