دواین هەواڵ

بۆ حاکم شێخ لەتیف لەنێوان بەنزین و ئاودا ،دووەمیان هەڵبژێرە!

‌عەتا شەمێرانی

05/05/2021

من یاسا ناس نیم، بەڵام مۆنتیسکۆی مەزن لە ڕێگای کتێبەکەیەوە(The Spirit of laws)پیاوەکانی یاسای پێ ئاشناکردووم،ئەو زۆر بەجوانی پێمان ئەڵێت دادوەر کێیەو دادوەر ئیشی چیەو دەبێ چۆنبێت! دادوەری بەڕێز .. ئێوە دادوەرن،دادوەر نابێت خۆی بخزێنێتە نێو ململانێ سیاسیەکانەوە،لە زمانی یاسادا بەئێوە ئەوترێت(دەستی یاسا)ئەرکی ئێوە چەسپاندنی دادە،چەسپاندنی ئاشتی کۆمەڵایەتی و ئاشتی نیشتمانییە!

لە هەرکوێیەك خواری وخێچیەك هەبو،ئێوە دەبێ ڕاستیکەنەوە، لەهەرکوێیەك ئاژاوەو ناکۆکی و دووبەرەکی و ململانێ هەبوو،پێویستە ئێوە نێوەند گیربن، هەوڵی کپکردنەوەی ناکۆکییەکان بدەن،پێویستە هەمیشە ڕۆڵی ئاو بگێڕن، ئاگری دووژمنایەتی بکوژێننەوە. ئێوە دەبێ ببنە گۆچانی دەستی پیرەکان،بۆ نابیناکان ببن بە چاو ،بۆ ئازارو برین ببن بە مەرهەم، پێویستە ئێوە لەجیاتی ڕق و کینە،خۆشەویستی بچێنن، لەبری تۆڵە ئاشتی ببەنە ماڵەکانەوە،پێویستە ئێوە بۆ تاریکی ببن بە مەشخەڵ! بەڵام نوسینەکانی تۆ شتێکی ترمان پێ ئەڵێت،تۆ ڕۆڵی دادوەرێكی ڕاستەقینە نابینیت،،دادوەر نابێت وەك کارەکتەرێکی سیاسی ڕۆڵ ببینێت، پۆستەکانت پڕە لە دڕك و داڵ،نوسینەکانت تژین لە ڕق و کینە ،لە ڕێی نووسینەکانتەوە ئەتەوێ پێمان بڵێیت دەرگا بەڕووی یەکتردا دابخەن، هیوا بخەنە ژێر گڵەوە،پێت خۆشە براکان دەستەنە یەخەی یەکتری!

لە دوایین نوسینتا هانی یەکێتی و گۆڕان و یەکگرتوو دەدەیت،دەرگا بەڕووی نێچیرڤان بارزانیدا دابحەن،بە ڕاستەوخۆ پێیان ئەڵێت عەیبە پێشوازی لەسەرۆك ئەکەن،ئامۆژگاریان ئەکەیت هەوڵەکانی نێچیرڤان لەگۆڕنێن، پێیان ئەڵێیت درزی ناکۆکییەکانتان گەوورەترکەن!! لەپای چی ئەتەوێ یەکێتی وپارتی وگۆڕان خوێن لەکاسەی سەری یەکتردا بخۆنەوە؟! بۆچی ئەتەوێ ڕق بچێنیت؟! ئەوە کەی ئیشی تۆیە جەنابی دادوەر ؟!! ئەگەر قسەی باش نازانیت، قسەی خراپیش مەکە!!

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP