دواین هەواڵ

چیرۆكێكی راستەقینە و پەیامێكی گەورەی سیاسی

‌كارزان گلی

11 کاتژمێر پێش ئێستا

جوان سەیری وێنەی یەكەم و دووەمی ئەم ئافرەتە بكە، چونكە پاشان شۆك دەبیت چیرۆكی ئەم ئافرەتە بخوێنیتەوە و پەیامێكی سیاسیشم بۆ تۆی كورد و خوێنەر هەیە.

ساڵ ١٨٧٦ بوو، بلانچ مۆنییەر، جوانترین ئافرەتی پاریس بوو، لە خانەوادەیەكی ئەرستۆكراتی بوو و لەهیچی كەم نەبوو، تاكە تاوانی ئەوە بوو، عەشقی پارێزەرێكی هەژار بوو.

دایكی رێگەی نەدا هاوسەرگیریی لەگەڵ ئەو پارێزارەدا بكات، گوتی هەژارە و ئەو لەشانی ئێمەدا نییە، بەڵام بلانچ داكۆكی دەكرد و دەیگوت لەو پارێزەرە زیاتر شوو بە كەسی تر ناكەم.

شەوێك لەناكاو بلانچ ون دەبێت و كەس نازانێت لە كوێیە، خەڵك وا دەزانێت رای كردووە و چوونە لای دایكی و دڵنەواییان دایەوە، تەنانەت پرسەیان بۆی دانا، بەوەی هیچی تر نایەتەوە و دایكیشی پێشوازی لە خەڵك كرد.

بەڵام راستییەكەی ئەوە نەبوو بلانچ رایكردبێت، نەخێر ئەو لەژووری سەرەوەی خانووەكەیاندا زیندانی كرابوو.

دوای ٢٥ ساڵ، نامەیەك بەبێ ئەوەی ناوی لەسەر بێت بۆ پۆلیس دەڕوات و دەڵێت لەو خانووەدا بۆنێكی پیس دێت، پۆلیس دەچێتە ناو خانووەكە و بۆ ئەو ژوورە دەڕوات كە پلانچی لێ زیندانی كراوە، چونكە بۆنەكە لەوێوە دێت.

بلانچ كە جوانترین ئافرەتی پاریس بوو، تەنیا ٢٥ كیلۆی لێ مابووەوە و لەناو بۆنی پیسی ژوورێكدا ببوو بە ناشرینترین ئافرەت، ئەو بەبێ ئەوەی رۆژ ببینێت لەناو ژوورێكدا ٢٥ ساڵ چاوەڕێی كردووە و ژیاوە.

پاشان دەركەوت، ئەوەی بلانچی لەو ژوورە بۆ ٢٥ ساڵ زیندانی كردووە، دایكی خۆی بووە، ئەمەش پێمان دەڵێت، هەندێك جار، گەورەترین جانەوەر ئەو كەسەیە كە خۆشەویست و پیرۆزە لامان، بەڵام چاومان كوێرە لەئاست بینینی لایەنە جانەوەرییەكەی.

پەیامە سیاسییەكەی ئەم چیرۆكە راستەقینەیە ئەوەیە: 

ئایە پێت وایە، لەم ساتە مێژووییەدا جانەوەری گەورە لەناو خۆماندا هەیە و نایەڵێت كورد بگات بەكەناری دەوڵەتبوون و نایبینین؟

پێت وایە، ئەوەی ئێمەی كوردی ١٠٠ ساڵە زیندانی كردووە، ئەو جانەوەرەیە كە نزیكی خۆمانە و ئێمە بە باوك و دایكی خۆمانی دەزانین؟

تكایە كۆمێنتی بێمانا و جنێو قبوڵكراو نییە، چونكە مەبەستی من هیچ سەركردەیەكی كورد نییە، ئەوە تۆی هەڵیدەبژێریت جانەوەری نزیكمان كێیە؟

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP