دواین هەواڵ

جەنگی ئێران؛ ژانی شەڕێک کە کۆمارییەکانی لە کۆنگرێس تووشی شکستێکی مێژوویی کرد

‌نەوزاد هێتوتی

7 کاتژمێر پێش ئێستا

 

جەنگ لەگەڵ ئێران و کۆتایی‌نەهێنان بە شەڕەکە و یەکلا‌نەکردنەوەی خێرای هاوکێشە سەربازییەکان، فاکتەری هەرە سەرەکیی دۆڕانی گەورەی کۆمارییەکان بوو لە هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی ۲۰۲٦دا؛ بە شێوەیەک هەردوو ئەنجومەنی نوێنەران و پیرانیان لەدەستدا و دیموکراتەکان بوونە زۆرینە لە کۆنگرێس.
لێرەدا بە کورتی ئەو فاکتەرانەی پەیوەستن بە شەڕی ئێران و کاریگەرییەکانی، دەکرێت لەم خاڵانەدا کورت بگوڕێنەوە:
یەکەم: زۆرینەی خەڵکی ئەمریکا لەگەڵ شەڕدا نین و دژی تێوەگلانی ئەمریکان لە شەریکی دیکەی  خوێناوی لەسەر ئاستی دەرەکی. لەکاتێکدا دۆناڵد ترەمپ لە کەمپینی هەڵبژاردنەکان و دواتریش لە وەرگرتنی دەسەڵاتدا، یەکێک لە خاڵە گرنگ و سەرەکییەکانی پێداگریکردن بوو لەسەر کۆتاییهێنان بە شەڕە بێ‌کۆتایییەکان.  هەروەها بەردەوام ڕایدەگەیاند کە ئەمریکا لە ململانێ دەرەکییەکان بەدوور دەگرێت. بۆیە، بڕیارەکەی بۆ دەستپێکردنی جەنگ دژی تاران لە سەرەتای ساڵی ۲۰۲٦دا، بە شێوەیەکی بنەڕەتی هەم دژی بەڵێنەکانی هەڵبژاردنی خۆی بوو، هەم ڕای گشتیی دژی کۆمارییەکان هاندا.
دووەم: لەوانەیە خەڵکی ئەمریکا سزای توندی کۆمارییەکانیان نەدابووایە ئەگەر شەڕەکە هاوشێوەی فەنزوێلا بە خێرایی کۆتاییی پێ‌هاتبا و زۆری لەسەر ئەمریکا نەکەوتبا. بەڵام، بەهۆی ناڕوونیی سیاسەتی ترەمپ، هەڵبەزودابەز لە بڕیارەکانی و یەکلا‌نەکردنەوەی شەڕەکە بە شێوەیەکی زۆر خێرا، بووە هۆی ئەوەی ئەوەندەی تر خەڵک لە دژی کۆمارییەکان هان بدرێت. ترەمپ دەیتوانی شەڕی ئێران بکاتە کارتێکی بەهێز بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنەکان، ئەگەر بەرنامەیەکی ڕێکوپێکی هەبووایە و بە دروستی کاری بۆ بکرابووایە بۆ ئەوەی سیستمی سیاسی لە ئێران بڕوخێنێت. گومانی تێدا نییە ئەمریکا و ئیسرائیل دەیانتوانی لە ماوەی ۲-۳ مانگدا ئەمە ئەنجام بدەن، بەڵام پاشەکشەی ترەمپ لە شەڕەکە و یەکلانەکردنەوەی، بووە خاڵی هەرە لاواز بۆ دەسەڵاتەکەی و کاریگەرییەکی خراپی کردە سەر دەنگی کۆمارییەکان.
سێیەم: سیاسەتی ئێران لە دروستکردنی قەیرانی سووتەمەنی لە ڕێگەی هێرشکردنە سەر دەوڵەتانی عەرەبی و داخستنی گەرووی هورمز، یەکێک بوو لە فاکتەرە هەرە کاریگەرەکان کە بووە هۆی شکستی کۆمارییەکان؛ چونکە ئەمە لەلایەک بەهای سووتەمەنی لە ئەمریکا زۆر بەرز کردەوە و زیانی گەورەی بە ئابووریی ئەمریکا و جیهان گەیاند، هەروەها خەڵکی ئەمریکاشی خۆستە ژێر گوشاری قەیرانی سووتەمەنییەوە. بۆیە، ئەمە وای کرد خەڵکی ئەمریکا ترەمپ و کۆمارییەکان سزا بدەن. ئەگەر ترەمپ بە زوویی شەڕەکەی یەکلا بکردابووایە و کۆتاییی بە دەسەڵاتی ئێران بهێنابایە، ئەو کات نە قەیرانی ئابووری دروست دەبوو، نە بەهای نەوت بەرز دەبووەوە. بێگومان ئەوکات خەڵکی ئەمریکاش بۆچوونێکی تریان دەبوو.
تەنانەت خودی ترەمپ لە چاوپێکەوتنەکانی دوای هەڵبژاردن لەگەڵ ڕۆژنامەی وال ستریت جۆرناڵ و فۆکس نیوزدا، خۆی دانی بە زیانە قورسەکانی جەنگەکەدا نا لە هەڵبژاردندا و ئاماژەی بەوە دا کە بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی، یەکێک بووە لە فاکتەرەکانی کەمبوونەوەی دەنگی کۆمارییەکان. لە ڕاستیدا ئێرانییەکان بە ئەنقەست ئامادە نەبوون تاوەکو هەڵبژاردنەکانی نیوەی خول هیچ سازشێک بکەن، بۆ ئەوەی نرخی وزە بە بەرزی بمێنێتەوە و دەنگدەران تورە ببن لە ئیدارەی ترەمپ سەبارەت بە تێچووی بژێویی ڕۆژانە 
چوارەم: لێکترازانی ناوخۆیی لەناو پارتی کۆماری و لەنێوان ئەوانەی دروشمی ئەمریکا یەکەمیان بەرز دەکردەوە. بەتایبەت ئەوانەی لەناو کۆمارییەکاندا لەگەڵ دروشمی ئەمریکا یەکەم بوون، تووشی دابەشبوون هاتن سەبارەت بە شەڕی ئێران و نەیانتوانی یەکگرتوویی خۆیان بپارێزن و بەشێکی زۆریان لەگەڵ ئەو شەڕەدا نەبوون. ئاشکرا ئاماژەیان بەوە دەکرد کە جەنگەکە بەڵێنە بنەڕەتییەکانی پارتەکەیانی بۆ دەستوەرنەدانی دەرەکی پێشێل کردووە؛ بۆیە داوای کۆتاییهێنان بە جەنگ لە ئێران دەکەن و دەبێت پارتەکە سیاسەتی دەرەوەی لەسەر بنەمای ئەمریکا یەکەم دابڕێژێتەوە. بەتایبەتی بەشێکی زۆریان باسی ئەوەیان دەکرد کە ئەم شەڕە لە پێناو ئیسرائیلدا کراوە و و نەتانیاهوو ترەمپی هاندابوو بۆ هێرشکردنە سەر ئێران. لە کۆتاییدا، دەنگدەرانی ئەمریکا بە دەنگدانیان بە دیموکراتەکان، دژایەتیی توندی خۆیان دەربڕی بۆ تێوەگلانی سەربازیی درێژخایەنی تر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP