دواین هەواڵ

(مام) لە دیدى نێچیرڤان بارزانیەوە

‌د. ئەرسەلان بایز

25/08/2021

 بەڕێز نێچیرڤان بارزانى، جێگرى سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان و،چەندین دەورە سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، لە بارەى کەسایەتى مام جەلال و ئەزموونى کارو پێوەندییەکانى خۆى لەگەڵ مام جەلال دەگێڕێتەوەو دەڵێ:

سەیرى پرۆسەى سیاسى لە عێراق و کوردستان بکەن. دواى نەخۆش کەوتنى مام جەلال چیان بەسەر هات. پرۆسەکە لە عێراق هەمووى تێکچوو. نە تەوافوق ما، نە شەراکەت، لەیەکتر تێگەیشتن نەما. هیچ نەما. دەورى ئەو مرۆڤە لە عێراق و کوردستان دەرکەوت. کە چەند کاریگەرى هەبوو. عێراق دامەزراوەیەکى سیاسى ئەوتۆى نیە. بۆیە کەسەکان دەورى کاریگەرو گرنگیان هەیە. مام جەلال هەوڵیدا دەورێکى سەرەکى لە سڕینەوەى ئەو کولتورە نەشیاوەى عێراق بگێڕێ کە هەبوو. کارى بۆ ئایندەیەک دەکرد کە هەموو لایەنەکان لەو پرۆسەیەدا خۆیان بە براوە بزانن. دواى نەخۆش کەوتنى ئەو پیاوە هەموو پرۆسەکە تێکچوو، هەر زۆر زۆر خراپ بەڕێوەچوو.

من لەگەڵ مام جەلال کارى زۆر سەخت و زەحمەتمان بەیەکەوە کردووە. ڕاستە لە تەمەندا زۆر لە یەکتر جیاواز بووین. بەڵام هەمیشە دەیوت وەرە با بەیەکەوە فسکە فسکێک بکەین. زۆر جار ئەو (کلمە)یەى لەگەڵ مندا بەکار دەهێنا. بۆ زۆر لە کێشەکان بەیەکەوە گفتوگۆمان دەکرد. کێشەکانى ناوخۆ، کێشەکانى وڵاتانى دەوروبەر. ئەو هێندە قسە خۆش و ڕوو خۆش بوو لەگەڵ من و لەگەڵ هەر کەسێک کە لە گەڵى بدوایە.

مرۆڤ هەستى بە ماندوو بوون نەدەکرد. من وەکو خۆم زۆر شت لەو فێربووم. مام جەلال پیاوێکى وابوو هەمیشە هەوڵى دەدا کێشەکان بە بنبەست نەگەن، دەرچەیەکى بۆ بدۆزێتەوەو چارەسەرێک بۆ کێشەکان بدۆزێتەوە. من هەرگیز لە بیرم ناچێتەوە کە متمانەى زۆرى بە من هەبوو. لەو کاتەى کێشەى گەورە لە نێوان پارتى و یەکێتیدا هەبوو، شەڕى ناوخۆ هەبوو ئەو لەسەر تەلەفزیۆن بە فەرمى ڕایگەیاند کە ئەگەر فڵانە کەس (نێچیرڤان بارزانى) ببێتە سەرۆکى حکومەت. (ی.ن.ک) ئامادەیە بچێتە ناو ئەو حکومەتە. ئەو قەسەیەى ئەو لە متمانە بوون بوو بە من. لە ڕاستیدا من ئەو شەڕەفەم هەبوو کە توانیم ئەو متمانەیە بەیەکەوە دروست بکەین. زۆر کارى هاوبەشمان بەیەکەوە کرد. تەنانەت لەلایەنى مرۆڤایەتیەوە زۆر کارمان بەیەکەوە کرد. ئەگەر بیزانیایە یەکێک لە خانەوادەى ئێمە (مەسەلەن) نەخۆشە یان کێشەیەک هەیە. زیادەڕۆیی نیە ئەگەر بڵێم سەربارى ئەو هەموو سەرقاڵیەى خۆى لە ئەندامانى خانەوادەى ئێمە زیاتر هەواڵى دەپرسى. یادى ئەو بەڕێزە هەمیشە بە زیندوویی بمێنێتەوە.

خۆشم  گەلێ جار ڕاستەوخۆ گوێم لە هەڤاڵانى بەڕێزى مەکتەبی سیاسى و بگرە بەڕێز نێچیرڤانیش بووە، وتویانە مام جەلال چەند لە یەکێتى نیشتیمانى کوردستان چوو، هێندەش لە پارتى. بە تایبەتى لەگەڵ بەڕێز کاک مسعود بارزانى بەیەکەوە گرێکوێرەترین کێشەى ناوخۆو دەرەوەیان چارەسەر دەکر. کۆچى مام جەلال بۆ بەڕێز کاک مسعودیش کەلینێکى گەورەی دروست کرد چونکە هەردووکیان بەیەکەوە دوو شۆڕەسوارى لێهاتووى مەیدانى سیاسى هەرێمى کوردستان بوون.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP