ئەمڕۆ ساڵڕۆژی کودەتای ١٥ی تەمووزە. لەو کودەتایەوە، فەتحوڵا گولەن بووە سەردێڕی هەواڵی هەموو جیهان. بەڵام بۆمن، ناسینی گولەن و گولەنیزم زۆر پێش ئەوەبوو.
ساڵی ٢٠٠٥، من لە قوتابخانەی ئیشک بووم بە قوتابی. ئەوکاتە، پێیاندەگوت “مەکتەبە تورکییەکە. رۆژی یەکەم، چاکەتێکی مارۆنی، پانتۆڵێکی ڕەساسییان پێدام و گوتیان ئیدی ئەوە لەگەڵ قەمیسی سپی و بۆینباخی مارۆنی جلی قوتابخانەیە. ئەو رەنگە مارۆنییە، هەمان ئەو ڕەنگە مارۆنییەبوو کە لە تۆنی ئاڵای تورکیا هەبوو.
دواتر کتێبیان بەسەردا دابەشکردین و پێش هەموو کتێبەکان تورکی و ئینگلیزیمان وەرگرت. کتێبەکان بەرلەوەی لاپەڕەی یەکەمیان ببینین، لاپەڕەیەکمان بینی کە وێنەی پیاوێکی پرچ زەردی چاوشین بوو. لە مامۆستاکەم پرسی، ئەمە کێیە؟
گوتی، بۆت گرنگە بزانی؟
گوتم، نا!
گوتی، پیاوێکە!
دواتر زانیم ئەو پیاوە مستەفا کەمال ئەتاتورکە.
لەوانەکان، گۆرانی تورکیمان دەگوت، تەماشای فیلمی تورکیمان دەکرد، نموونەکانی پاڵەوانێتی هەر تورکی بوون.
یەک ساڵی ڕەبەق، ئەمە میتۆدی زمان خوێندن بوو لەو قوتابخانەیە!
ساڵی دووهەم، مامۆستاکان داوایاندەکرد بمێنینەوە لە بەشی ناوخۆیی قوتابخانەکە. لەوێ وانەکانیان پێدەگوتینەوە، دواتر دەیانگوت وەرن بۆ زیکر و نوێژ و دوعایەکردن. مامۆستاکە بە ئاوازێکی تورکی خۆش دوعاکەی دەخوێند و ئێمەش دەمانگوتەوە.
باشم لەبیرە، رۆژێک ساڵڕۆژی کیمیابارانی هەڵەبجەبوو، من و کوڕێک لەناو پۆلەکە هەستاینەوە و مامۆستاکە گوتی، ها چییە؟!
گوتمان، بۆ هەڵەبجەیە!
گوتی، لێرە شتی وا نییە، دانیشن دەی!
لەو رۆژەوە من کەوتمە دەرەوەی بازنە و وەک مورتەدێک لەمنیان دەڕوانی، ئەوانەشی دەچوونە نوێژ و جەماعەت کە بە “سۆهبەت” ناودەبرا بە منیان دەگوت “عەلمانی”!
ئەو ساڵە، بومەلەرزەیەکی گەورە لە پاکستانی دا، مامۆستای پۆلەکە گوتی پارە بهێنن بۆ یارمەتی پاکستان. منیش گوتم، باشە پاکستان ئەتۆمی هەیە پارەی ئێمەی بۆچییە؟!
لێم توڕەبوو و گوتی، دانیشە!
کە وانەی مێژوومان دەخوێند، مامۆستاکە دەیگوت ئەو مێژووانە هەمووی درۆن، کاتێک دەیگوت ئەوانە درۆن، دەیویست بڵێت کورد مێژووی نییە! منیش باوکم کتێبی مێژووەکەی نووسیبوو، زۆرم پێناخۆش بوو، گوتم مێژووی خۆت درۆیە!
زۆر بێئەخلاقانە گوتی، تف بکەم لە چاوت؟! (تورک بوو کوردی باشنەبوو)
گوتم، ئا بیکە!
یەک تفی لێکردم و منیش ترسام و نەموێرا قسەبکەم چونکە مامۆستام بوو.
رۆژێک لە ڕاڕەوی قوتابخانەکە فیکەم لێدەدا. بە فیکە ئاوازی گۆرانییەکی “گروپ یۆروم”م دەوت. نەمدەزانی ئەو گرووپە هی کۆمونیستەکانی تورکیایە، مامۆستاکە هات و گوتی، ئەوەت لەکوێ گوێلێبووە؟
گوتم، ئینتەرنێت! سەرێکی لەقاند و هیچی نەوت، بەڵام زانیم ئیتر من کورد گوتەنی “لەناو زائیدەکەم”!
شەوێک، کوڕێکی هاوڕێم تەلەفۆنی بۆکردم، گوتی وەرە تۆپتۆپێن دەکەین.
ئاخر لە قوتابخانە، یاریگایەکی تاتانی باشی لێبوو. چووم و یاریمان کرد، بەڵام دوای یارییەکە مامۆستاکە گوتی وەرنە ژوورەکەی سەرەوە! سەیرێکی کردم و گوتی، قەینا تۆش وەرە!
چووین، تەماشای ڤیدیۆی پیاوێکی سەرسپیان دەکرد کە خەریکی وەعز دادان بوو. ئەوە یەکەمجار بوو بیبینم، بۆیە لە هاوڕێکەم پرسی، کێیە ئەوە؟ گوتی، هۆجە ئەفەندی!
هۆجە ئەفەندی نازناوی فەتحوڵا گولەن بوو لەنێو شوێنکەوتوانی. دواتر هاوڕێکەم گوتی ئەم کۆبوونەوانە هەمووی بۆ گوتارەکانی ئەون، منیش باوەڕم پێنییە، بەس حەزم لە تۆپتۆپێنەکەیە و پێویستم بە دەرسخوێندنەکەیە، بەڵام ئاگات لە فڵان بێ!
گوتم بۆ؟!
گوتی، ئەو ئابێیە!
گوتم، ئابێ چییە؟
گوتی، یەعنی مەسئولی چەند تەلەبەیەکە و لە ئابێ گەورەتر بەڵەتمەنە و دواتر زانیم پلەکان تا ئیمام دەڕوات!
ئیمامەکە، کابرایەک بوو ناوی تاڵب بوو، خۆشبەختانە ئیستا لە لیستی سووری داواکراوانە و جەمیل بایک چەند خەتەرە لای ئەردۆغان ئەویش هێندە!
ئەمە بەشێکی چیرۆکەکانی منبوو لەگەڵ ناسینی گولەن و گولەنیزم. ئەوان پشتیان بە پەروەردەی شاراوە دەبەست لەگەڵ تۆڕێکی هەژموونی ئابووری/سیاسیی/ کلتووری/پەروەردەیی. بۆ ویژدان بیڵێم، هەرگیز باوەڕم بە گێڕانەوەی ئەردۆغان لەسەر کودەتای پازدەی تەمووز نەبووە، بەڵام بەڕاستی لەگەڵ مەترسیداربوونی گولەن و تاقمەکەی هاوڕام کە تا ئیستاش بە خشپەیی خەریکی کاری خۆیانن. ناشیشارمەوە، زۆر دڵخۆشبووم بە شکستپێهێنانی گولەن و گرووپەکەی و سزادانیان.