دواین هەواڵ

هەولێر قوڵایی ستراتیژیی هەموو کوردستانە

‌دڵشاد نامق

پێش 4 هەفتە

ئێستا بۆ یار و نەیار دەرکەوت هەرێمی کوردستان وەك قەوارەیەکی دەستوریی دان پیانراو، چەندە گرنگ و بایەخدارە بۆ کورد و بۆ گشت کوردستان؟ ئەوەتا دەبینن هەولێر کە پایتەختی هەرێمی کوردستانە قوڵایی ستراتیژیی وهێزی پاڵپشتیی دۆزی نەتەوەیی کورد و هەرسێ پاچەکەی تری کوردستانە، هەرێمی کوردستان ئێستا موخاتەبی چارەسەریی دۆزی کوردە لە پارچەکانی تریش و لەوێوە نەخشە ڕێگای قوتارکردنی نەتەوەکەمان لە گرفت و مەترسیەکانی ناوچەکە دادەڕێژرێت و هەر لەڕێگەی هەولێریشەوە زلهێزەکانی دنیا پەیوەندی لەگەڵ هێزە(کوردستانی)یەکانی پارچەکانی تردا دەگرن و گوێ لە دیدگا ودنیا بینیان دەگرن.

نمونەی هەرێمی کوردستان، نمونەیەکی هەرە سەرکەوتووی ئیدارەدانی دۆزی نەتەوەییە لە ناوچەیەکی پڕ ململانێ وگرفتی وەك ڕۆژهەڵاتدا، کە بڕیار دروستکەرانی هەرێمی کوردستان نەیانهێشتووە وەڵات و هەرێمەکەیان ببێتە جێگای هەڕەشە بۆ ولاتە دراوسێکانی کە هەریەکەیان بەشێکی کوردستانیان لەبندەستدایە، نەك هەر ئەوە بەڵکو پەیوەندی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەو وڵاتانە لەسەر حسابی ئەوپارچانەی کوردستان نەبووە و لەهەمان کاتدا هەولێر بووەتە پاڵپشتی دۆزیی نەتەوویی کورد لەو پارچانەی کوردستان لەسەر بنەمای ئاشتی و دیموکراسی و ڕەچاوکردنی تایبەتمەدندیی هەر پارچەیەك، جا ڕاگرتنی ئەم هاوسەنگیە و پەرەپێدانی و دروستکردنی متمانە بۆی، مەگەر تەنها کەسانی شارەزا بزانن چەندە قورسە و چەند کاری ورد وهەڵسوکەوتی ژیرانەی دەوێت.

هەولێر، وەك پایتەختی هەرێمی کوردستان، ئێستا ئەرکی دەروازەی پەیوەندیەکانی پارچەکانی تری کوردستان لەگەڵ زلهێزەکان و دنیای دەرەوەیش دەگێڕێ، دەروازەی ناساندنی دۆز و خواستی پارچەکانی تری کوردستانە بە دنیای دەرەوە لەپێناو کۆکردنەوەی پشتیوانی و دەسەبەرکردنی پشتگیری بۆ دۆزی کورد لەو بەشانەی نیشتمان، کە ئەمەیش ئەرکی دەوڵەتێکە و هەرێمی کوردستان لەسایەی سەنگ و قورسایی و پێگەی سەرۆك مەسعود بارزانیەوە پێی هەستاوە و دەیەوێت بە جیهان بڵێت مسۆگەر کردنی مافەکانی کورد لە گشت پارچەکانی کوردستان زەمانەتی ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکەیە و دژی بەرژەوەندی هیچ زلهێزێکی جیهان نیە و مەترسیش نیە بۆسەر هیچ دەوڵەتێك، بەڵکو سەقامگیری بەهێزدەکات.

ئێستادەبێ ئەوەیش ڕوون بوبیتەوە بۆ خەڵك کە بۆچی نەیارانی کوردستان دژی قەوارەی هەرێمی کوردستان بوون؟ دەبێت ئەوەیش بۆ خەلك دەرکەوتبێ کە دەست لەپشتدراوەکانی ناوخۆیش بۆچی دژی قەوارەی هەرێمی کوردستان بوون و هەرچی ڕێگا هەیە تاقیان کردەوە بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان لەپەلوپۆ بخەن و نەیهێڵن، ئاخر ئەندام پەرلەمانی کورد هەیە کە ئەندامی پەرلەمانی کوردستان و عێراقیش بووە مەقالەی نوسراوی هەیە بەناونیشانی (پێویستە هەرێمی کوردستان هەڵبوەشێتەوە!) و هی تریشیان هەیە هەوڵی بێ وچانی هەبووە و هەیە بۆ جێبەجێ کردنی ئەو ئامانجە و ئەو خواستە! هەر ئەم زلە زەلامانە دنیایەك پەراوێز و دەستوپێوەندیان هەبووە و هەیە لە جادە و لە میدیا پشتیوانیی بیروڕا و دیدگاکانیان دەکردن، هەندێکیان بەزانین و زۆرێکیشیان بەنەزانین و شوێنکەوتنی کوێرانە!

جا ئێستا دەبێت خەڵك تێگەیشتبێت لاەازبوون و نەمانی هەرێمی کوردستان خواستی کێ بووە و و ئەو وڵاتانەی بەشێك لەکوردستان لە بندەستیانایە چی ڕەنجێکیان کێشاوە لە پیناو نەهێستن و لاوازکردنی ئەم هەرێمەدا بۆ ئەوەی کورد پستیوانێکی یاسایی و دەستوریی نەبیت و نەبێتە فریادڕەسیان لەکاتی پێوتستدا…!

دەریشکەوت سیاسەت بە فەیسبوک و سۆشیالمیدیا ناکرێت و خۆبادان وخۆ مسەلەحکردنی سەرشاشەکان ڕوکەش و خەڵەتێنەرن، سیاسەت زەخیرەی پێویست و سەرکردەی دوربین و خاوەن سەنگی دەوێت کە توانای خوێندنەوەی واقیعەکەی هەبێت و جێپێی لەناوەندەکانی دروستکردنی بڕیاری جیهانی و ناوچەییدا ئەوەندە بەهێزبێت کە بخوێنرێتەوە و پرس وڕای پێ بکرێت، سەرکردەیەك نمونەیەکی وەهای پیشانی جیهان دابێت متمانەی پێ بکەن کە بونیادنەری ئاشتیە و دەیەوێتسەقامگیری بەرپا بکات بەڵام لەسەر حسابی مافی هاوڵاتی و هاونەتەوەکانی نا، بەڵکو لە ڕێگەی دابینکردن و دەستەبەرکردنی مافەکانیانەوە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP