دواین هەواڵ

کاک نەوشیروان چى نووسیبوو؟

‌د. ئەرسەلان بایز

06/01/2022

مێژوو بۆچى ئەنوسرێتەوە...؟ بۆ ئەوەى پەند لە ڕووداوەکانى وەربگیرێ. ڕابردووى کورد پڕێتى لەخۆ خۆرى، ئەم دەردە، بە درێژایی مێژوو، ماڵوێرانیەکى گەورەى بەسەر هێناوە. کەچى لە سەرانسەرى کوردستانداو، لە هەموو قۆناغەکاندا، دوبارەو چەندین بارە بۆتەوە.

ئەمیر شەرەفخان، لە گێڕانەوەى مێژوەکەیدا لە چەندین شوێن دا ئیشارەت بەخۆ خۆرى و براکوژى و یەکتر کوشتن ئەکا. شەرەفخان نووسیویەتى: یەکێ لەو دەردانەى لەناو هەموو بنەماڵە دەسەڵاتدارەکانى کوردستان دا دوبارە بۆتەوە: دەردى خۆ خۆرى بوە. کورد زاووزێ زۆر ئەکەن و مناڵیان زۆر لێ ئەکەوێتەوە ئەگەر یەکترییان نەکوشتایە ئەوەندە زۆر ئەبون قاتوقڕییان ئەخستە مەملەکەتى ئێران.

ئەحمەدى خانى دانەرى (مەم و زین)یش سکاڵا لە دەس هەمان دەرد ئەکاو ئەڵێ: ئەگەر ئێمە لەناو خۆمان دا (ئیتیفاق)مان هەبوایە، دین و دەوڵەت مان تەکمیل ئەکردو عیلم و مەعریفەت مان تەحێیل ئەکردو. لە باتى ئەوەى وڵاتەکەى ئێمە ببێتە بەرزەخ لە نێوان لەشکرەکانى ڕۆم و عەجەم دا لە گۆمى خوێن نقوم ببێ، هەموو ئەوانە نۆکەرییان بۆ ئێمە ئەکرد.

حاجى قادرى کۆیی: لە خانى تێ ئەپەڕێنێ و ئەڵێ. تا گەلى کورد لەگەڵ یەک ڕێک نەکەون، وڵاتەکەیان هەروا (خەرابە ئاباد) ئەبێ و، (هەتا وەک ئاگرى بن کا)بن (لەگەڵ یەک). ئەگەر (تۆفانە لەشکر) یان (بەپوشەک) و، بەهۆى دەردەوە لە (ژێرى...بون بە دۆشەک).

ئەمین زەکى بەگى مێژوونووس نووسیویەتى (بەڕاستى تاریخ ئاوێنەیەکى عیبرەتە، ئینسان و ئەقوام ئەبێ دائیمەن ئیستیفادەى لێ بکەن. وە لە سەبەبی سەرنەکەوتنى بەعزێ ئیش و قیام باش ورد ببنەوەو توشى عەینى نەتیجەو فەلاکەت نەبن. ئەمین زەکى بەگ بەردەوام دەبێت و دەڵێ ( هۆى تێکشکانى هەمو ئەو بزوتنەوانە زیاتر لە خارج داخیلى خۆیانە، (نیفاق) و (تەفرەقە) و (حەسادەت) و (رقە بەرى) و (غەرەچ)ى ناوخۆیە.

ئەوانەى سەرەوە نووسینى (کاک نەوشیروان)ە لە پێشەکى کتێبی (میرایەتى بابان لە نێوان بەرداشى ڕۆم و عەجەم دا). کە لە ڕاستیدا نووسینێکى بەهێزو پڕ ماناو سوود بەخشە. بەڵام ئایا لە ماوەى ئەو چل و پێنج ساڵەى ڕابردوودا لە دواى هەڵگیرسانەوەى شۆڕشى نوێدا. سەرکردەو کادیرە پێشکەوتووەکانى هەموو حیزبەکانى کوردستان بە براى بەڕێزمان (کاک نەوشیروان)یشەوە تا چەند دەرس و پەندمان لە مێژووى پڕ هەورازو نشێوو ناکۆکى و شەڕى برا کوژى ناوخۆمان وەرگرتووە...؟

بەداخەوە لە هەموو پارچەکانى کوردستان وەکو لە مێژوو نوسراوە ئێستاش خەریکى خۆ خۆرى و یەکتر شکاندنین. هەمووشمان دەزانین ئەو سیاسەتە لە ماڵوێرانى بەولاوە بە هیچ شوینێکى ترمان ناگەیەنێ.

ئێمەى کورد لە هیچ قۆناغێکدا دەرس و عیبرەتمان لە مێژووى شکستەکانى خۆمان وەرنەگرتووە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP