دواین هەواڵ

مام جەلال: کورسی مرۆڤ گەورە ناکات

‌د. ئەرسەلان بایز

28/11/2021

ڕەحمەت لە گۆڕت (مام جەلال) پیاوە مەزن و دڵ گەورەو بەخشندەکەى کوردستان. لە بیرمە هەموو جارێ کۆت دەکردینەوەو پێتدەوتین. پلەو پایەو کورسى هەڵتاننەگرێ. لە خۆتان بایی نەکات. ماوەى سەر کورسییەکانتان بۆ خزمەتى خەڵک بقۆزنەوە. چونکە کورسى کاتیەوە دەڕوات.

بەڵام ژیان بەردەوامە. دەتوت: کورسى مرۆڤ گەورە ناکات بەڵکو مرۆڤەکان کورسى گەورە دەکەن. ئێوە سەیرى مێژووى مرۆڤایەتى بکەن سەدەها خەڵک چوونە سەر کورسى، دواى تەواو بوونى وادەى کارەکانیان لەبیر چوونەوە. کەسانێکیش کورسییەکانیان گەورە کردو بوونە جێگاى ڕەزامەندى و ڕێز لێنانى خەڵک. لە لاپەڕەکانى مێژوو جێ پەنجەى خۆیان جێهێشت.

دە فەرموون با بەیەکەوە ئەم چێڕۆکە بخوێنینەوە:

دەگێڕنەوە: پاشاى دارستان (شێر) هەموو ڕۆژێ دەچووە سەر ئەو تاکە تەپۆڵکەیەى لەناو دارستانەکە هەبوو. لەوێوە سەیرى هەموو دیمەن و، ڕووداوەکانى دەوروبەرى دەکردو چاودێرى ئاژەڵە (رعیە)تەکانى خۆى دەکرد. لەو دارستانە گەوریە لە خۆى بەولاوە ئاژەڵێکى تر جورئەتى ئەوەى تێدا نەبوو ڕۆژێک لە ڕۆژان بچێتە سەر ئەو تەپۆڵکەیەو جێگەى شێر بگرێتەوە.

لەناو دارستانەکەدا ڕێوییەکى شەڕانگێزو چەتوون و فێڵباز هەبوو، نەکارو کاسبى، ڕۆژانە بە دواى ڕاوکردن و دزى مریشکەکاندا دەگەڕا. بەڵام هەمیشە چاودێرى پاشاى دارستانى دەکرد. تاکو ڕۆژێک لە ڕۆژان لەخۆباییانە بیرۆکەى ئەوەى هاتە سەر بچێتە سەر تەپۆڵکەکەو شوێنى شێر بگرێتەوە. بۆیە بەیانیەک سەر لە زوو پێش ئەوەی شێرەکە  بچێتە سەر گردەکە ڕێوییە لەخۆباییەکە دەست پێشخەریی کردو چووە سەر گردەکە.

کاتێ ئاژەڵەکانى تر ئەو ڕەفتارەى ڕێوییەکەیان بینى زۆر بە ئاسایی وەریانگرتوو وتیان ئەوە دزى مریشک خۆرە لێى ناگیرێ. دواتر کاتێ شێرەکە چاوى بە ڕێوییەکە کەوت کە لە شوێنى ئەو وەستاوەو قۆڵ و باسکى لێ فش کردۆتەوە. زەردەخەنەیەک هاتە سەر لێوى و دەنگى لە گەڵ ڕێوییەکە نەکردو وتى: بابزانین چى دەکات و بە تەماى چیە. بەڵام ڕێوییەکە هەروا بە ئاسانى نەوەستا. بەڵکو کەوتە شەڕنگێزى و تیرو توانج گرتن لە شێرەکەو پێیوت: ها... جەنابی پاشاى دارستان...! هەر لە خوارەوە وەستاوى و نایەیتە سەر گردەکە..؟ پاشاى دارستان وەڵامى دایەوەو وتى: گوێ بگرە ڕێوى مریشک دز.

من لەسەر شاخ بم، یان لەسەر دار تەنانەت ئەگەر لەسەر زەوى و لە خوار گردکەش بم. هەموو پێکهاتەى دارستانەکە دەزانن من چیم... من پاشاى دارستانم. بەڵام  تۆ لە هەر شوینێک بیت. بچیتە هەر شوینێک، تەنانەت ئێستا لەسەر ئەو گردەى کە ڕۆژانە من دەچوومە سەرى و چاودێرى دارستانەکەم دەکرد، تۆ.. هەر ڕێوى دزو مریشک دزەکەت پێ دەڵێن. پێشانیش وتویانە:
دەوران کورسى لە دەست دەستێنێ.
بەڵام ناوى چاک تا سەر دەمێنێ.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP