دواین هەواڵ

سەرۆکێک کە هیچ شتێکی نییە لەدەستی بدات؛ ستراتیژی نوێی ترەمپ بەرامبەر تاران

‌نەوزاد هێتوتی

9 کاتژمێر پێش ئێستا

لە هەفتەی ڕابردوودا باسم لەوە کرد کە دوناڵد ترەمپ، دوای هەڵبژاردنەکانی ناوەڕاست (Midterm Elections)، خۆی بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی گەورە بۆ سەر ئێران ئامادە دەکات. ئێستا ترەمپ هەست دەکات کە هیچ شتێکی نییە لە دەست بدات. بۆیە، ئەگەری ئەوە زۆرە کە لە ماوەیەکی نزیکدا هێرشەکان بۆ سەر ئێران دەست پێ بکەن.

ئەمەش لە بەر چەند هۆکارێکی زۆر گرنگ:

یەکەم: هەڵبژاردنەکانی کۆنگرێس تەواو بوون و ترەمپ ئیتر لە ژێر فشاری ئەو هەڵبژاردنانەدا نییە و دەتوانێت ئازادانەتر بڕیار بدات.

دووەم: کۆمارییەکان تووشی شکستێکی گەورە بوون و بەشێک لە هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ دروستبوونی قەیرانی وزە، کە ئێران ڕۆڵێ سەرەکی لە دروستبوونی و بەکارهێنانی وەک کارتێکی فشار دژی ترەمپدا هەبووە. بۆیە، ئەگەر لە ڕووی دەروونییەوە هەڵوێستی ترەمپ شیبکرێتەوە، ئەگەری ئەوە هەیە کە بیەوێت تۆڵە لە ئێران بکاتەوە و هەنگاوی سەربازیی توندتری دژی هەڵبگرێت.

سێیەم: لە ماوەی دەسەڵاتی ترەمپدا تەنیا دوو ساڵی تر ماوە و چیتر ناتوانێت خۆی بۆ سەرۆکایەتی کاندید بکاتەوە. بۆیە، ئەمە دەتوانێت ئازادییەکی زیاتر لە بڕیارداندا پێ ببەخشێت؛ تەنانەت لەوانەیە هەست بکات کە هیچ شتێکی ئەوتۆی نییە لە دەست بدات.

چوارەم: ترەمپ نایەوێت وەک جیمی کارتر لە مێژوودا یادی بکرێتەوە؛ سەرۆکێک کە ئێران ڕۆڵێکی سەرەکی لە شکستە سیاسییەکەیدا هەبوو.

پێنجەم: ترەمپ دەرفەتێکی مێژوویی لەبەردەمدایە بۆ ئەوەی ئەوەی هەڵەکانی پێشووی خۆی بەرامبەر ئێران ، ڕاست بکاتەوە و چیتر نەکەوێتە داوی دانوستاندن و گفتوگۆ بێ ئەنجامەکان لەگەڵ ئێران.

ئەمەش دەتوانێت وای لێ بکات لە ماوەی داهاتوودا سیاسەتێکی زۆر توندتر بەرامبەر ئێران بگرێتەبەر. ئەمە بەدەر لەوەی ترەمپ بەو هێرشانە شکستی حزبەکەی لە بیری خەڵک دەباتەوە

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP