دواین هەواڵ

چەند سەرەقەڵەمێک لەبارەی چەکداماڵینی پەکەکە و یاسای چوارچێوە

‌بڵێسە ئیسماعیل حەقی

22 کاتژمێر پێش ئێستا

1/ پێش هەموو شت بۆمن هەم چەکدانان، هەم ئەوەی ئیستا لە تورکیا بەڕێوەدەچێت کارێکی درووست و ئەقڵانییە. بزووتنەوەی خەباتی چەکداری کەوتووەتە بنبەست، نەک تەنها پەکەکە، بگرە کۆمەڵە و دیموکرات و هەرچی حزبی چەکدار هەیە ئەمڕۆ زووتر چەکدانێت زیاتر لەوسەرەوە قازانجیەتی. لە کوردستان خەباتی چەکداری شکستی خواردووە و گوزەرکردن لە سێکوچکەی شەهید - شاخ - کەمپ پێویستییەکی حەیاتییە بۆ هەرچی بزووتنەوەی کوردی.
ئەوانەی کە لایەنگری خەباتی چەکدارین، لانی کەم با خۆیان یان منداڵێکیان بچێتە ئەو خەباتە ئینجا قسە بکەن، وە گەرنا ئەم بۆڵە بۆڵەی ئیستا هەیە هیچ نرخێکی نییە، بەتایبەتی زۆرینەی بۆڵەبۆڵکەران لەژیانیاندا چەکیان بەدەستەوە نەگرتووە.

2/ لەدوای ساڵی 2000 و بەدیاریکراویش دوای بەستنی کۆنگرەی حەوت، پارتی کرێکارانی کوردستان ستراتیژی خۆی گۆڕی. لە نێوان 2000-2005، ئۆجەلان لە زنجیرەیەک کتێبدا کە بە “بەرگرینامە” ناسراون، پارادایمی خەباتی بزووتنەوەکەی لە کوردستانێکی سەربەخۆوە گۆڕی بۆ دیموکراتیزەکردنی کۆمەڵگە. دیموکراتیزەکردنی کۆمەڵگە نەپێویستی بە خەباتی چەکدارییە، نەپێویستی بەوەیە بدەیتە ئەو شاخ و دەشتە! ئیستا کە ساڵی 2026ە، درووست بیستوشەش ساڵ بەسەر ئەو گۆڕانکارییە تێپەڕیوە، هێشتا کەسانێک هەن بەو هەنگاوانە شۆکن.

3/ لەلای من ئەو کەسانەی شۆک بوون، هۆکاری شۆک بوونەکەیان نەخوێندەوارییەکەیانە لەلایەک و گوتاری راگەیاندنی تەڤگەری ئاپۆییە لەلایەکی دیکە.
ئەگەرچی زۆرینەی ئەوانە کوردی عیراق و ئێرانن.
ئەوەی بۆمن جێگەی سەرنجە، بەشێکی ئەوانە کەسانێکن لەدەرەوەی پەکەکە. ئەمانە، کەسانێکن بڕیاریانداوە ئۆجەلان هەرچی گوت ئەوان پێچەوانەکەی بەڕاست بزانن. بەڕاستی سەیرە کەسێک باوەڕی ەب حزبێک نەبێت کەچی بەرەنگاری ئامانج و بەرنامەکەی ببنەوە! لەوەش سەیرتر، ئەوەیە کەسانێک شەو و ڕۆژ باسی مافی چارەی خۆنوسین بکەن، کەچی باوەڕیان بەو مافە نەبێت بۆ حزبێک یان گرووپێکی دیاریکراو.

4/ ئەوەی وایکردووە پەکەکە یاسای چوارچێوەی قەبوڵبێت، چەندە گۆڕانکارییە لە ستراتیژی خودی بزووتنەوەکە، هێندەش کۆتایی خەباتی چەکدارییە لە دونیا. ئەمڕۆ، چەک بەمانا مۆدێرنەکەی تەنها لەدەستی دەوڵەتدایە. پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا وایکردووە دەوڵەت تا ئەوپەڕی بتوانێت کۆنترۆڵی سنوورەکانی بکات، بزانێت پارە لەکوێ و بۆ کوێ و لە کێ بۆ کێ دەچێت و خۆڕاگرتنیش لەبەرانبەر دەوڵەت بە کڵاشینکۆف و چەکی کۆنەوە ناکرێت. ئەمە جگە لەوەی ئەمڕۆ بزووتنەوەی خەباتی مەدەنی کە خۆی لە (دەم پارتی) دەبینێتەوە، گەیشتووەتە شوێنێک، خەباتی چەکداری نەک خزمەتی ناکات، بەڵکو ڕێگەی لێدەگرێت.

5/ ئەوەی وایکردووە ئەم پاشاگەردانییە درووستبێت، بەشێکی گەورەی دەگەڕێتەوە بۆ دابڕانی نێوان خەباتی شاخ و شار لەلایەک و لەلایەکی دیکە گوتاری میدیایی پەکەکە. ئەو گوتارەی هەرکەسی بەدڵ نەبێ، یەکسەر دەیخاتە خانەی میتەوە و وەک پیاوی دەوڵەت ناویدەبات.
ئەم گوتارە وەک چۆن لە 2000ەوە نوێنەکرابووەوە و تا ئەم کۆتاییەش رۆژنامەی “سەرخۆبوون” زمانحاڵەکەی بوو، بۆ ئەم پرۆسەیەش ئامادەنەکراوە، هەربۆیە لە چەپ تا ڕاستی تەڤگەرەکە سێ کەس نادۆزیتەوە دیفاعێکی مەعقول لەو کارە بکات. تەنانەت دوران کاڵکان کە یەکێکە لە سەرکردە هەرە دیارەکان نەیتوانی پێناسەیەکی گونجاوی ئینتێگراسیۆن بکات.

6/ گەورەترین تەحەدای بەردەم تەڤگەری ئاپۆیی، لەلایەک جەماوەرەکەی و لەلایەکەی دیکە رێکخستنەکانی و گونجانیانە لەگەڵ ئەم دۆخە نوێیە. لەمڕۆوە، ئەرکی ئەندامانی ئەو بزووتنەوەیە زۆر لە جاران قورسترە. لێرە بەدواوە، ئەو بەڕێزانە ناچارن لەچوارچێوەی دەوڵەتدا درێژە بەچالاکییەکانیان بدەن. 
ئەم خواستە نە نوێیە و نە شاراوە. ئۆجەلان لە پێڤاژۆی رابردووشدا دەیویست لەناو دەوڵەتدا و وەک باڵی چەپی دەوڵەتەکە کە خۆی گوتەنی ئەرکی دیموکراتیزەکردنی جڤاکی لەسەر شانە چالاکی بکەن.
بەڵام ئەمە کۆتایی چیرۆکەکە نییە و ئاڵنگارییەکە لەشوێنێکی دیکەوە دەستپێدەکات. 
ئەویش لەوەی ئاخۆ جەماوەرەکە بەدەنگەوەهاتنی دەبێت؟ یان لەئاستی رێکخستنەوە، ئەوەی ئاخۆ ئەندامانی ئەو بزاڤە، دەتوانن لەگەڵ ئەم شێوازە بگونجێن، پرسیارێکی بەجێیە. بەتایبەتی لەکاتێکدا تەواوی میتۆدی خەباتی رابردوویان پەیوەستبووە بە درووشمەکانی وەک دەرپەڕاندنی داگیرکەر و خەباتی بەرگری ڕەوا، ئاخۆ ئیستا کە چەک نەماوە ئایا ئەندامان و میدیای ئەو رێکخستنە پڕچەکن بە ئامرازە هزری و ئیدۆلۆژیکییە نوێیەکان؟!

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP