دواین هەواڵ

لە ئۆپۆزیسیۆنی دەسەڵاتەوە بۆ ئۆپۆزیسیۆنی ئۆپۆزیسیۆن

‌سارا موحسين

2 کاتژمێر پێش ئێستا

 
 
ئەوەی ئەمڕۆ لە سۆشیال میدیادا دەگوزەرێت، ئیتر تەنیا جیاوازی بیروڕا لەنێوان هێزە سیاسییەکاندا نییە، کاتێک پەیج و ئەکاونتی ساختە دەبنە کەرەستەی سوکایەتی و ناوزڕاندن و تۆمەتبارکردنی یەکتر، بابەتەکە لە ناکۆکی سیاسیەوە دەرەچێت بەرەو قەیرانێکی قووڵتر ، بەوەی کە ئێمە لە خودی چەمکی ئۆپۆزسیۆندا ڕووبەڕووی قەیران بووینەوە.
 
دوێنێ هاووڵاتیان ڕەخنەیان لە دەسەڵات دەگرت کە سەرچاوە و توانا و میدیاکانیان بۆ دژایەتی یەکتر و بەرگریکردن لە مانەوە و بەرژەوەندییەکانیان بەکارهێناوە. بەڵام ئەمڕۆ هەندێک هێزی ئۆپۆزسیۆن خۆیان خزاندۆتە ناو هەمان تاکتیکەوە، لە ڕێگەی دەیان ئەکاونت و پەیجی ساختە کە خاوەنەکانیان نادیارە، هێرش دەکەنە سەر یەکتر، وەک ئەوەی خەمی ڕاستەقینە بووبێتە شەر لە نێوان خودی لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن، نەک لەگەڵ ئەو سیاسەت و حیزبانەی کە خەڵکیان گەیاندووەتە ئەم واقیعە تاڵ و نالەبارە .
 
کاتێک کە ململانێکان لە دامەزراوە و پلاتفۆرمە سیاسییەکان دەگۆڕێت بۆ ئەکاونتی ساختە. هاوڵاتیان نایانەوێت بزانن کام لایەن سەدان ئەکاونتی ساختەی هەیە، دەیانەوێت بزانن: کێ دیدگای هەیە؟ کێ بەرنامەی هەیە؟ وە کێ ئازایەتی ئەوەی هەیە لەبەردەم خەڵکدا بوەستێت و بەرپرسیارێتی قسە و هەڵوێستەکانیان لە ئەستۆ بگرێت؟
 
هەرگیز باوەڕم نە بە ئۆپۆزسیۆنێکە کە لە پشت شاشەکانەوە بەڕێوەبچێت، نە بە ئۆپۆزسیۆنێک کە لە ژێر ناوی ساختەدا شەڕەکانی خۆی بەڕێوە ببات. هەر سیاسەتمەدارێک باوەڕی بەخۆی هەبێت، پێویستی بە سەدان ئەکاونتی ساختە نییە بۆ ئەوەی هێرش بکاتە سەر بەرامبەرەکەی؛ هەڵوێستێکی ڕوون و ئارگومێنتێکی بەهێز و تۆمارێک کە بتوانن لەبەردەم خەڵکدا بوەستن و بەرگری لێبکەن بەسە.
 
ئەگەر ئۆپۆزسیۆن بەدیلی ئەو دەسەڵاتەی ئێستای هەڵبژاردبێت، ئەی خێرە بووە بە بەشيک لە هەمان ئەو کەلتوورە سیاسییە ناشرینەی کە خۆی ڕەخنەی لێ دەگرێت؟! ڕاشکاوانە، هەست بە شەرم دەکەم کاتێک ئەو ئاستە گوتارە دەبینم کە هەندێک هێز و کەسایەتی کە بە بەشێک لە ئۆپۆزسیۆن دادەنرێت، نوقم بوون.
 
کاتێک هەندێک لە سیاسەتمەداران سەرقاڵی تۆمەتبارکردنی یەکترن ، بەڵام هاوڵاتیان چاوەڕێی سوتەمەنی و ئاو و خزمەتگوزاری و هەلی کار و دادپەروەری دەکەن. هاوولاتیان پێویستیان بە ئۆپۆزسیۆنێک نییە کە لەسەر شاشە لەنێوان خۆیدا شەڕ بکەن، بەڵکو پێویستیان بە ئۆپۆزسیۆنێکە کە لە واقیعدا بۆ مافەکانیان خەبات بکات.
 
وە ئەمەش ڕێک ئەو شوێنەیە کە دەبێت هەموومان لە خۆمان بپرسین:
 
ئایا ئێمە بەڕاستی دژایەتی دەکەین بۆ ئەوەی واقیع بگۆڕین، یان بووینەتە بەشێک لەو واقیعەی کە ڕەخنەی لێدەگرین؟
 
سیاسەت بواری قسەکردنی زۆر نییە،بواری بەرپرسیارێتیی و ريزگرتنە لەدەنگ و گوزەرانی خەڵک.ئەگەر بەڕاستی ئۆپۆزیسیۆنین، با لە بەرامبەر کێشەکاندا بوەستین،
با پرۆژەمان هەبێت
با بەڵگەمان هەبێت
لە پيناو خەلک و قەوارەی هەريم با لە هەوڵی یەکخسن و کاراکردنەوەی پەرلەمان بدەین با لەجێی ئەوەی لەو دیو شاشە و مایکەکانەوە تۆمەت ببەخشینەوە و پەیجە عیراقیەکان بە تەنزەوە باسمان بکەن با لە پەرلەمان شەری خۆمان بکەین دژی نادادی و گەندەلی و بەرژەوەندی خەلک ، با لە کۆمەڵگا و شەقامدا دەنگی خەڵک بین، نەک لە پشت هەزاران ئەکاونتی فێکەوە خەریکی شەڕی یەکتر بین.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP