دواین هەواڵ

هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا و سیناریۆکانی:

‌دڵشاد نامق

3 کاتژمێر پێش ئێستا

ڕۆژی ٣/١١/٢٠٢٦، هەڵبژاردنی (نویکردنەوەی نیوەیی یان ناوەڕاست) ی ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمەریکا بەڕێوەدەچێت، کە کۆنگرێس (پەرلەمانی ئەمریکا)یە و لە دوو ئەنجومەن پێکهاتووە، ئەنجومەنی پیران و ئەنجومەنی نوێنەران، یەکەمیان ئەندامێتی تیایدا بۆماوەی (٦) ساڵە و دووەمیان ئەندامێتی تیایدا بۆ ماوەی (٢)ساڵە.

کێ هەڵدەبژێردرێت؟
ئەنجومەنی پیران  ژمارەی ئەندامانی(١٠٠) کەسە و هەر ویلایەتێك دوو نوێنەری هەیە، وە (ئەنجومەنی نوێنەران) ژمارەی ئەندامەکانی (٤٣٥) کەسە.
ئەم هەڵبژاردنانە بۆیە پێی دەوترێ نوێکردنەوەی نیوەیی-تجدید النسفي) چونکە لەدوای دوو ساڵ لە هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەمریکادا  دەکرێت، کە ڕێك لە ناوەڕاستی ماوەی سەرۆکاتیەکەی سەرۆکدایە، لەم هەڵبژاردنەدا دەنگدەرانی ئەمریکی (٣٥) ئەندامی ئەنجومەنی پیران هەڵدەبژێرنەوە لەگەڵ تەواوی (٤٣٥) ئەندامەکەی ئەنجومەنی نوێنەران.
هەروەها لە (٣٥) ویلایەتیش سەرۆک یان فەرمانڕەوای ویلایەتەکە هەڵدەبژێردرێتەوە.
ئەم هەڵبژاردنانە بۆ هەردوو حیزب چارەنوس سازە و کێبەرکێ زۆر توندە لە نێوان دیموکراتەکان و کۆمارییەکاندا و ڕاپرسیەکان ئەوە نیشان دەدەن کە ڕێژەی دەنگەکانیان زۆر لەیەکەوە نزیکن.

سیناریۆکان چین؟
چوار سیناریۆ هەیە کە چاوەڕوان دەکرێت یەکێك لەو چوارە وەک دەرەنجامێك بێتە کایەوە لە هەڵبژاردنی (نوێکردنەوەی نیوەیی) ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکا؛

سیناریۆی یەکەم: (ئەمەیان ئەگەری کەمە): ئەویش ئەوەیە کە کۆمارییەکان  زۆرینەببونی خۆیان بپارێزن لەهەردوو ئەنجومەنی نوێنەران و پیران، ئەمە چەند لێکەوتەیەکی دەبێت کە وەك سەرکەوتنێکی گرنگە بۆ ترەمپ:
▪️ ئەم ئەنجامە ڕێگە بۆ ترەمپ خۆش دەکات بەردەوام بێت لە بەرگریکردن لە سیاسەتەکانی خۆی سەبارەت بە باج و کۆچبەرەکان و خەرجییە سەربازییەکانی ئەمریکا.
▪️ ئەم ئەنجامە بوارێکی  زیاتر دەدات بەترەمپ بۆ تێپەڕاندنی خواستە ئابووریەکانی و پرۆژە یاساکانی و نیازە تەشریعیەکانی.
▪️ ئەم سیناریۆیە ئەگەر بێتەدی، بوار بۆ دیموکراتەکان تەسك دەبێتەوە کە بیانەوێت هەوڵ بدەن لەڕێگەی لێژنە پەرلەمانیەکانەوە بەرنامە و پرۆژەکانی ترەمپ پەك بخەن. یان بیانەوێت لێکۆڵینەوەی پەرلەمانیی لەگەڵ ترەمپ بکەن.

سیناریۆی دووەم: سیناریۆیەک کە دەبێتە هۆی جەمسەرگیری و «دابەشبوونی ئەمریکا» ئەویش بریتیە لەوەی دیموکراتەکان لە ئەنجومەنی نوێنەران ببنە زۆرینە بەڵام زۆرینەی (ئەنجومەنی پیران) بەدەست کۆمارییەکانەوە بمێنێتەوە، 

ئەمیش چەند دەرەنجامێکی دەبێت؛
- ئەگەر ئەمە بێتەدی، ئەوا ئەمریکا دەکەوێتە قۆناغێکی جەمسەرگیری و دابەشبوونی نوێ لەنێوان دامەزراوەکاندا.
- هەتنەدی ئەم سیناریۆیە توانای ئەوە دەدات بە دیموکراتەکان کە دەرگای لێکۆڵینەوە بکەنەوە لەبارەی بڕیارەکانی ئیدارەی ترەمپ و خەرجییەکانی ئیدارەکەی و سیاسەتەکانی کۆچبەری و جەنگی ئێران.
- سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران لە دیموکراتەکان دەبێت و ئەمەش بواریان دەداتێ ببابەتی تەشریعات بەپێی سیاسەتی خۆیان پێش بخەن و لەوێوە ڕوبەڕوی پرۆژەکانی ترەمپ ببنەوە.

سیناریۆی سێیەم: دیموکراتەکان لە ئەنجومەنی پیران ببن بە زۆرینە و  کۆمارییەکانیش بەزۆرینە بمێننەوە لە ئەنجومەنی نوێنەران، ئەم سیناریۆیە ئەگەر بێتەدی وەك لێدانی گورزێک دەبێت لە ترەمپ.«لێدانێک بۆ ترەمپ»، ئەم دەرەنجامانەی دەبێت:

- لەبەر ئەوەی ئەنجومەنی پیران دەسەڵاتی پەسەندکردنی وەزیرەکان، باڵیۆزەکان، دادوەرە فیدراڵییەکان و ئەندامانی دادگای باڵای هەیە، ئەمە واتای ێەوەیە ئەم سیناریۆیە دەبێتە گورزێکی دامەزراوەیی و دەستوریی بۆ ڕێگری کردن لە ترەمپ لە دۆسییەی پۆست و پلە و دامەزراندنە باڵاکاندا.
- هاتنەدی ئەم سیناریۆیە بیانوو دەداتە دەست ترەمپ هەمیشە لە هێرشدابێت بۆ سەر ئۆپۆزسیۆن و بە پەکخستنی پۆستە باڵاکان تاوانباریان بکات.

سیناریۆی چوارەم: ئەمە یان پێی دەڵێن سیناریۆی کۆنترۆڵ و هەژموونی  دیموکراتەکان، سیناریۆکە بریتییە لەوەی کە دیموکراتەکان لە هەردوو ئەنجومەنی پیران و ئەنجومەنی نوێنەراندا ببن بە زۆریینە، ئەوکات ئەم دەرەنجامانەی دەبێت؛
- کە ئیتر حیزبی دیموکرات دەسەڵاتی تەواوی دەبێت لە دیاریکردنی کارنامەی یاسایی و سەرۆکایەتی لیژنەکانی کەردوو ئەنجومەنەکەی لادەبێت.

- دیموکراتەکان دەسەڵات و دەرفەتیان دەبێت کەئەو کەسانەی  کە سەرۆك کۆمار کاندیدیان دەکات و پێویستیان بە ڕەزامەندی ئەنجومەنی پیران هەیە، پەکبخەن.
- لە ئەگەری هاتنەدی ئەم سیناریۆیەددا،، لەوانەیە دەرگا بکاتەوە  بۆ دیموکراتەکان بۆ بۆ دۆزینەوەی بنەمای یاسایی بە ئامانجی دەستپێکردنی ڕێکارەکانی لەکارلادانی ترەمپ، هەروەك لە ساڵی ٢٠١٩ کردیان.

- لە ئەگەری هاتنەدی ئەم سیناریۆیەدا، ترەمپیش هەروا بئ دەسەڵات نابێت، بەڵکو  ترەمپ لەڕێگەی مافی ڤیتۆی سەرۆکایەتیەوە یاساکان پەك دەخات و بەمەیش کۆنگڕێس ناتوانێت بڕیار و یاساکان تێپەڕێنێت ئەگەر ترەمپ ڤیتۆیان بکات مەگەر بە زۆرینەی دوولەسەر سێی ئەندامانی هەردوو ئەنجومەنەکە، کە ئەوەیش بۆ دیموجراتەکان زەحمەتە بێتەدی.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP