دواین هەواڵ

ترەمپ ئەتاتوركی رەتكردەوە

‌کارزان گلی

پێش 1 هەفتە


كارزان گلی

بەیانی كۆبوونەوەی لوتكەی ناتۆ لە ئەنكەرا ئەنجام دەدرێت، كە سەرۆكی ٣٢ وڵات بەشداری تێدا دەكەن، لەناویاندا دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكاشی تێدایە.

بەگوێرەی ئەو پروگرامەی دانرابوو، ترەمپ لە ماوەی دوو رۆژ مانەوەی لە ئەنكەرا، سەردانی مەزارگەی ئەتاتورك دەكات و لەوێ تاجە گڵینە دادەنێت، بەڵام ئەو سەردانە هەڵوەشاوەتەوە، واتە ترەمپ ناچێتە سەر مەزارگەی ئەتاتورك.

پێشتر هەموو سەرۆكەكانی ئەمریكا، ئەوانەی سەردانی ئەنكەرایان كردووە سەردانی مەزارگەی ئەتاتوركیان كردووە و تاجەگوڵینەیان لەسەر داناوە، پاشان لە دەفتەری یادەوریدا چەند دێڕێكیان نووسیوە، نمووە جۆرج بۆش باوك و كوڕ، بیل كلینتۆن و باراك ئۆباما.

پرسیار ئەوەیە كێ ئەو سەردانەی ترەمپی بۆ سەر مەزارگەی ئەتاتورك هەڵوەشاندووەتەوە؟ بەبۆچوونی خۆم ترەمپ ئەو كارەی نەكردووە، بەڵكوو ئەردۆغان پێی باش نەبووە ترەمپ بباتە ئەو شوێنە، چونكە دەیەوێت ئاسەواری ئەتاتورك لە توركیا كاڵ بكاتەوە و خۆی ببێتە شوێنگرەوەی ئەتاتورك، واتە ئەو ببێتە سەركردەی روحی نەتەوەی توركیا. 

میدیاكانی نزیك لە ئەردۆغانیش، بەردەوام باس لەوە دەكەن، ئەوەی ئەردۆغان بۆ توركیای كردووە، ئەتاتورك نەیكردووە، بۆیە بەئەگەرێكی زۆرەوە، ئەردۆغان ئەو سەردانەی هەڵوەشاندووەتەوە.

لەلایەكی تر، ئاژانسی (AFP) بڵاوی كردووەتەوە، كۆبوونەوەی ناتۆ بۆ ئەردۆغان زۆر گرنگە، دەیەوێت پێگەی خۆی لە ناوەخۆی توركیا و دەرەوەی توركیا بەهێز بكات، هەروەها دەیەوێت لە توركیا وەكوو سەرۆكێكی بەهێز دەركەوێت و ئاستی جاماوەری خۆی بەرز بكاتەوە.

ئەگەر ئەردۆغان بەو كۆبوونەوە گرنگە لە ئەنكەرا بیەوێت پێگەی خۆی لە ناوەخۆی توركیا بەهێز بكات، نایەڵێت ترەمپ بچێتە سەر مەزارگەی ئەتاتورك و وەسف و سەنای ئەتاتورك بكات، چونكە ئەتاتورك دامەزرێنەری جەهەپەیە و جەهەپەش ئێستا سەرسەخترین ركابەری ئەردۆغان و گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیایە.

هەر بۆ زانیاریتان، مەرج نییە هەر سەرۆكێك چووبێتە توركیا سەردانی مەزارگەی ئەتاتوركی كردبێت، ئەمە لە دەستووری توركیادا نەسەپێنراوە، بەڵكوو وەكو عورفێكی لێهاتووە و بۆ خۆیان داوا لە سەرۆكان دەكەن، بچنە سەر مەزارگەی ئەتاتورك.

پێشتریش ستالین زۆر هەوڵیدا مێژووی لینین لە رووسیا بسڕێتەوە و لە كتێبی قوتابخانەكانەوە دەستیپێكرد و پاشان لە نووسینەوەی مێژووی روسیادا دوای قەیسەر خۆی كردە پێشەوا و روحی شۆڕش، بەڵام شكستی هێنا و سەركردەی روحی نەتەوەی رووسیا هەر لینین مایەوە و هیچ سەركردەیەك نەیتوانی تێیپەڕێنێت، ئەتاتوركیش لەناو گەلی توركیا زۆر خۆشەویستە و پێیانوایە سەركردەی روحی نەتەوەی توركە و نەوە دوای نەوە شوێنپێی دەكەون.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP