دواین هەواڵ

ئەلشەرع خۆی دەدزێتەوە یان جاڕی جەنگ دەدات دژ بە (حزبولڵا)؟

‌هێمن خۆشناو

10 کاتژمێر پێش ئێستا

چەندین جارە (دۆناڵد ترەمپ) سەرۆکی ئەمریکا راستەوخۆ و بێ رەتوشی دیپلۆماسی فشار لە (ئەحمەد ئەلشەرع) سەرۆکی دەسەڵاتی کاتی لە سوریا دەکات تا جەنگ بەرپا بکات لە دژی حزبولڵای لوبنانی. 
تا ئەمڕۆ ئەلشەرع لە بەرامبەر فشارەکانی ترەمپ هیچ هەڵوێستێکی بە ئەرێ یان نەرێ بەیان نەکردبوو. ئەمەش چەندین هۆکاری خۆی هەیە، رازینەبوونی ئسرائیل، هەڵوێستی تورکیا و قەیرانە ئەمنی، سیاسی و ئابووریەکانی ناو سوریا ئاستەنگ بوون بۆ خۆ یەکلایی کردنەوەی ئەلشەرع.
بەڵام ئەمرۆ ئەلشەرع بە فەرمی (حزبولڵای لوبنانی) بە رێکخراوێکی تیرۆریستی ناساند و بە مەترسی لەسەر ئاسایشی سوریا لە قەڵەمی دەدات.
هەر ئەمڕۆش بە گوێرەی بەیاننامەی وەزارەتی ناوخۆیی سوریا، کاروانێک ئۆتۆمبێلی پڕ لەچەك لەسەر سنووری نێوان عێراق و سوریا دەستی بەسەردا گیراوە. بە گوێرەی وەزارەتی ناوبراو بڕیار بوو ئەم چەکانە بۆ حزبولڵا رەوانە بکرێن. بەیاننامەی وەزارەتی ناوخۆ ئاماژە بە کات و شوێنی رووداوەکە ناکات و تا ئێستاش هیچ ڤیدیۆ و وێنەی کاروانە پڕ چەکەکەی بڵاونەکردۆتەوە!
ئەمەی ئەمڕۆ روو دەدات ئاماژەیە بە سەنگەربەندی سوریا دژ بە حزبولڵا!
لێرەدا پرسیارێك دێتە ئاراوە:
ئایا ئەلشەرع لەگەڵ حزبولڵا دەیگەینێتە مریشکە رەشە؟
یان تەنیا چەند هەنگاوێك دەنێت بۆ خۆ دزینەوە لە فشارەکانی ترەمپ؟
لە روانگەی لۆژیکیەوە دەبێت ئەلشەرع خۆی لە پێکدادان لەگەڵ حزبولڵا بەدوور بگرێت لەبەر ئەو هۆکارانەی لەسەرەوە ئاماژەم پێکردن! بەڵام دووریشنیە لەژێر پەردە هۆکار و فاکتی دیکە هەبێت تا ئەلشەرع قۆڵی لێ هەڵماڵێت و جاڕی جەنگ بدات!!!

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP