دواین هەواڵ

بۆئەوەی ئاگرەکە نەمانسووتێنێت..

‌بڵێسە ئیسماعیل حەقی

پێش 1 هەفتە

جەنگی ئەمریکا و ئێران، جەنگی ڕێگاکانی ووزە، کۆنترۆڵی دەریاوانی و هەژموونە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێش ئەوەی تایتڵی چەکی ئەتۆم تەنانەت بابەت بێت. لەم نێوانە، وڵاتانی گەورەی وەک فەڕەنسا کاتێک سەرۆکەکەیان دەچێتە دیمەشق بە سێ تەقینەوە نامە و هۆشداری پێدەگات. لە ثینک تانکەکانی وڵاتێکی بەهێزی وەک بەریتانیا بە “جەنگێک بەبێ سەرکەوتوو” ناودەبرێت و وڵاتەکە ناوێرێت خۆی بکاتە بەشێک لە جەنگ، وڵاتانی عەرەبیش لەولا بووەستن کە هەموو ڕۆژ مووشەکیان بەردەکەوێت و ژێرخانیان وێراندەبێت، کەچی قسەیەکیان نییە بۆکردن!

ئەمانە هیچیان بێ هۆکارنین. ئێمە لەبەردەم نەزمێکی نوێی سیاسەتی دەرەوە و هەژموونی هەرێمی و جیهانیداین. لەگەڵ دیپلۆماتێکی تورک قسەم کرد، پرسیم هاکان فیدان بۆچوونی چییە؟

گوتی، ئەو وەک بیرۆکراتێک پێیوایە تورکیا تا یەکلابوونەوەی هەموو هاوکێشەکان، دەبێت کێشەکانی لەگەڵ هەمووان سفربکاتەوە و هەرچی حسابێکی هەیە، هەڵیگرێت بۆدوای یەکلاکردنەوەی هاوکێشەکان و روونبوونەوەی نەزمی نوێ.
ئەم هەموو نموونە و قسانەم بۆئەوەکرد بڵێم، بەکورتییەکەی، جەنگەکە شەیتان بازاڕێکی درووستکردووە، ترەمپ خۆیشی سەد لە سەد سەری لێدەرناکات.

هەرێمی کوردستان، لەناو جەرگەی هەموو ئەو هاوکێشانەدایە، بێگومان پریشکی ئەو ئاگرەشی بەردەکەوێت.

مامەڵەی هەرێمی کوردستان و لایەنەکانی ناو هەرێم لەگەڵ ئەم ئاگرە، نابێت بکەوێتە ژێر کاریگەری هەست و سۆز و قسەی سۆشیاڵ میدیاوە، نابێت کاریگەربێت بەکۆمەڵێک شرۆڤەکار کە ئاگایان لەدنیا نییە و لەوەش گرینگتر نابێت بکەوێتە ژێر کاریگەری خواست و ئارەزووی کوردانی بەشەکانی دیکە. وڵاتێکی وەک ئیمارات لەجیاتی چوار موشەک دەتوانێت چل موشەک بەرەو ئێران بنێرێت و ناینێرێت، چونکە لە مەترسیداربوونی دۆخەکە تێگەیشتووە و دەزانێت تێوەگلان لەو ئاگرە زیانی زۆر زیاترە لە قازانجی!

ئەمە ئەگەر بۆ ئیمارات نەگونجێت، بۆ هەرێمی کوردستان، دوو جار ناگونجێت. لەهێرشی پێشووی سەر تاسڵوجە، بەیاننامەی سەرۆکی یەکێتی، کە دەرەنجامی قسە و بۆچوونی سەرکردایەتی ئەو حزبە بوو و لەدوای کۆبوونەوەیەکی سەرکردایەتی هاتە دەرەوە، ئەگەرچی ڕوو بە ناوخۆ و بۆ پەیوەندی یەکێتی و پارتی دەکرێت باشبێت، بەڵام روو بە دەرەوە، ئێرانی توڕەترکرد و هێوری نەکردەوە، لەکۆتاییشدا هیچ کام لەو هەڕەشانەی نووسرابوون ئەنجامیان نەبوو.

هەرێمی کوردستان، بۆ مانەوە و ڕزگاربوون لەم قۆناغە جگە لەوەی پێویستی بە یەکگرتوویی ناوخۆی هەیە، پێویستی بەوەیە باشترین پەیوەندیی لەگەڵ دراوسێکانی کە تورکیا، سوریا و ئێرانن، هەروەها لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ لە بەغدا هەبێت. هاوکات، گرنگە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانی دیکەش لە بەرزترین ئاستیدابێت.

ئەوەی کورد دەبێت بیزانێت، ئەوەیە باشی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا، هەرگیز نەبەستراوەتەوە بە نەبوون یان خراپی پەیوەندی لەگەڵ ئێران یان هەر وڵاتێکی دیکە و ئەم ڕێسایە بۆ هەموو پەیوەندییەک دەبێت جێبەجێبکرێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP