کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان و عیراق، نابێت وەک شۆک ببیندرێت. بەگوێرەی ڕێککەوتنی عیراق-ئەمریکا کە لە سەردانی عەلی زەیدی بۆ واشنتن جەختیلێکرایەوە، 30ی ئەیلول دوایین سەربازی ئەمریکا خاکی عیراق بەجێدەهێڵێت و بەگوێرەی رێککەوتنی هاوکاری ستراتیژی وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری ئەمریکا 26ی ئەیلول رێککەوتنەکە کۆتاییدێت. ئێمە لەسەردەمی ترامپداین و هەرچی گۆڕانکارییە دەکرێت لەپڕ رووبدات. پلانی کشانەوەکەش دەکرێت بگۆڕێت، بەڵام لەهەموو بارێکدا، ئەگەر ئەمساڵیش نەبێت، هەر دەبێت رۆژێک ئەمریکا هێزەکانی بکشێنێتەوە بەڵام باسە گرنگەکە ئەوەیە، کێ جێگەی ئەمریکا دەگرێتەوە؟
ئیستا ئەمریکا خۆی بۆ شەڕێکی چەند هەفتەیی لەگەڵ ئێران ئامادەدەکات. ئێران بەم شەڕە ئەگەر نەڕووخابێت ماندووە و ئیدی وەک جاران توانای ئیدارەدانی نابێت. لەم کێشمەکێشمە، ئەو وڵاتەی چاوی لە جێگرتنەوەی هەژموونی ئەمریکایە لە عیراق بە گشتی و باشووری کوردستان بەتایبەتی تورکیایە.
ڕاستییەکەی تورکیا ئامادەکاری گەورەشی بۆئەوەکردووە و لە سەردانی دوایی عەلی زەیدی بۆ تورکیا، چەندین رێککەوتن ئەنجامدران و ئەمڕۆش دوایین رێککەوتنمان بینی و وەزیری نەوتی عیراق واژۆی فرۆشتنی نزیکەی یەک ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانەی لەگەڵ تورکیاکرد و بڕیاریشە لە داهاتوو ڕێژەکە بۆ ملیۆنێک و 500هەزار بەرمیلی رۆژانە بەرزبکرێتەوە.
لەئاستی سیاسیی، تورکیا هەنگاوی گەورەی ناوە. مانگی رابردوو وەزارەتی دەرەوەی تورکیا شاندی تایبەتی ناردووە بۆ دیداری پارتی، یەکێتی، حەلبووسی، هادی عامری، قەیس خەزعەلی کە ئەوانە یاریزانی سەرەکی سیاسەتن لە عیراق و سەردانی حەلبووسی بۆ هەولێریش بەشێک بوو لەو هەنگاوە و بڕیاریشە خەزعەلیش سەردانی هەولێر بکات و هێمنبوونەوەی نێوانی پارتی و یەکێتیش بە هەمان شێوە. ئەمە جگە لە رازیکردنی لایەنە شیعەکان لەڕێگەی ئێرانەوە بۆ گوێڕایەڵبوونی زەیدی.
تەحەدا گەورەکەی بەردەم تورکیا، لەوێوە دەستپێدەکات ئاخۆ لەڕوی سەربازیشەوە خواستی جێگرتنەوەی ئەمریکای هەیە؟
بەشێکی گەورەی وەڵامی ئەو پرسیارە، پەیوەستە بە پرۆسەیەکی دیکەوە کە تورکیا سەرقاڵییەتی، ئەویش پرۆسەی “تورکیای بێ تیرۆرە” کە لەو چوارچێوەیە بڕیارە گەریلاکانی پەکەکە چەکدانێن و پێگەکانیان چۆڵبکەن. لێرەوە تورکیا هەوڵدەدات گەمەیەکی جیاواز بکات.
ڕاستییەکەی نە مەرجە تورکیا بەهەمان شێوەی ئەمریکا هێز بهێنێتە ناو هەولێر و لە فڕۆکەخانەی هەولێر جێگیربێت نە بەو شێوە زەقە دەکرێت لەبەرژەوەندی تورکیابێت. تورکیا چاوی لەکۆمەڵێک بنکەیە لە چەند ناوچەیەکی دیاریکراو کە گرنگترینیان چیای گارایە.
لەڕێگەی دامەزراندنی بنکەیەک لە چیای گاراوە تورکیا هەوڵدەدات هەژموونی خۆی بەسەر تەواوی هەرێمی کوردستان بە گشتی و ناوچەکانی هەولێر، دهۆک، موسڵ بەتایبەتی بسەپێنێت.
هاوکات لەڕێگەی کۆنترۆڵکردنی چیای شنگالەوە هەژموونەکەی درێژدەکاتەوە بۆ رۆژاڤای کوردستان و لەمەشدا بنکەی باشیک هاوکارێکی باشی دەبێت. ئەمە جگە لەوەی تورکیا لەمێژە بەدوای بنکەیەک لە ناوچەی سلێمانیدا دەگەڕێت.
هەرچی لەبارەی کەرکوکەوەیە، پێدەچێت تورکیا لەڕێگەی پارێزگاری ئیستا و درێژەدان بە حوکمڕانییەکەی و ئەو دۆخەی لەشارەکە درووستیدەکات هەژموونی خۆی فراوانبکات و پێناچێت رێگەی بۆخۆشبکرێت لەڕووی سەربازییەوە لە کەرکوک هەنگاو بنێت.
ئەم گۆڕانکارییە بۆ کورد و حزبە کوردییەکان، هەم دەتوانێت دەرفەتبێت هەم دەتوانێت ئاڵنگاری گەورە درووستبکات.
ئەگەر لە دۆخی گشتی کوردەوە دەستپێبکەین، رەنگە دەرفەتەکە خۆی لەوەدا ببینێتەوە کە پاشەکشەی ئەمریکا، واتای گەڕانەوەی هەژموونی بەغدا نییە، ئەمە جگە لەوەی ئیدی باشووری کوردستان ڕۆڵی پردی هەژموونی تورکیا دەبینێت لەناوچەکە. بەڵام لەهەمان کاتدا ئاڵنگارییەکانی ئەو هەنگاوەش کەم نین. بۆ لەمەودوا، ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە هەموو کاتێک زیاتر بەستراوەتەوە بە شێوازی بەڕێوەبردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و ئەنقەرە لەلایەک و لەلایەکی دیکەش چارەنووسی پرۆسەی ئاشتی نێوان تورکیا و پەکەکە.
لەئاستی حزبیشدا بەهەمان شێوە دەتوانێت دەرفەتبێت و دەشتوانێت ئاڵنگاری. پارتی بەهۆی پەیوەندییەکی لەمێژینەوە کە لەگەڵ تورکیا هەیەتی و هەروەها بەهۆی ئەوەی هاوسنووری تورکیایە دەتوانێت سوودببینێت، بەڵام دەشکرێت ئەمە بە زیان بشکێتەوە بەتایبەتی کە پارتی هەوڵیداوە تەنها دۆستی تورکیا نەبێت و وڵاتانی عەرەبی، ئێران و ئەمریکا و ئەورووپاش دۆستی بن. بەهەمان شێوە بۆ تورکیا، ئیدی تەنها لەگەڵ پارتی دۆست نابێت بەڵکو هەوڵدەدات ئەم هەژموونە بۆ هەموو عیراق درێژبکاتەوە هەرچەند ئەمە لەسەر حسابی کەس نابێت.
هەرچی بۆ یەکێتی نیشتمانی کوردستانە، بەهەمان شێوە دەرفەت و ئاڵنگاری درووستدەکات. گەورەترین دەرفەت ئەوەیە کە ئیدی یەکێتی تەنها یەک دۆستی نابێت، بەڵام گەورەترین ئاڵنگاریش ئەوەیە کە چۆن دەتوانێت ئەو دۆستایەتییە دوور مەودا ڕاگرێت لەکاتێکدا دراوسێ تاقانەکەی ئێرانە!
لەهەموو بارێکدا، ئەوەی دەتوانێت هەرێمی کوردستان بەهێزبکات و بیهێڵێتەوە و گەشەبکات، هێندەی فاکتەری ناوخۆییە هێندە فاکتەری دەرەوە نییە. هەرێمی کوردستان, مانەوە و بەهێزی و گەشەکردنی، بەندە بە حکوومەتێکی بەهێز، پەرلەمانێکی بەهێز و پەیوەندی بەهێزی لایەنە سیاسییەکانی لەناویەکدا و خەڵک لەگەڵ دامەزراوەکانی هەیە.