دواین هەواڵ

کاتێک “کلیک فارم” دەبێتە چەکی سیاسی

‌سارا موحسين

03/08/2026

ئەوەی ئێستا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەیبینین، تەنها ململانێی بیروڕا نییە؛ بەڵکو لە هەندێک حاڵەتدا شەڕێکی ئەلیکترۆنی ڕێکخراوە. هەندێک لایەنی سیاسی و کەسانێکی بەناو  سیاسی و کاریگەر، کە باوەڕیان بە هێزی گفتوگۆ و بەڵگە نییە، لەبری وەڵامدانەوە بە لۆژیک، سود لە Click Farm و تۆڕی ئەکاونتە ساختەکان دەبینن بۆ دروستکردنی هێرشی دەستکرد و چەواشەکردنی ڕای گشتی.

ئایا ڕاستە پۆستێک تەنها پێنج دەقیقە بڵاو بکرێتەوە و لە ماوەیەکی زۆر کورتدا هەزاران ڤیو، لایک و کۆمێنتی هاوشێوەی هەبێت؟ ئەگەر ئەو ژمارانە بە شێوەی سروشتی نەهاتبن، ئەوا ئەوانە ئامار نین، بەڵکو نمایشی دیجیتاڵن.

ئامانجی کلیک فارم تەنها زیادکردنی لایک نییە. ئامانجەکەی دروستکردنی هەستێکی ساختەی  زۆرینەیە بۆ ئەوەی هاوڵاتی وا بزانێت هەمووان لەگەڵ یەک ڕا دەگونجێن، یان کەسێک لەلایەن هەمووانەوە ڕەتکراوەتەوە. کە لە ڕاستیدا، زۆرجار ئەو “دەنگە زۆرانە” بریتین لە کۆمەڵێک ئەکاونتی ساختە یان هەژماری ڕێکخراو و بەکری گیراو.

کاتێک بەرهەمهێنانی بیر و قایلکردنی خەڵک جێگەی خۆی بە هاندانی دەست و دائرەی خۆیان و کرینی کلیک و لایک دەدات، ئەوە نیشانەی لاوازی هێزی سیاسییە، نەک نیشانەی بەهێزی. ئەو کەسەی پشت بە باوەڕی خەڵک دەبەستێت، پێویستی بە کلیک فارم نییە. بەڵام ئەوەی پشت بە ژمارەی ساختە دەبەستێت، دەزانێت کە پشتگیریی ڕاستەقینەی نییە.

لەراستیدا ئامانجی ئەم شێوازە تەنها زیادکردنی لایک و ڤیو نییە، بەڵکو  کێشەیەکی ئەخلاقی و چەواشەکردنی ڕای گشتیە، هێرشکردنە سەر دەنگی جیاواز، و دروستکردنی هەستێکی ساختەی “زۆرینە”یە. کاتێک پۆستێک تەنها چەند دەقیقەیەک لە بڵاوکردنەوەی تێپەڕیوە، بەڵام هەزاران ڤیو و لایک و دەیان کۆمێنتی هاوشێوەی هەیە، ئەوە پرسیار دروست دەکات: ئایا ئەمە بە شێوەی سروشتی ڕوویداوە، یان بە هۆی تۆڕێکی ڕێکخراوی ئەکاونتە دەستکردەکانە؟

کلیک فارم و ئەکاونتە ساختەکان ناتوانن ڕاستی بگۆڕن، بەڵام دەتوانن بۆ ماوەیەک وێنەی ڕاستی بشێوێنن. ئەوەی مەترسیدارە ئەوەیە کە ئەم شێوازانە بۆ تۆمەتبارکردن، ناشرینکردنی کەسایەتییەکان و ترساندنی دەنگی ڕەخنەگر بەکاردێنرێن،هەربۆیەهاوڵاتی هۆشیار نابێت بە ژمارە فریو بخوات.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP