دواین هەواڵ

تورکیا کەی و چۆن دابەش دەکرێت؟

‌کارزان گلی

1 رۆژ پێش ئێستا

لە ٢٠٠٩دا، كۆندەلیزا رایس، وەزیری پێشووتری دەرەوەی ئەمریكا لە دیمانەیەكدا دەڵێت، پێویستە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پارچەپارچە ببێت، هەروەها بۆ ئەوەی بتوانین بەڕێوەیان ببەین، ناچارین پارچەپارچەی بكەین.

رایس لەو دیمانەیەدا گوتیشی: ”پێمان خۆش بێت یان ناخۆش بێت، هەر دەبێت رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پارچە پارچە بكرێت، بەتایبەت عێڕاق، سووریا، سعوودیا، میسر لیبیا، لوبنان، دواجاریش ئێران و توركیا دەبێت دابەش ببێت.“

بەڵام لەبارەی ئێران و توركیا زیاتر شڕۆڤە دەكات و پێیوایە ئەو دوو وڵاتە دابەشبوونیان كاتی دەوێت و ئاڵۆزە، ئێران شیعی و سوونی لێیە، رەنگە كەمێك ئاسانتر بێت بۆ دابەشبوون، بەڵام دابەشبوونی توركیا قورسترە. 

لەبارەی توركیاوە پێیوایە نەتەوەی كورد و توركی لێیە و دوای ئەوەی دابەشمان كرد بۆ دوو بەش، ئەوكات ئامانجەكە دەپێكین و پێویستە ئەو ستراتیژییە بەكاربهێنین.

گوتەكانی رایس، زۆر بە پلان و بەهێمنی جێبەجێ دەكرێت، عێڕاق و لوبنان و سووریا و لیبیا، بە كردار دابەش بووە و ئێستاش ملیان ناوەتە بەر ئێران، بەڵام ئەوەی زۆر قسەی لەسەر دەكرێت توركیایە، كە توركیا بۆ خۆشی هەستی بەو مەترسییە كردووە، بۆیە بەدوای رێككەوتنی گەورەی بەرگرییە، دیارترینیان رێككەوتنی مەككەیە لە نێوان توركیا و سعوودیا و پاكستان.

توركەكان زیرەكن و مێژوو دەخوێننەوە و وانەی لێوەردەگرن، هەروەها لێكۆڵەرەكانیان بەوردی بابەتەكان شی دەكەنەوە و بە سەرووی خۆیانی رادەگەیەنن، بۆیە لەكاتێكی زۆر هەستیاردا پرسی چەكدانانی پەكەكەیان هێنایە بەرباس.

ئەوان دەزانن نۆرەی توركیا دێت بۆ دابەشبوون، كوردیش كارتێكی زۆر گەورە و گرنگە لە دەستی ئەمریكا و ئیسرائیلدا، بۆیە بەخۆیان كەوتن و دەیانەوێت ئەو كارتەی ئەمریكا بسووتێنن و بۆ خۆیان بەكاریبهێنن، دەستیان خستە ناو دەستی ئۆجەلان و باسیان لە برایەتی گەلان كرد.

رەجەب تەییب ئەردۆغان، ڤیدیۆی هەیە رەخنە لە باخچەلی و ئەجەویت و مەسعوود یڵماز دەگرێت، بەوەی بوێری ئەوەیان نەبووە ئۆجەلان لە سێدارە بدەن، كەچی ئێستا شاندی پەرلەمان دەنێرێتە ئیمیڕاڵی و لەگەڵ ئۆجەلاندا باس لە ئاشتی دەكات.

ئێمەی كورد كێشەیەكی گەورەمان هەیە، مێژوو دەخوێنینەوە، بەڵام وانەی لێوەرناگرین، بۆیە لەسەر مێزی گفتوگۆ هەمیشە بەدەست بەتاڵی لێی هاتووینەتە دەرەوە.

لۆژیكیتیرن و گرنگترین بڕیار بەلای منەوە، بڕیاری ریفڕاندۆم بۆ سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان بوو، رەنگە جەنابی سەرۆك بارزانی، دركی بەوە كردبێت رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دابەش دەبێت، بۆیە كارتی ریفڕاندۆمی بەكارهێنا، راستە دووچاری رەخنەیەكی گەورە بووەوە، بەڵام پێدەچێت لە داهاتوو بەرهەمەكەی بخۆین.

بیرت نەچێت، كاتێك موستەفا كەمال ئەتاتورك، گوتی كۆماری توركیا رادەگەیەنم، لەناو حكوومەت و كەسە نزیكەكانی خۆی، رەخنەی زۆری لێگیرا و گوتیان ئەوەی تۆ دەستت داوەتێ خۆكوژییە و هەندێكیش گاڵتەیان پێی كرد، دەیانگوت هیچ ژێرخانێكمان نییە و دەوڵەتی عوسمانیش دەیان ملیار دۆلار قەرزی بۆ بەجێهێشتووین، بەڵام كاتێك سەری گرت و كۆماریی توركیا دامەزرا، ئێستاش نەتەوەیەك پێی حەساوەتەوە و تاپۆی وڵاتی خۆیان كردوەتە گیرفانیان.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP