دواین هەواڵ

دوای دانیشتنەكەی پەرلەمان، یەكێتیی چی پێ دەكرێت؟

‌مەم بورهان قانیع

4 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەمڕۆی (٤/ ١١/  ٢٠٢٦)، دوای ٢٣ مانگ لە یەكەمین دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، 52 ئەندامی پەرلەمان، لەژێر هەژمون و ئیرادەی پارتی دیموكراتی كوردستان دا، كۆبونەوە و سەرئەنجام درێژەیان دا بە یەكەمین دانیشتنی پەرلەمان و سەرۆك و جێگر و سكرتێری پەرلەمانی كوردستان-یان بەكۆی دەنگی ئامادەبوان هەڵبژارد.
لێرەدا، نامەوێت قسە لەسەر رەهەندی یاسایی، یان نایاسایی ئەم دانیشتنە بكەم، بەڵكو تەنها بەكورتی رۆشنایی دەخەمە سەر ئەم دانیشتنە و ئەو ئەگەرانەی كە دەشێ لە داهاتودا روبدەن.
   چەند كاتژمێرێكی دیكە، ئەنجومەنی سەركردایەتیی یەكێتیی، لە سلێمانی كۆدەبێتەوە، بەڵام ناوەڕۆكی كۆبونەوەكەیان هێشتا بە ئەندامانی سەركردایەتیی نەوتوە و داوایش لە سەركردایەتیی ئەو حزبە كراوە، هیچ كۆمێنێتك لەسەر دانیشتنەكەی ئەمڕۆ نەدەن، بەڵام سبەی تاوتوێی ئەگەرەكانی دوای دانیشتنەكەی ئەمڕۆی پەرلەمان دەكەن.

دەربارەی دانیشتنەكەی پەرلەمان

پارتی گۆڵی خۆی لە یەكێتیی كرد و ئەمجارەیش، هاوشێوەی خولی پێشوی پەرلەمانی كوردستان، زۆرینەی رەهای زامنكرد و بۆ ئەم دو ساڵەی داهاتوی ئەم خولەی پەرلەمان، چی بوێت بە فلتەری خۆی دا لە پەرلەمان دا تێپەڕدەبێت.
پارتی تەنها 39 كورسیی لە پەرلەمانی كوردستان دا هەیە، بەڵام دانیشتنەكەی ئەمڕۆ سەلماندی، ئەو بەتەنها خاوەنی 39 كورسیی نییە لەكۆی 100 كورسیی، بەڵكو ژمارەی كورسییەكانی بۆ 52 كورسیی بەرزبوەتەوە و توانیویەتی 13 كورسیی دیكە بۆ خۆی مسۆگەرە بكات، كە ئەمەیش بە سەركەوتنێكی گەورەی حزبیی دەزانێت، وەكچۆن لەكاتی دەنگدان دا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك و جێگر و سكرتێری پەرلەمان، دەنگی 13 پەرلەمانتارەكەی دیكە (كە لە حزبی دیكەن، یان خۆیان وەكو سەربەخۆ ناساندوە) هاوشێوەی دەنگی ئەندامانی فراكسیۆنی پارتی بون، لەكاتێكدا پێشتر ئەو پەرلەمانتارانەی دیكە، بە فەرمیی ئەندامی ئەو حزبە نەبون. واتا ئێستا فراكسیۆنی پارتی، خاوەنی 52 كورسیی پەرلەمانییە و جادەی پەرلەمان لەبەردەمی دا تەختبوە. بەمەیش توانیوتی دەنگی سێ پەرلەمانتاری نەوەی نوێ، سێ پەرلەمانتاری یەكێتیی، دو ئەندامی فراكسیۆنی هەڵوێست، دانەیەكی بەرەی گەل، تاكە پەرلەمانتارەكەی سۆشیالیست و سێ پەرلەمانتارەكەی توركمان و پێكهاتەكان بۆ بەرژەوەندیی خۆی مسۆگەربكات.

دەربارەی ئەگەرەكان 

ئێستا پارتی گۆڵی لە یەكێتیی كردوە و لە راگەیاندراوەكانی سەركردە باڵاكانیشیان دا بەوبۆنەیەوە، لە سۆنگەی ئەوەی گۆڵیان كردوە، جۆرێ لە نەرمییان بەرانبەر بە یەكێتیی نیشانداوە، ئەمەیش بۆ ئەوەی یەكێتیی بچێتە ژێر چەتری ئەم خولەی پەرلەمانەوە. بەڵام ئەگەرەكان بەبڕوای من ئەمانەن:
یەكەم/ لە قۆناغی ئێستادا، بۆ یەكێتیی قورس دەبێت بچێتە نێو پەرلەمانەوە، چونكە پێی وایە لە دەرەوەی ئەو، پەرلەمان كارا كراوەتەوە، سەرەڕای ئەوەی دوێنێیش بە فەرمیی رایگەیاند " نە ددان بە پەرلەمانەكەدا دەنێت و نە بە حكومەتە هەڵبژێردراوەكەیشی دا". سەرەڕای ئەوەی ئەگەر یەكێتیی بچێتەوە بۆ پەرلەمان، لەم خولەی پەرلەمان دا، پێگەی بە 20 كورسیی پەرلەمانییەوە زۆر لاوازدەبێت، لەكاتێكدا پارتی خاوەنی 52 كورسییە.
دوەم/ چونی یەكێتیی بۆ نێو دانیشتنەكانی ئەم خولەی پەرلەمان، دەبێتە هۆی ئەوەی لە باشترین دۆخ دا، تەنها پۆستی سەرۆكی پەرلەمان-ی بدرێتێ و دو پۆستەكەی دیكەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان، جێگر و سكرتێر، بە دەستی پارتی-یەوە دەمێننەوە و بەمەیش ئەم خولەی پەرلەمانی كوردستان، هاوشێوەی خولی پێشو، زۆرینەی لەژێر كۆنترۆڵی پارتی دا دەبێت.
سێیەم/ دیسان چونی یەكێتیی بۆ نێو دانیشتنەكەی پەرلەمان، یەكێتیی تەنها ئەو پۆست و وەزارەتانەی دەدرێتێ كە پێشتر پارتی لە دانوستانەكانی دا لەگەڵ ئەو حزبە باسی لێوەكردبو.

بەرنامەی پارتی لەم خولەی ئێستای پەرلەمان دا

پارتی پلانی هەیە لەم خولەی ئێستای پەرلەمان دا و لانیكەم تاكو كۆتایی ئەمساڵ، دو پرسی گرنگ لەرێی ئەم خولەی پەرلەمانەوە یەكلابكاتەوە، بەتایبەتیی ئەگەر یەكێتیی و فراكسیۆنەكانی دیكەیش نەیەنە پەرلەمان. ئەوانیش:
یەكەم/ پارتی بە پڕۆژە بڕیارێكی چەند دێڕیی، لەپەرلەمانەوە بڕیارێكی پەرلەمانیی دەردەكات و هەر 52 پەرلەمانتارەكە دەستی بۆ بەرزدەكەنەوە و بڕیارەكەیش تایبەت دەبێت بەوەی "هەمو ئەو بڕیارانەی لە دوای كۆتاییهاتنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستانەوە، لەلایەن كابینەی هەشتەم-ەوە دەرچون، لە خزمەتی خەڵكی كوردستان دا بون، بۆیە پەرلەمان پەسەندیان دەكات".
دوەم/ راسپاردنی مەسرور بارزانی بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم و دەنگدان بە كابینەكە و دیاریكردنی چەند وەزارەتێك بە بەتاڵیی بۆ یەكێتیی و وەزارەتی شەهیدان، یان هەر وەزارەتێكی دیكە بۆ سۆشیالیست و وەزارەتێك یان دو وەزارەت بۆ پێكهاتەكانی نزیك لە پارتی.

یەكێتیی چی پێدەكرێت؟

یەكێتیی ئۆپشنی زۆری لەبەردەم دا نەماوە، بەتایبەتیی دوای ئەوەی كە نەیتوانیی رێگریی بكات لە دانیشتنەكەی ئەمڕۆ و تەواوكردنی "نیصابی یاسایی" بۆ دانیشتنەكە، رەنگە لە قۆناغی یەكەم دا، ئامادەنەبێت پێشوازیی لە هیچ شاندێكی پارتی بكات بۆ تاوتوێكردنی پرسی پەرلەمان و كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم. هیچ هەوڵێكیشی   لەرێی سەرۆككۆمار، یان چوارچێوەی هاوئاهەنگیی، یاخود دادگای فیدراڵییەوە بۆ ناساندنی ناشەرعییەتی دانیشتنەكەی ئەمڕۆی پەرلەمان، رەنگە ئەنجامی ئەوتۆی لێنەكەوێتەوە.

ئەگەر یەكێتیی بچێتەوە بۆ نێو پەرلەمان

ئەگەر یەكێتیی بچێتەوە بۆ نێو پەرلەمان، بە لاوازیی دەچێتەوە نێو پەرلەمان و دواتریش بۆ نێو كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بۆیە چونەوەی بۆ پەرلەمان، بە ئەگەرێكی لاوازی دەبینم و ئەگەر یەكێتیی و فراكسیۆنەكانی دیكەی دەرەوەی پارتی و هاوپەیمانەكانی سوربن لەسەر نەچونەوە بۆ پەرلەمان، ئەوا پارتی تەنها ئەو دو بڕیارەی پەرلەمانی بەلاماوە گرنگ دەبێت، كە لەسەرەوە ئاماژەم بۆیان كرد.
ئەگەر یەكێتیی بچێتەوە بۆ پەرلەمان، هیچی ئەوتۆی نابێت بۆ بانگەشەكردنەكانی هەڵبژاردنی خولی حەوتەمی پەرلەمانی كوردستان (ئەگەر بكرێت) و ئەمەیش وا دەكات پێگەیەكی لاوازی هەبێت لەبەردەم دەنگدەرەكانی دا.

ئەگەر یەكێتیی نەچێتەوە پەرلەمان

ئەگەر یەكێتیی و هێزەكانی دیكە نەچنەوە نێو دانیشتنەكانی ئەم خولەی پەرلەمان، ئەوا پێگەیەكی ئەوتۆیان لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم دا نابێت و ئەوكات پارتی كابینەیەك پێكدەهێنێ، كە تەنها دهۆك و هەولێر بەرێوەببات و تاكو هەڵبژاردنی داهاتو، یەكێتیی درێژەدەدات بەم دۆخەی ئێستای كابینەی هەشتەم و قوباد تاڵەبانی وەك سەرۆكی حكومەتی كاربەرێكەری  دیفاكتۆی سلێمانی و هەڵەبجە كاردەكات، تا ئەوكاتەی كۆتایی بەم خولەی ئێستای پەرلەمانی كوردستان دێت و لە دێگەڵەوە بۆ سلێمانی و هەڵەبجە، یەكێتیی حكومڕانیی دەكات و ئەولاتریش بەدەستی پارتی یەوە دەبێت، بەڵام پارتی ئەوكات دەڵێت حكومەتێكی هەڵبژێردراوم هەیە و شەرعییەتی پەرلەمانیی هەیە. یەكێتیی لەرێی سەرۆككۆمار و پەیوەندییە حزبییەكانییەوە لەگەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگیی، رەنگە وابكات موچەی سلێمانی و هەڵەبجە راستەوخۆ بچێتە بانكی هەرێم لە سلێمانی. رەنگە ئەوكات بۆ "هەژماری من"یش، بڕیارێكی دیكە بدات (وەكو كاردانەوە) و بۆ بودجەی ساڵی 2027یش، هیچ هاوكارییەكی حكومەتی هەرێم نەكات و پێگەی هەرێم-یش لە بەرانبەر بەغداددا لاوازبێت و پشكی سلێمانی و هەڵەبجە لە بودجەی عیراق بۆ ساڵی 2027دا، جیابكرێتەوە.
هێشتا یەكێتیی لە دەرەوەی پەرلەمان كارتی فشاری بەدەستەوە ماوە؛ كە بتوانێت چ لە هەرێم، یان لە بەغداد، بەشێكی گەمەكە لە پارتی تێكبدات.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP