دواین هەواڵ

ڕێوی و سیاسەت:

‌د.سەردار عەزیز

5 رۆژ پێش ئێستا

لە دونیای ئەفسانەی سیاسی کوردیدا ڕێوی وەک میتافۆری زیرەکی و لێهاتوی و فێڵزانی و بە توانایی دەبینرێت. کاتێک بە کەسێک بڵێن ڕێویە، مانای وەهایە بە توانا و لێهاتوە، یان ئەو شتانە دەزانێت و دەکات کە ئەوانیتر نایزانن و ناتوانن. بەڵام بۆچی ئەم تێڕوانیە نەک هەڵەیە بەڵکو مەترسیدارە.

کورد دەڵێت، ڕێوی دەمی نەدەگەیشتە هەنجیر دەیگوت تاڵە. دیارە ئەمە تەنها پەندێکی کوردی نیە، بەڵکو لە زۆر کەلتوری تریشدا بونی هەیە. لە ئەفسانەکانی ئیزۆپدا ڕێوی حەزی لە ترێیە، بەڵام کاتێک ناتوانێت بیگاتێ، دەڵێت نەگەیوە یان تاڵە. ئەمە بوەتە بنەمای دەربڕینی ترێی نەگەیو یان تاڵ لە زمانی ئینگلیزیدا. دیارە ئیزۆپ یونانیە و نزیکەی پینج شەش سەدەیەک پێش زاینە.

بە کورتی، کاتێک ڕێوی دەمی ناگاتە هەنجیر یان ترێ دەڵێت تاڵە. ئەمە یانی چی؟ ئایا ئەمە جۆرێکە لە زیرەکی یان خۆ گەوجاندن.

ڕێوی خواستێک و ئارەزویەکی هەیە، بەڵام لە واقیعدا بۆی مەیسەر نابێت. کەواتە خواست و واقیع بۆ ڕێوی تەبا نابن. کاتێک ئەمە ڕودەدات ڕێوی چی دەکات، خۆی فریو دەدات، کە دەڵێت، ئەوەی بۆم بە دەست نایەت، گرنگ نیە یان شایستە نیە. بەمە دەڵێین cognitive dissonance. ئەمە ساتێک یان دۆخێکە کاتێک باوەڕ یان خواست لە گەڵ توانا یان واقیع یان ڕاستیدا یەکناگرێتەوە.

لەم ساتەدا، کەسی بە توانا یان زیرەک بە توانا و خواستەکانی خۆیدا دەچێتەوە. بەڵام کەسی ڕێوی یان خۆ فریودەر وێنەیەکی تر یان مانایەکەی تر بە واقیع یان خواستەکەی دەدات، هەتا ڕوبەڕوی سنوری تواناکانی خۆی نەبێتەوە.

بە گشتی ڕێوی کەسێکە کە خاوەن باوەڕ و ئایدەلۆژیایە. بەڵام ژووژوو خاوەن فەلسەفە و زانستە.




Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP