چەمکى دیپلۆماسى و هێزى نەرم ، هەڵگرى ڕامان و هۆکارگەلێکى تایبەتە بە تایبەتى لە رۆژهەڵاتێکى ناوەڕاستى پڕ ئاڵۆزى و کێش مەکێشدا ، بەشێوەیەک ئەو جۆرە مامەڵەکردنە بەرجەستەکردنى جۆرێک لە دیپلۆماسییەکى کارا و پڕجوڵەیە ، کاتێک دەوڵەتێک یان قەوارەیەکى سیاسى ویاسایی هەڵگرى بوون ، ئەوا نەک دەبێتە هۆى فڕیادڕەس و مانەوە ، بەڵکو پێشکەوتوو و دوورکەوتنەوەیە لە ئاگروشەڕى جەمسەرەکان و چڕى کێشە و هەڕەشەکانە ، بەتایبەت بۆ هەرێمى کوردستان کە نێو زەریاییەکى تۆفانى و ڕێگەیەکى سەخت دایە ، ئەو جۆرە دیپلۆماسییە وەک ڕێنیشاندەرێکى وردبین ، ڕێگەخۆشکەر دەبێت بۆ بەردەوامی و مانەوە و گەشەسەندن و کەشتیی و قەوارەى کوردستان لە تێوەگلان و نقوومبوون و سووتان دەپارێزێت و دەگەێنێتە کەناڕى ئارامى و دڵنییایی
لەماوەى چەند ساڵى هەڵگیرسانى شەڕى ئەمەریکاوئیسرائیل و ئێران ، سەرکردایەتیی سیاسى هەرێمى کوردستان ، لە نێویاندا ، نێچیرڤان بارزانى ، سەرۆکى هەرێمى کوردستان ، بە هەڵسەنگاندن و خوێندنەوەى رووداو و پێشهاتەکانى ناوچەکە و جیهان و گڕتنەبەرى سیاسەت ودیپلۆماسییەتێکى کارا و چالاک وکاریگەر زۆر ژیرانە توانیوێتى مامەڵە بکات، قەوارە و دەستکەوتەکانى لە ئاگرى ئەو جەنگە بە دوور بگرێت و بپارێزێت ، ئەم جۆرە سیاسەت و دیپلۆماسیەت و هێزە نەرمى سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە نێو شەڕ وئاڵۆزیی جەمسەرە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان و بەروونى تاقیکردنەوەیەکى سەرکەکوتووانە بوو
بەشداریکردنی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە ڕێورەسمى بەخاکسپاردنى ڕابەری ئێران، خامنەیی، تەنیا بەشداربون لە ڕێوڕەسمێکی نەریتی و ئایینی و بەجێگەیاندنی ئەرکێکی هاوسێیەتی نەبو؛ بەڵکو تەتویجکردنی ئەو دۆکتەرین و دیدگا ستراتیژییە حەکیمانەیە بو کە مێژویەکە وەک پرەنسیپێکی نەگۆڕ پەیڕەوی دەکات؛ دیدگایەک کە بنەماکەی لەسەر "هاوسەنگیی هۆشیارانە"، "پاراستنی پەیوەندیی دراوسێیەتی" و هاوکات پاراستنی ئاسایشی هەرێم و تێگەیشتن لە نیگەرانییە ئەمنییەکانی دراوسێکان بونیاد نراوە.
ئەم دۆکتەرینە لە گەرمەی شەڕی ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیلدا، کاتێک ناوچەکە لەسەر لێواری گڕکان بو، تاقیکرایەوە و ڕاستەڕێی و دروستیی خۆی سەلماند.
ئەو دەم سەرۆکی هەرێم بە دوربینییەکی نیشتمانی و خەمخۆرانەوە ڕێگەی نەدا خاکی کوردستان ببێتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ململانێکان یان پێگەیەک بۆ هێرشکردنە سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران. ئەو بەم هەڵوێستە عەقڵانییە، هەم کوردستانی تا ئەندازەیەکی زۆر لە ئاگری ئەو شەڕە ماڵوێنکەرە پاراست و هەم پرەنسیپی دۆستایەتیی لەگەڵ تاراندا وەک دراوسێیەکی گرنگ و کاریگەر هێشتەوە.
نەیارانی کورتبینی ئەم دیدگایە پێیان وابو بێلایەنی لەم جۆرە هاوکێشە ئاڵۆزانەدا پێگەی هەرێم لاواز دەکات؛ دەیانویست کورد سەرکێشانە و بێ خوێندنەوەی عاقیبەت و بێباک لەوەی چی بەسەر کوردستان دێت، خۆی لە جەنگەوە بگلێنێت. بەڵام ڕوداوەکان زۆر زو سەلماندیان کە دیدگای سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە "بێلایەنیی ئەرێنی"، واتە نەگۆڕینەوەی دراوسێیەتیی ئێران بە ڕق و دوژمنایەتی، هاوشانی هێشتنەوەی پەیوەندییە ستراتیژییەکان لەگەڵ واشنتۆن، بۆ مانەوە و پاراستنی هەرێمی کوردستان لە کارەسات و زیانی کەمەرشکێن، سیاسەتێکی حەتمی و بێ بەدیل بو. لە کۆتاییشدا هەر ئەو سیاسەتە بوە جێی ڕێز و تەقدیری هەمو لایەک، بە کۆماری ئیسلامیی ئێرانیشەوە، کە بینیمان بە چ ئاستێکی باڵا و دۆستانە پێشوازییان لە سەرۆکی هەرێم کرد.
ئەم سیاسەتە سازندەیە لەسەر ئەو بنەما لۆژیکییە دامەزراوە کە سیاسەت دەگۆڕێت بەڵام جوگرافیا جێگیرە؛ ئەمریکا دەکرێت سیاسەتی خۆی بگۆڕێت، بەڵام ئێران وەک دراوسێیەکی هەمیشەیی ئەم هەرێمە دەمێنێتەوە. بۆیە حیکمەت و ژیری لە پاراستنی هاوسەنگیی نێوان سیاسەت و جوگرافیادایە؛ لە گرتنەبەری دیپلۆماسییەکی هێمن، ڕاشکاو و متمانەبەخشدایە کە بەرژەوەندییە باڵاکان لەسەروی لایەنگرییە کاتییەکانەوە دادەنێت و قومارکردن بە ئاسایش و ئایندەی کوردستانەوە بە تەواوی ڕەت دەکاتەوە. ئەمەش ڕوانگەی نەگۆڕ و ڕەسەنی سەرۆک نێچیرڤان بارزانییە.