دواین هەواڵ

ئەگەر لە (١٥) ڕۆژدا بەربژێری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ، دیاری نەکرا ، چی روو دەدات ؟

‌هاورێ تۆفیق

17 کاتژمێر پێش ئێستا

بە گوێرەی مادەی(٧٦) ی دەستور کە پێکهاتوە لە (٥) برگە،  نەخشە رێگای دەستوری کێشاوە بۆ دروستکردنی کابینەی حکومەت و چارەسەرکردنی ئەو  بەربەستانەی کە رەنگە رووبەرووییان  ببێتەوەو سیناریۆی جێگرەوەی بۆیان دیاریکردوە، برگەی یەکەمی مادەی (٧٦) ی دەستور دەڵێت (سەرۆک کۆمار پاڵێوراوی گەورەترین پێکهاتەی پەرلەمانی (فراکسیۆنی زۆرترین ژمارە) رادەسپێرێت بۆ پێکهێنانی ئەنجوومەنی وەزیران، لە ماوەی ١٥ رۆژدا  لە ڕۆژی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارەوە) 
برگەی دووەمی هەمان مادە، دەڵێت ( سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی  ڕاسپێردراو، ناوی ئەندامانی کابینەی وەزیرانی دیاری دەکات، لە ماوەی ئەوپەڕی ٣٠ ڕۆژدا لە ڕۆژی ڕاسپاردنەوە) برگەی سێیەمی هەمان مادە دەڵێت ( سەرۆک کۆمار  پاڵێوراوێکی نوێ رادەسپێرێت بۆ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران، لە ماوەی ١٥ ڕۆژدا، کاتێک سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی ڕاسپێردراو سەرکەوتوو نەبوو ، لە پێکهێنانی وەزارەتەکەی لە ماوەی دیاریکراوی بڕگەی «دووەم»ی ئەم ماددەیەدا). بەگوێرەی ئەم برگەیە لە کاتی شکستی بەربژێری راسپێردراودا ،  دەسەڵاتی دەستوریی بەخشراوە بە سەرۆک کۆمار بۆ دیاریکردنی کاندیدێکی تر ، لە برگەی چوارەمی هەمان مادە، دەڵێت( سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی  ڕاسپێردراو، ناوی ئەندامانی وەزارەتەکەی و کارنامەی  وەزاریی پێشکەش بە ئەنجومەنی نوێنەران دەکات،  وادادەنرێت کە متمانەی بەدەستهێناوە ،کاتێک کە هەریەکە لە وەزیرەکان دانە بەدانە و بەجیا ،  کارنامەی حکومی، بە زۆرینەی ڕەها دەنگی پێدرا)
برگەی پێنچەمی مادەی (٧٦) دەڵێت(  سەرۆکی کۆمار راسپاردنی پاڵێوراوێکی تر دەگرێتە ئەستۆی خۆی، بۆ پێکهێنانی وەزارەت لە ماوەی ١٥ رۆژدا، کاتێک کە وەزارەتەکە متمانەی بەدەست نەهێنا)  ئەم برگانەی سەرەوە، زۆر کێشەی پێشبینیکراوی چارەسەر کردوە، ئەوانیش دوو بارودۆخە، یەکەمیان ناولێنراوی راسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەت کە لە ماوەی ٣٠ رۆژدا ناوی وەزیرەکانی حکومەتەکەی پێ دیاری نەکرا. بۆ چارەسەری ئەم کێشەیەیان دەسەڵاتی دەستوریی دراوە بەسەرۆکی کۆمار هەتاوەکو کەسێکی تر کە بری ئەو راسپێرێ. بارودۆخی دووەم،سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی راسپێردراو لە ماوەی ٣٠ رۆژدا لەگەڵ ئەوەی ناوی وەزیرەکان و کارنامەی حکومەتەکەی بۆ پەرلەمان نارد، بەڵام دەنگی زۆرینەی رەهای بەدەست نەهێنا. دووبارە دەسەڵاتی سەرۆکی کۆمارە،  کەسێکی تر رابسپێرێت بۆ پێکهێنانی حکومەت.  بەڵام لەم دوو حاڵەتەدا لەگەڵ ئەوەی دەسەڵاتی  دەستوریی بەسەرۆک کۆمار دراوە کە ناوێک دیاری بکات،  بەڵام رێبازی دیاریکردنی ناوەکەی روون نەکراوەتەوە.  بەڵام ئەو راستیەش روونە کە باسی گەورەترین کوتلەی نەکردوە وەکو لە برگەی یەکەمی مادەی ٧٦ کاتێک زۆر بە روونی باسیکردوە ، ئەمەش مانای وایە سەرۆک کۆمار خۆی ئازاد و سەرپشکە ،هەتاوەکو دڵخوازی خۆی دیاری بکات !  دووبارە کێشەی لێکدانەوەو راڤەکردنی ئەم برگەیەمان بۆ دروست ئەبێت.  ئایا سەرۆک کۆمار لەدەرەوەی پەرلەمان ناوێک دیاری بکات ؟ یان ئەبێ هەر لەرێگای کوتلەی ناو پەرلەمانەوە بێت؟هەتاوەکو ئێرە هەندێک کێشەی دەستوری ، جۆرێک لە چارەسەری جێگرەوەی دەستوریی بۆ دیاریکردوە. بەڵام ئەو برگەیەی کە کێشەی سەرەکیەو ناونیشانی ئەم باسەیە،  ئەگەر لە رۆژی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارەوە کوتلەی گەورەی (زۆرترین ژمارەی کورسی ) ناوێکیان پێشکەشی سەرۆک کۆمار نەکردو ماوەی١٥ رۆژەکەش تەواو بوو، چی روو دەدات؟ دەستور باسی ئەم کێشەیەی نەکردوە.  ئاشکرایە ١١ ی (نیسان )ی ئەم ساڵ ،سەرۆک کۆمار هەڵبژێردراو رێکەوتی٢٦ ی ئەم مانگە کە دەکاتە رۆژی یەکشەمەی داهاتوو، کاتژمێر دوانزەی شەو ، وادەی ١٥ رۆژەکە تەواو ئەبێ ، ئەی چی بکرێ؟ لە راستیدا جگە لە رێگای گەرانەوە بۆ دادگای فیدراڵی، هیچ رێگایەکی تر بونی نیە، سەرۆک کۆمار دەتوانێ،  داوای لێکدانەوەو راڤەی دەستوریی بکات( تەفسیری دەستور) داوا لە دادگای فیدراڵی بکات ناوەرۆکی مانای مادەی ٧٦ ی بۆ بکەن،   ئایا کوتلەی دووەم رابسپێردرێ؟ یان وەکو برگەکانی سێیەم و پێنچەمی مادەی ٧٦ ، دەسەڵاتی سەرۆک کۆمارە، خۆی  کەسێکی تر بۆ سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران  رابسپێرێ؟ لە راستیدا ئەگەر پەیرەوی پێوەری هاوتاکردن و پێوانەکردن بکەین،  هەر دەسەڵاتی سەرۆک کۆمار خۆیەتی ،هەتاوەکو ناوێکی تر دیاری بکات. بەڵام ئەم لێکدانەوەیە ، ئەبێ دادگا بیکات هەتاوکو کاری پێ بکرێ و نرخی دەستوریی هەبێت،  بە کورتی و کوردیی سەرۆک کۆمار  پێویستی بە دوو داوای تەفسیری لە دادگای فیدراڵی هەیە بیکات،  یەکێکیان وەکو باسمانکرد پاش ١٥ رۆژەکە چی بکات؟ ئەوەی دووەمیان لە برگەکانی سێیەم و پێنچەم ، کەسێکی تر کێیە ، کە سەرۆک کۆمار رای ئەسپێرێ بۆ پێکهێنانی حکومەت؟

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP