دواین هەواڵ

جەنابی سەرۆک...! کام گرێبەستى سیاسى بۆ عێراق گونجاوە...؟

‌د. ئەرسەلان بایز

19/12/2021

ئەو گرێبەستە سیاسیە نوێیە چیە کە بەڕێزتان بۆ بەیەکەوە ژیانى عێراقیەکان پێشنیارى دەکەن...؟ چونکە لە ماوەى ئەو بیست ساڵەى ڕابردوودا هیچ گرێبەستێک نەبۆتە هۆى ئارامى و بەیەکەوە گونجان و ژیانى تەبایی نێوان پێکهاتە نەتەوەیی و مەزهەبیەکانى عێراق.

پێش چەند ڕۆژێک سەد ساڵ بەسەر دامەزراندنى دەوڵەتى عێراق تێپەڕى. ئەو سیستەمە سیاسیە یەک لە دواى یەکانەى لە ماوەى ئەو سەدەیەى ڕابردوودا حوکمڕانى عێراقیان کردووە. جیا لە جیاکارى لە نێوان پێکهاتەو مەزهەبەکان، جیا لە کودەتاو مەرگەسات و هەڵمەتى کۆمەڵکوژى و شاڵاوى ئەنفال و کیمیابارانى کوردستان و گۆڕى بە کۆمەڵ و تیرۆرو شەڕى نێو نەتەوەو مەزهەبەکان هیچ سیمایەکى ترى لێ نابینرێ. عێراق وڵاتێکى دەوڵەمەندە، سەربارى ئەو هەموو دەرامەتە سروشتى و مرۆیی و پێگە جوگرافیە گرنگەى کە هەیەتى نەیتوانیوە جۆرێک تەبایی لە نێوان پێکهاتەکانى و ژیانێکى ئارام و خۆشگوزەرانى بۆ هاوڵاتیە عێراقیەکان دابین بکات.

کێشەى کورد لە گەڵ بەغدا لەسەرەتاى دروست بوونیەوە تاکو ئەمڕۆ بەردەوامە. چونکە لە بنەڕەتدا کورد نەیویستووە بەشێک لەو دەوڵەتە نوێیە بێت. بەڵکو داواى کیانێکى سەربەخۆی کردووە. نووسراوە مێژووییەکانیش دەگێڕنەوە کاتێ مەلیک (فەیسەڵى یەکەم) لە بارەى سنورى عێراقەوە پرسیار لە ئینگلیزەکان دەکات. (چەرچەڵ)ى ئەوسا وەزیرى (مستعمرات)ى بەریتانیا لە وەڵامدا دەڵێت: (ئێمە ئیمپراتۆریەتێکمان بۆ تۆ دروست نەکردووە تاکو حوکمڕانى بکەیت، بەڵکو دەوڵەتێکى عەرەبیمان بۆ دروست کردویت کە سنورەکەى لە چیاى حەمرین تێپەڕ ناکات، لە چیاى حەمرین بەسەرەوە وڵاتێکى ترە پێی دەوترێت کوردستان). شیاوى باسە لە کۆنگرەى قاهیرەش بڕیاریاندا دەوڵەتێکى سەربەخۆ بۆ کوردستان دابمەزرێنن. بەڵام بەداخەوە دواتر بە هەچ هۆکارێک بوو بێت لێی پەشیمان بوونەوەو کوردستانیان بە عێراقەوە لکاند.

لە ماوەى ئەو سەد ساڵەى ڕابردوودا عێراق سیستەمێکى دیموکراتى عادیلانەى بەخۆیەوە نەدیوە. کەمینەیەکى سوننە زیاتر لە هەشتا ساڵ حوکمڕانى عێراقیان کرد. هەتا توانیان دژى نەتەوەى کوردو شیعە مەزهەبەکان کاریان کردو بە هەموو شێوەیەک دەیانچەوساندنەوە. کورد لە دواى ڕووخانى سەدام و حوکمڕانەکانى شیعەشەوە هیچ شەراکەتێکى ڕاستەقینەى لەگەڵ حوکمڕانەکانى عێراق نەبووە. هەمیشە بە هاوڵاتى پلە دوو و سێ ڕەفتارى لەگەڵدا کراوە، بۆیە بە درێژایی ئەو سەد ساڵەى ڕابردوو کورد هەمیشە لە ململانێ و خۆپیشاندان و شۆڕشدا بووە، خوا هەڵناگرێ حکومەتە یەک لە دواى یەکەکانى عێراقیش درێغیان نەکردووە لە سەرکوت کردنى بە هەموو چەکێکى قەدەغەکراو.

بۆ بەردەوام بوونى بەیەکەوە ژیانى گەلان و مەزهەبەکانى شیعەو سوننە. عێراق پێویستى بە چارەسەرێکى جددى و یەک لا کەرەوە هەیە ئەویش خۆى لە گرێبەستێکى سیاسى کۆمەڵایەتى نوێ دەنوێنێ. کە خزمەتى سەرجەم گەل و پێکهاتەکانى عێراق بکات.

لە ماوەى ئەو سەد ساڵەى ڕابردوودا لە کوردستان سێ ڕیفراندۆم بۆ دیارى کردنى چارەنووسى کورد کراوە یەکەمیان لەسەروبەندى دامەزراندنى دەوڵەتى عێراقەوە بووە.
دووەمین ڕیفراندۆمیش لە ساڵى (2005) و سێیەمیش لە ساڵى (2017) بووە لە دوو ڕیفراندۆمەکەى دواییدا (95%)ى کۆمەڵانى خەڵکى کوردستان دەنگیان بە بەڵێ دا.

بەڵام هەر وەکو پێشتر (مام جەلال) دەیووت: هەر کاتێ مەسەلەى ئازادى کوردستان بێتە ئاراوە دەوڵەتە هاوسێکان یەک دەگرن و هەموو دەرگاکانمان لێ دادەخەن.

هەرواش دەرچوو. جیا لەوەى حکومەتى شیعەى عێراق بە هێزى چەکدار پەلامارى هەموو ناوچە دابڕێنراوەکانى مادەى (140)ى داو بە زەبرى هێز داگیرى کردنەوە. ئابلوقەى ئابوریشى خستە سەر کوردستان. 

بە پێى ئەو هەموو بگرەو بەردەو ئەزمونە تاڵانەى سەرەوە بۆمان دەردەکەوێت کە گرێبەست و سیستەمە هەمەجۆرەکانى ڕابردووى عێراق (کودەتا، هاوبەشی کوردو عەرەب، حوکمڕانى دکتاتۆرى، ئۆتۆنۆمی،دەستورى ئەمڕۆى عێراق کە دانى بە سیستەمى فیدراڵیدا ناوە حوکمڕانى سوننە، حوکمڕانى شیعە) نەیانتوانیوە حوکمڕانێکى (رشید) لە عێراق بەڕێوە ببەن.

بۆیە وا دەخوێنمەوە ناوەڕۆکى وتارەکەى جەنابی سەرۆکى کۆمارو بڕواى بەندەش ئەوەیە کە بۆچوونە دێرینەکەى (بایدن) سەرۆکى ئێستاى ئەمریکاو، جێگرى سەرۆکى زیاتر لە سى ساڵ پێشتر، باشترین چارەسەرى ئەم قوناغەیە بۆ بەڕێوەبردنى عێراقێکى لە چەشنى کۆنفیدراڵى سویسراو (ئەمارەتى عەرەبیە). 

بەڵام داخى گەورە ئەوەیە کە ئێمەى کورد بە هۆى ململانێ و شەڕى ناوخۆ ئاگامان لەوە نەماوە چۆن ڕەفتار لەگەڵ بەغدا دەکەین و چارەنووسى خۆمان دیارى دەکەین.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP