دواین هەواڵ

زێهنیەتى عێراق بۆ سزادانى کوردستان نەگۆڕ و بێ کۆتاییە

‌رێبوار حەمەلاو شوانی

13 کاتژمێر پێش ئێستا

 
لەو کاتەوەى کوردوکوردستان وەک خاک و نەتەوە بە دەوڵەتێکى ساختە و دروستکراوى وەک عێراقەوە لکێنراوە و ویست و زێهنیەتى دەسەڵاتدارانى عێراق بە هەموو بیروبۆچوونەکانیانەوە بۆ دژایەتیکردن و سزادانى گەلى کورد لە قۆناغە جیاوازەکاندا نەگۆڕە و هەر جارەو بە شێواز و سیناریۆ و چەکێک پەڵامار و سزاى گەلى کورد دەدەن ، رۆژێک بە پیلانگێرى وگەلەکۆمەکى و رۆژێکى دیکە بە ئەنفال و کیمیاباران و ئاوارەکردنى خەڵک و هەوڵى تیرۆرکردنى سەرکردەکان و  پاشگەزبوونەوە لە بەڵێن و ڕێککەوتننامەکان و ئینجا هەوڵى گۆڕینى شوناس و جوگرافیا و دەیان هەوڵى دوژمنکارانەى دیکە ، بەڵام ئەوەى جێگەى هەڵوەستەکردن و سەرنجە ، هەمیشە و بەدرێژایی مێژوو  دەسەڵاتدارانى بەغدا بە چاوى بن دەستى و پلە دوویی مامەڵەیان لەگەڵ گەلى کورد کردووە ، لەلایەک دەڵێن دەبێت ، خۆتان بەهاووڵاتى عێراقى بزانن و لایەکى دیکەوە وەک کۆیڵە سووکایەتى و جیاکارى لە هەموو پرسێک دەکەن ، بەتایبەت لە ماوەى 23 ساڵى رابردوو ، لە پرسى بوودجە و مووچەدا هەمیشە وەک کارتێکى گوشار بەمەبەستى سزادانى خەڵکى کوردستان و بە ڕقێکى فاشیزمى و ڕەگەزپەرستانە مامەڵەیان لەگەڵ هەرێمى کوردستان و گەلى کورد کردووە 
ئێمە گەلى کورد هەردەم شانازى بە کوردبوونى خۆمان دەکەن و هەمیشە بەرگرى لە ماف و دۆزە رەواکەمان دەکەین هەرچەندە بە ناچارى ئێمەیان بە عێراقەوە هێشتۆتەوە ، بەڵام  گەلى کورد پێش هەموو ئەم گەل و نەتەوانەى دیکە لە سەر زێدى باب و پاپیرانى خۆى ژیانەوە ، ئێستا عێراقێک کە بەکردەوە هیچکام لە گەل و پێکهاتەکانى ناوى خۆشیان ناوێت ، تەنها لە چوارچێوەى دروشمە و زۆرجاریش بۆ ئازاردانى گەلى کورد ، باسى یەکپارچەیی و یەکگرتوویی دەکەن و دەیفرۆشنەوە ، سەد ساڵە بەدرۆ و چەواشەکارى دەکەن ، بەڵام باوەریان بە شتێک بەناوى دەوڵەتى عێراق نەبووە و بەتایبەتى کاتێک باشى برایەتى کورد و عەرەب دەکەن ، جگە لەدرۆیەکى شاخدا هیچى دیکە نییە و شۆڕشەکانى گەلى کورد هەمووى لە پێناو ئەو ستەمکارییانە کە ڕژێمەکانى عێراق دژى گەلى کورد کردوویانە 
ئێستاش دەسەڵاتدارانى بەغدا درێژەپێدەرى و میراتگرى فاشیزمەکانى پێش خۆیانن و هەمیشە بە چەواشەکارى خۆیان لە گەڕاندنەوەى مافەرەواکانى گەلى کورد دەدزنەوە و لەپاڵیشدا تۆمەتى درۆ و چەواشەکارى بۆ هەڵدەبەستن ، لە کاتێکدا خۆیان خەرێکى تاڵانکارى و دزینن و لە سەرەوەش بە درۆ باسى یەکپارچەیی و خۆشەویستى عێراق دەکەن ، بەدڵنییاییەوە بەردەوامى ئازار دان و سزادانى گەلى کورد  ، هیچ ڕێگەیەک لە بەردەم گەلى کورد بۆ بڕیاردانى یەکجارى لەسەر چارەنووسى ناهێڵێتەوە ، کورد تەنها لە پێناو مافەکانى خۆى دەجەنگێت ، بۆیە تۆمەتبارکردنى بە هاوپەیمانى لەگەڵ ئیسرائیل بۆ ئەوەیە تا سزا و پەڵامارى کوردو کوردستانى پێبدەن 
ئەوەى عێراق دژى کوردستان دەیکات ، سیاسەتێکى سزادانى سیاسى و ئابوورییە ، هەوڵێکە بۆ بەعەرەبکردن و زیانگەیاندن بە قەوارەى هەرێمى کوردستان و شکاندنى ئیرادە و لاوازکردنى بیروباوەرى کوردپەوەرى و نیشتیمانپەوەرى ، چونکە دەیان ساڵە ڕژێمە یەک لەدواى یەکەکانى عێراق بە هەموو توانایەکەوە هەر کەرکووکەوە تا زاخۆ سیاسەتى وێرانکردن و گۆڕینى دیمۆگرافیا یان بۆ لەناوبردنى کورد پەیڕەو کردووە ؛ بۆیە کاتى ئەوە هاتووە و دەڕنگیشە حکوومەتى ئێستاى بەغدا بە سەرۆکایەتى عەلى فاڵح زەیدى ، بە پێى دەستوور و یاسا ڕێز و دان بە مافەکانى گەلى کورد بنێت و چیتر درێژە پێدەرى حکوومەتەکانى پێش خۆى نەبێت بۆ سزادان و گوشارى سیاسى و دارایی وسەربازى ، ئەگینا پێچەوانەکەى ناسەقامگیرى زیاتر و گرژى و بێ متمانەیی زیاترى لێدەکەوێتەوە  و عێراقە بەرەو  بەرەو تونێڵێکى تاریک دەبات

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP