دواین هەواڵ

جەنابی سەرۆک...! ئەرکێکى قوڕست خستە ئەستۆى خۆت

‌د. ئەرسەلان بایز

12/12/2021

لە وتارەکەى ڕۆژى (8/12/2021)، لە پیرۆزبایی سوێند خواردنى سەرۆکى دادگاى پێداچوونەوەو سەرۆکى ئەنجومەنى دادوەرى هەرێمى کوردستاندا پرسیارت کرد: ئایا واقعی دەسەڵاتى دادوەرى لە هەرێمى کوردستاندا ئاوایە کە هاوڵاتى بە تەواوى بڕواو متمانەى بە دەسەڵاتى دادوەرى هەیە...؟ ئینجا لە برگەیەکى ترى وتارەکەت دەڵێى: (هەندێ ڕاستى هەیە دەبێ زۆر بە جورئەتەوە دانى پێدا بنێین. دەسەڵاتى دادوەرى کێشەو تەحەداى جددى لە بەردەمدایەو دەبێ چارەسەر بکرێن. کەم و زۆر هەوڵ و دەستێوەردان و هەژموون و کاریگەرى سیاسى بەسەر هەندێ لایەنى دەسەڵاتى دادوەریدا هەیەو دەبێ ڕێى لێ بگیرێ).
جارێ بەر لە هەموو شتێک دەست خۆشى لەو دان پیانان و جەرائەتەت دەکەم کە ڕاشکاوانە پەنجەت خستە سەر گەورەو مەترسیدارترین کێشەکانى ئەمڕۆ لە هەرێمى کوردستاندا. یەکەمین جارە لێپرسراوێکى حیزبی و حکومى بەمجۆرە لەسەر کەم و کوڕییەکانى حوکمڕانى هەرێم قسە بکات. ئەمە خۆى لە خۆیدا گرنگ و یەکەمین هەنگاوى چاکسازى ڕاستەقینەى حوکمڕانى هەرێمى کوردستانە. چونکە سەروەرى یاسا کلیلى سەرجەم مەسەلەکانى ژیانى گەلانە. پیاوە گەورەکانیش دەڵێن هەندێ جار (قسەکردنیش ئیشە) واتە هەموو کردارێک پێش ئەنجامدانى بیرى لێ دەکرێتەوە، دەوترێت ئینجا دەبێت بە کردار.
لە پەرەگرافێکى ترى وتارەکەت دەڵێیت: (ئەبێ ئەنجومەنى دادوەرى وەک دامەزراوە سەربەخۆ بێت و لە ژێر هەژموونى هیچ یەک لە دامەزراوەکانى حکومەت یان پەرلەماندا نەبێت. بە هیچ شێوەیەک لە ژێر کاریگەرى دەسەڵاتى سیاسیدا نەبێت).
پرسیارى ئێمە: ئایا کێن ئەو کەسانەى دەست لە کاروبارى دادوەران وەردەدەن..؟ بۆچى متمانە لە نێوان جەماوەرو دادگاکانى هەرێمدا نیە..؟! چونکە بە درێژایی ئەو بیست ساڵەى ڕابردوودا هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار (ی.ن.ک) و پارتى دیموکراتى کوردستان دامەزراوەى دادوەرییان لە نێوان خۆیاندا دابەش کردووە...دادگاکان لە ژێر هەژموونى هەردوو حیزب دان. ئایا حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکان، کەسانى سادەو هاوڵاتیان دەتوانن دەستوەردان و هەژموون لەسەر دادگاکان دروست بکەن..؟ بێگومان نەخێر. ئایا هەردوو حیزب تا چەند ئامادەن سەربەخۆیی دادگاکان بپارێزن...؟ ئەگەر دادوەرێک لە کەیسە گرنگەکان بەقسەى دەسەڵاتى سیاسی نەکردو بە پێى یاسا بڕیاریدا چارەنووسى چى دەبێت...؟ ئایا فشارى ناخەنە سەرو تەنگەتاوى ناکەن..؟ لە کارەکەى دوور ناخەنەوە...؟ نان بڕاوى ناکەن...؟ ئەوسا کێ دیفاعى لێ دەکات... کێ قەرەبووى دەکاتەوە...؟!
دەسەڵاتى سیاسى ئەمڕۆى کوردستان لە سەروو یاساوەیە...؟ ئایا لەم بارودۆخەى ئەمڕۆدا دەتواندرێت سنوورێک بۆ دەسەڵاتى سیاسى کوردستان دابنێت...؟
زۆر ڕاستە نەبوونى متمانەى نێوان جەماوەرو حکومەت و هەردوو حیزبیش لە ئەنجامى نەبوونى سەروەرى یاسایە. هەر بۆیەش هەردوو حیزب لەدوا هەڵبژاردندا زیاتر لە نیو ملیۆن دەنگیان کەم بۆتەوە. ئەو وتەیەى بەڕێزتان زۆر زۆر ڕاستە کە (دادوەرى، یەکێکە لە بنەما هەرە گرنگەکانمان. ئەگەر دەسەڵاتى دادوەرى پتەو بێت، وڵات پارێزراو دەبێت و ئینتیماش بۆ وڵات جێگیر دەبێت.)
بنەماى سەرەکیى هەر وڵات و سیستەمێکى دیموکراسى و کۆمەڵگایەکى پێشکەوتووش کە تیایدا هاوڵاتى متمانەى بە ئێستاو داهاتووى خۆى هەبێت. سەربەخۆیی دادگایە.
ئێمەى هاوڵاتى لەمەودوا بۆ هەر گرفتێکى نایاسایی دادگاکان...بۆ هەر گرفت و هەژمونێکى سیاسى حیزبە دەسەڵاتدارەکان بۆ سەر سەروەرى یاسا، ناچار دەبین ڕوو لە سەرۆکى هەرێم بکەین و بڵێین بەڕێز: پڕۆژەو بەرنامە ڕاگەیەنراوەکەى خۆتان جێ بەجێ بکەن.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP