دواین هەواڵ

ترەمپ، بەدڵی ئەوان نەدوا..!

‌دڵشاد نامق

10 کاتژمێر پێش ئێستا

دوێنێ تا ئیوارە و ئەمشەویش هەتا سەعات ٤ی بەیانی، میدیای ئێران لە کوردستان وموحەلیلی ئێرانخوازی کورد، بەهەموو توانایانەوە خەریکی تەسویقکردن بوون بۆ هەواڵێك کەخۆیان دروستیان کردبوو گوایە دۆناڵد ترەمپ لە وتارەکەی سەعات چواری بەیانیدا کە دەکاتە سەعات ٩ی ئەمریکا، جەنگەکەی خۆیان لەگەڵ ئێران ڕادەگرێت و ئیتر هەموو شت تەواوبوو و سەرکەوتین!

جا ئەم موحەلیل و میدیایانە، کە بەشێکیان زەبەلاحن، بەهەموو شێوەیەكی سەیر تەسویق و کەمپینیان بۆ ئەم بابەتە دەکرد و لەوپەڕی دنیاوە کۆلکە پەیجێك باسی شەڕوەستانی بکردایە دەیانهێناو دەیاکردە گرافیك و هەواڵی بەپەلە و خێرا و تەنانەت باسی قۆناغەکانی دوای شەڕ و بایەخی ئەم سەرکەوتنە مەزنەیان دەکرد…!

ئەمە لەکاتێکدا خودی ترەمپ و وتەبێژەکەی کۆشکی سپیش هەر زوو ئەوەیان یەکلایی کردەوە کە وتارەکەی هەروەك وتارەکانی پێشووتری ترەمپ زیاتر ئیحاتەیەکی میدیاییە دەربارەی جەنگەکە و کەمێکیش ڕووی قسەی لە ئەوروپایە، بەڵام ئەم میدیا و موحەلیلانەی لای خۆمان قسەی ئەوانیان لاگرنگ نەبوو و نەیانەکردە سەرچاوەی خەبەر، بەڵکو دەیانشێواندن و بەو ئاراستەی کە مەبەستیان بوو دەیانگەیاندە بینەر و بیسەر وخوێنەری کورد!

ئیتر سەعات چوار هات و ترەمپ بەعادەتی خۆی پێچەوانەی بانگەشەکانی ئەمان تێر قسەی کرد و جەماعەتیش تەنها بارەکەڵای ئێران و پەراوێزەکانیان بۆ مایەوە، جا ئەمانە بە خۆیشیان دەڵێن سەربەخۆ و بێلایەن و ئازاد و دیموکرات و هەندێ جاریش بەخۆیان دەڵێن(نیشتمانی!).

جا ئەمە پێمان دەڵێ گەراکان چەند زۆرن و چەند زۆریشیان لێ تروکاوە و بڵاوبوونەتەوە و بوون بەشت بەدەست!

تێبینی/ 
- میدیا و موحەلیلە عەرەبییەکانی لایەنگری ئێرانیش هەروایان کرد و ئەمانەی خۆمان بۆ چەواشەکردنی وەرگری کورد، لەئەوانەوە شتەکانیان دەگواستەوە!
- لەجەنگدا بێلایەن بوونی میدیا و شرۆڤەکار سەختە، لەویش سەختتر ئەوەیە بینەر و بیسەر و خوێنەر بتوانێت لایەنگر و بێلایەن لەیەك جیابکاتەوە و لایەنگری لێ نەبێت بە بێلایەنی عەیار سەقیل، ئەمەیش وریایی و چاوکراوەیی وردیەکی زۆری دەوێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP