دواین هەواڵ

بەرەو هەڵبژاردن، واتە بەرەو سەرکەوتن

‌سالار عوسمان

20/09/2021

بەرەو هەڵبژاردن دەڕۆین، واتە بەرەو سەرکەوتن دەڕۆین، لەبەرچی؟ لەبەر ئەوەی:

-هەڵبژاردن پرۆسەیەکی دیموکراسی و شارستانییە، کەواتە گەلی کوردستان و عێراق دەستیان وا لە نێو دیموکراسیدایە، دەست و دیموکراسییەک، کە ئەگەر سەرنجیشمان لە بارەیەوە هەبـــێ، لێ بەراورد ناکرێت لەگەڵ میکانیزمە نادیموکراســـییەکان، ئەو میکانیزمە تاریکانەی ژیان دەگەڵ خۆیاندا دەکوژێننەوە، کەواتە پرۆسەی هەڵبژاردن،
پرۆسەیەکە لە پرۆسەکانی سەرکەوتن.

-هەڵبژاردن ڕێزگرتنە لە ویست و بریاری هاوڵاتی، ئەو هاوڵاتییەی، کە دەکرێ لە رێی دەنگی خۆیەوە گۆڕانکاری دروست بکات، بۆیە هاوڵاتی هەقە نەک هەر بەشدار بێت، هەقە بە بیرکردنەوەوە بەشـــدار بێت و دەنگ بداتە کاندیدی ئەو حزبەی، کە شکۆی هاوڵاتیبوونی دەپارێزێت و لە بەغدا وەک کوردێک و وەک خاوەن قەزیەیەک بەرگریی لێ دەکات، بە کورتی دەنگدەر دەبێ دەنگ نەداتە پاشکۆکان، ئەو پاشکۆیانەی هەموو زیهنییەتیان لە بەغدایە و دژی هەرێمی کوردستانن!.. -هەڵبـــژاردن واتە تۆ نەک ئەوانیتر، واتـــە بریاری خۆت نەک کاریگەرییەکان، کەواتە خۆت بە و بەشدار بە و لەپێناو خۆتدا دەنگ بدە. 

-لەم هەڵبژاردنەدا هەرێمی کوردستان دەنگ دەدات، بریار دەدات، بە بەغدا و دراوسێ و دونیـــا دەڵێـــت، ئەوە منم و هەم، ئـــەوە منم و بەربەســـت و غەدرەکانی دونیای بێمرووەت هەرچییەک بن، من وەک چیاکان وەستاوم و لە لووتکەوە سەیری ئاسمان دەکەم!.. 

-لـــەم هەڵبژاردنەدا حزبەکان خۆیان لە مەحەک دەدەن و دەچنە هۆڵی تاقیکردنەوە، هەریەک شاشی و باشی خۆی دەبینێتەوە و، بەکورتی، ئەگەر سەرکەوتن یا کەوتن، دەبێ بەخۆیاندا بچنەوە و ئەم مەحەک و تاقیکردنەوە و خۆهەڵســـەنگاندنەیش پڕە لە پەند و عیبرەت!.. 

-پارتی و کاندیدەکانی، دوێنێ و دەســـکەوتەکانی، ئێســـتێ و ســـووربوونەکانی، لە ئێســـتاوە ســـایکۆلۆژیای ســـەرکەوتنیان دەگـــەڵ خۆیاندا هەڵگرتـــووە، دیارە ئەم سایکۆلۆژیایە خاکەڕایی پارتییانەی مەتڵەبە، ئەو خاکەڕاییەی، دەست لەسەرسینگ بێت بۆ گەل و هەر لەپێناو گەلیشـــدا بچێتە بەغدا، ئێســـتا کاتی ئەوەیە بپرســـین: ئەرێ لە بەغدا، کێن ئەوانەی بۆ کوردستان کار دەکەن و کێن ئەوانەیش کە لە دژی کوردستانن؟!..

-هاوڵاتی دەنگدەر، وەڵامی ئەم پرسیارەت لا بێت، بە ڕوونی دەزانی، بۆ بەشداریکردنت لە هەڵبژاردن گرنگە و، بۆ دەنگت ســـەنگی هەیە و، دەشزانی دەنگ بە کێ دەدەیت؟..

-لەبەر هەموو ئەمانەی باســـمکردن، هەڵبژاردن واتە ســـەرکەوتن، تۆش بەشـــدار بە لە ســـەرکەوتن و لە ڕۆژی دەنگدانـــدا دەنگێک بە لە دەنگەکانی ســـەرکەوتن، هەر بۆ زانیاریت، من بەشـــدار دەبم لە هەڵبژاردن، بەڵێ من بەشـــدار دەبم لەم پرۆسەی سەرکەوتنە و دەنگ بە کاندیدێکی پارتی دیموکراتی کوردستان دەدەم.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP