دواین هەواڵ

دوو وانە لە دوو درواسێ

‌ نەزهەت ‌حالی

22 کاتژمێر پێش ئێستا

لەم ماوەیەدا دوو وتەی دوو بەرپرسی دوو ڕژێمی لە ناوچوی دراوسێمان ، ڕژێمی پەهلەوی و ڕژێمی ئەسەد سەرنجیان ڕاکێشام، کە پێم وایە وانەی زۆری تێدایە بۆ لێ فێربوون لە کاری سیاسی و ئەمنی و دەوڵەتداریدا .

یەکەم:  وەزیری دەرەوەی ڕژێمی پاشایەتی پەهلەوی( اردشیر زاهدی) لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێت من وەزیری دەرەوەی شا بووم، نۆکەر و دڵسۆزی شابوم، تاکو بە خاکیشم سپارد وەفاداری بووم و خۆشەویستیم بۆی هەبووە و هەیە، دەڵێت ئەوانەی وەکو من، وەزیرەکان و سەرۆک وەزیران خیانەتمان لە شا و وڵات کرد بۆ ئەوەی لەسەر کورسی دەسەڵات بمێنین خەلکمان بەدبەخت کرد.

پێشکەشکار لە زاهدی دەپرسێت تۆ هەموان بە خائین دادەنێی جگە لە شا ئەی ڕۆلی ئەو چی بوو؟ زاهدی دەڵێت مرۆڤ بە تەمەلوق و ماستاوچییەتی چارەڕەش دەبێت ( آدم از چاپلوسی بد بخت میشە) ماستاوچییەکان دزن ، کە دێن بۆ ماڵەکەت لە دەرگا نایەنە ژورەوە لە پەنجەرەوە دێن، ئەوان ئەو پیاوە (شا)یان توشی نەخۆشی کرد و لەناویان برد … ئەگەر ئێمە خراپەمان نەکردبایە توشی ئەم چارەنوسە نە دەبووین.

هەروەها زاهدی دەڵێت گەر شەڕەفمان هەبوایە،گەر هێزمان هەبوایە، دەبوایە ئەو کات پێمان گوتبایە،بۆ ئەوەی بزانین دەردمان چیە و چارەسەری بکەین نەوەک ئێستا قسە بکەین.

دووەم:  لە چاوپێکەوتنێکدا پێشکەشکار پرسیار لە عمید نبیل دندل بەرپرسی پێشوی دەزگای ئەمنی سیاسی ڕژێمی ئەسەد لە لاذقیە دەکات و دەڵێت،  لە یاسادا هاوڵاتی تاوانبار نیە تاکو تاوانەکەی نەسەلمێندرێت. ئەی سەبارەت بە دەزگا هەواڵگرییەکانی وڵاتانی عەرەبی بابەتەکە چۆنە ؟  لە وڵامدا (نبیل دنل) دەڵێت لای دەزگا هەواڵگرییەکانی  عەرەبی هاووڵاتی تاوانبارە تاکو ئەوکاتەی بێ تاوانیەکەی دەسەلمێنێت.

ئەم دوو بابەتە بە ڕوونی دوو مەترسی جدی لەسەر دەسەڵاتی سیاسی دیار دەخەن، هەردوکیانیش پێکەوە گرێدراون، تەمەلوق کردن دەسەڵاتدار لە واقع و ڕاستی دوور دەخات و ڕێگر دەبێت لە گەیاندنی ڕاستییەکان و بڕیاری دروست.

 

گەر دەزگا هەواڵگری و ئەمنییەکانیش هەموو هاوڵاتیان بە تاوانبار ببینن ، لە ئەرکی سەرەکی خۆیان کە کار کردنە لەسەر دوژمنی دەرەکی دوور دەکەونەوە، ڕێگا بۆ تەمەلوق کردن خۆش دەکەن و ڕێگە لە ڕاستگۆیی و دروستکاری دەگرن . لەو کاتدا دڵسۆزی بە پێوەری تەمەلوق و ماستاوچییەتی دەپێورێت، نەوەک بە کار و توانا و ڕابردوو و قوربانیدان .

 

هەر بۆیە متمانە لە نێوان هاوڵاتیان و دەەوڵەت و حکومکرانی و لە نێوان خودی هاووڵاتیانیش کەم دەبێتەوە، کە خودی متمانە یەکێکە لە سەرەکیترین فاکتەرەکان بۆ یەکگرتوویی ناوەخۆیی و پێکەوە کار کردن بۆ گەیشتن بە ئامانجە هاوبەش و نیشتمانییەکان و پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی و سیستەمی سیاسی . 

   خودای مەزن گەلی کوردستان و سەرکردایەتی سیاسی لە بەڵای ماستاوچییەکان و تەمەلوق بپارێزێت و دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکانیش لە ئەرکی پاراستنی گەلی کوردستان سەرکەتوو بکات.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP