دواین هەواڵ

نێچیرڤان بارزانى ، هاوسەنگى و دیپلۆماسى و سەقامگیرى کوردستانێکى بەهێزتر

‌رێبوار حەمەلاو شوانی

3 کاتژمێر پێش ئێستا

هەڵکەوتەى جوگرافیی و پێگەى کوردستان کەوتۆتە ناوچەیەک پڕ ئاڵۆز و هەموو کاتێک چاوەروانى پێشهاتى نوێ و شەڕ و بەریەککەوتنى جەمسەرەکان لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست دەکرێت ، لەو نێوەدا هەرێمى کوردستان وەک قەوارەیەکى یاسایی و دەستوورى و بوونى سەرکردایەتییەکى ژیرانە و کارامە و ژیر و بەتایبەت نێچیرڤان بارزانى ، سەرۆکى هەرێمى کوردستان ، چۆنێتى مامەڵەکردن لەگەڵ رووداو و پێشهاتەکان توانیوێتى نەک هەر کوردستان لە تێوەگلان و پریشکى ئاگرى شەڕى ناوچەکە بەدوور بگرێت ، بەڵکو ڕۆڵێکى گرنگ و یەکلاکەرەوە  وکاریگەرى بۆ کردنەوەى گرێکوێرەکان لە سەر ئاستى ناوخۆیی و عێراق و ناوچەکەشدا بگێرێت 
بەتایبەت کاتێک باسى پەیوەندییەکانى هەولێر و بەغدا دەکەین کە بە قۆناغێکى هەستیاردا تێدەپەرێت ، جارێکى دیکە ، دیداروکۆبوونەوەى سەرۆکى هەرێمى کوردستان بۆ بەغدا و دیدار وکۆبوونەوە لەگەڵ سەرکردەى هێزولایەنە عێراقییەکان و ئینجا بەشداریکردن لە کۆبوونەوەى هاوپەیمانى بەڕێوەبردنى دەوڵەت، گفتۆگۆکردن لەسەر بابەتى پەیوەندیدار بە داهاتووى سیاسى و ئابوورى عێراق و ناوچەکە ، تەنها کۆبوونەوەیەکى ئاسایی و پرۆتۆکۆڵى و دیپلۆماسى نەبووە لە سەر ئاستێکى بەرز ،بەڵکو شێوازێکى زانستى و پرۆسەیەکە بۆ چارەسەرکردنى کێشەکەلەکەبووەکان لەسەر بنەماى دەستوورى هەمیشەیی عێراق کە ساڵانێکى زۆرە پەراوێز خراوە 
ئەو سەردانەى نێچیرڤان بارزانى ، ئاماژەیە بۆ بەردەوامى گفتگوگۆکان و هاوسەنگى لە دەسەڵاتەکان ، چونکە بەشداریکردنى هەرێمى کوردستان لە نێو کۆبوونەوەى هاوپەیمانى بەڕێوەبردنى دەوڵەت لە سەر ئاستى لوتکە لە پێناو هەماهەنگى و باوەربوونە بە سەروەرى دەستوورى و فیدڕاڵیزم بەتایبەت بۆ پرسى چارەسەرى کێشى بودجە و نەوت وگاز و شایستەداراییەکانى هەرێمى کوردستان کە ساڵانێکە زۆرە ئەو مافە رەوایەى کوردستان پاشگوێ خراوە 
هەروەها دیداروکۆبوونەوەى فەرمى و تایبەتى سەرۆکى هەرێمى کوردستان لەگەڵ عەلى زەیدى سەرۆکوەزیرانى عێراق ، لەڕووى دیپلۆماسییەوە ، ئاماژەیە بۆ هەوڵەکانى گەڕانەوەى متمانە و بەهێزکردنەوەى متمانە و پەیوەندییەکانى هەولێر و  بەغدا و سەقامگیرى رەوشى سیاسى و لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتن لەسەر بنەماى دەستوور و هاوبەشى ، بۆ چارەسەرکردنى کێشە چارەسەر نەبووەکان و بەهێزکردنى بنەماکانى فیدڕاڵیى بۆ داهاتوویەکى سەقامگیرتر ، هەروەها باس و گفتوگۆى لەسەر گۆڕانکارى و پێشهاتەکانى ناوچەکە و پارێزگاریکردن لە ئاسایش و سەقامگیرى هەرێمى کوردستان و عێراقى فیدڕاڵى و کارکردنى بەردەوام و هاوبەشى لە سیاسەتى ناوچەکە 
بۆیە هەموو ئەو سەردان و دیدارانە لەسەر ئاستى ناوچەکە و عێراق ، بەتایبەتى بۆ بەغدا بەڵگەیەکى روونە کە هەرێمى کوردستان هەمیشە هەوڵى داوە بەشێوەیەکى ژیرانە دیپلۆماسى و  گفتوگۆ  بکاتە چەکێک بۆ بەدیهێنانى مافەرەوا دەستوورییەان  وپارێزگاریکردن لە سەقامگیریی ، چارەسەرکردنى ئەو پرسانە بەرێگەى بەشداریکردن لە لووتکەى سەرکردایەتى سیاسى دا ، تاکە ڕێگەى دروستە بۆ مانەوەى عێراقێکى جێگر و سەقامگیر ، کەتێیدا مافى هەموو پێکهاتەکان ، بەتایبەتى مافە دەستوورییەکانى هەرێمى کوردستان ، پارێزراو بن . لەسەرئاستى ناوچەیی و نێودەوڵەتیشەوە ، ئەو سیاسەت و دیپلۆماسییەى سەرۆکى هەرێمى کوردستان توانیوێتى سەنگ و متمانەى ئەم گەل و قەوارەیە رۆژ بەرۆژ بەهێزتر بکات بەرەو داهاتوویەکى گەشتر و کوردستانێکى بەهێزتر و پێشکەوتووتر

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP